
بە ڕێگەخۆشکردن بۆ پەلهاویشتنی ئێران و خستنەپێشی سەرۆک وەزیرانێکی گەندەڵ بەسەر جەماوەردا، زەیدی عێراقییەکان نائومێد دەکات، ئەمە بابەتێکی نوێی مایکڵ ڕۆبن، نوسەر و توێژەری ئەمریکییە لەبارەی دۆخی ئێستای عێراق:
هەڵبژاردنەکان لە عێراقدا ڕاستەقینەن. ڕەنگە عێراق تاکە وڵاتی عەرەبی بێت کە تێیدا هیچ کەسێک—چ سیاسەتمەداران و چ هاووڵاتییانی ئاسایی—کاتێک دەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان، هیچ بیرۆکەیەکیان نییە کێ دەبێتە سەرۆک وەزیرانی نوێ. لەگەڵ ئەوەشدا، دەستنیشانکردنی سەرۆکی حکومەت پرۆسەیەکە کە چەندین مانگ دانوستانی نێوان پارتە سیاسییەکانی عێراق و سەركردە تەقلیدییە زۆرجار هەڵنەبژێردراوەکان لەخۆدەگرێت.
نزیکەی شەش مانگ بەسەر ئەو کاتەی چوارچێوەی هەماهەنگی—کە هاوپەیمانییەکی سیاسی شیعەیە و زۆرترین دەنگی بەدەستهێناوە— تێپەڕیوە، ، عەلی زەیدیی وەک کاندیدی سازان دەستنیشان کرد. هەر ئەو ئێوارەیە و کەمێک پێش کۆتاییهاتنی وادە دەستوورییەکە، نزار ئامێدی، سەرۆک کۆماری عێراق، ناوبراوی بۆ پێکهێنانی حکومەت ڕاسپارد.
کاتێک هێزەکانی ئەمریکا ئۆپەراسیۆنی شۆک و تۆقاندن-یان کردە سەر بەغدا و کۆتاییان بە دەسەڵاتی چارەکە سەدەیەکی سەدام حوسێن هێنا، زەیدی تەمەنی تەنها 16 ساڵ بوو. 52٪ عێراقییەکان دوای ڕووخانی سەدام لەدایک بوون و زۆرێکی دیکەش، هاوشێوەی زەیدی، لەژێر سایەی سیستەمە نوێیەکەدا پێگەیشتن. زەیدی زیرەک بوو، پەیوەندیی سیاسیی بنیات نا، مانۆڕی باشی دەکرد و یاریی پشکپشکێنەی و تۆڕی بەرژەوەندییەکانی بەباشی دەزانی. سەرەڕای هەندێک بەرەوپێشچوونی ئەم دواییانەش، عێراق هێشتا لە ڕیزی گەندەڵترین وڵاتانی جیهاندا ماوەتەوە.
هەروەک چۆن هەندێک لە سەرمایەدارانی عەرەبی سوننە لە سەردەمی سەدامدا دەوڵەمەند بوون و زۆرێک لە بازرگانانی کوردیش بژێوی و گرێبەستەکانیان قەرزاری پاڵپشتی و چاودێریی مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانن، بە هەمان شێوە زەیدی یەکێک بوو لە سەرکەوتووترین دەوڵەمەندە تازەپێگەیشتووەکانی ناو ماڵی شیعە.
ئەو خاوەن و سەرۆکی گرووپی ئەلعوێس بوو، کە لە 15 کۆمپانیا پێکهاتووە، هاوکات بەڵێندەری پرۆگرامی دابینکردنی خۆراک بوو بۆ سیستەمی پسووڵەی خۆراکی دەوڵەت (بایەعی) و خزمەتگوزارییە خۆراکییەکانی سوپای عێراق. زۆرێک لە ئەندامانی پەرلەمان ئەم گرووپە و بانکی ئیسلامیی ئەلجنووبیان—کە زەیدی لە ساڵی 2016دایمەزراندبوو—بە گەندەڵی تۆمەتبار کرد. هەروەها زەیدی سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێڕیی کۆمپانیای نیشتمانیی هۆڵدینگ بوو کە لە ساڵی 2017 دامەزرا و لە بوارەکانی کشتوکاڵ، خانووبەرە، بانکداری، تەکنەلۆژیای زانیاری، میدیا، لۆجستی و وزەی خۆردا وەبەرهێنانی هەیە، جگە لە هەبوونی پشک و بەرژەوەندی لە هایپەرمارکێتەکانی تەعاون و خزمەتگوزارییە نەوتییەکاندا. ناوبراو سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی ئەمیندارانی زانکۆی ئەلشەعب و پەیمانگای پزیشکیی عەشتار-یشی دەکرد.
ئەو گریمانەیەی لە پشت دەستنیشانکردنی زەیدییەوە بوو، ئەوە بوو کە دەتوانێت دەموچاوێکی نوێ و ڕێبازێکی کرداریتر بهێنێتە ناو سیاسەتی عێراقەوە. کۆشکی سپی لەبەر دوو هۆکار پشتگیریی لێ کرد: یەکەم، ئەو نوری مالیکی نەبوو—ئەو سەرۆک وەزیرانە گەندەڵ و تایفەگەرەی پێشووتر کە چەندین جار لەپێناو قازانجی کەسیدا سەروەریی عێراقی بە ئێران فرۆشت؛ دووەمیش، زەیدی بەڵێنی دا هەنگاوی جیدی بنێت بۆ چەکداماڵینی میلیشیاکانی سەر بە ئێران. ئەمەش پابەندبوونێک بوو کە زەیدی لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی کۆشکی سپیدا لەگەڵ سەرۆک دۆناڵد ترەمپ دووپاتی کردەوە و ڕایگەیاند: هیچ پێویستییەک بۆ مانەوەی هیچ گرووپێکی چەکدار لەئارادا نییە… هەرگیز قبووڵی ناکەین هیچ لایەنێک لە دەرەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەت چەک هەڵبگرێت.
بەڵام ئەوە تەنها خەیاڵپڵاوی و خۆشباوەڕی بوو. ڕەنگە زەیدی لە کۆبوونەوە ناوخۆییەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیدا بژاردەی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی پێشوو بووبێت، بەڵام لە ڕاستیدا زەیدی هەم هەڵکشانی سیاسی و هەم سامانەکەشی قەرزاری مالیکی بوو. هاوشێوەی ئەوانەی پێش خۆی، زەیدی ئەو قسانەی بە سەرۆکی ئەمریکا گوت کە حەزی لە بیستنیان بوو، پاشان پێچەوانەکەی ئەنجام دا. هەروەها یاداشتی لێکتێگەیشتنی ترەمپ لەگەڵ ئێران گوشارەکانی سەر زەیدیی کەم کردەوە و بڕوای لای مالیکی و سەرکردەی گرووپە بریکارەکانی دیکەی سەر بە ئێران—وەک هادی عامری، قەیس خەزعەلی و قوباد تاڵەبانی—دروست کرد کە دەتوانن بەرگەی گوشارەکانی ئەمریکا بگرن و تێیپەڕێنن.
زەیدی نەک هەر پشتی لە بەڵێنەکانی خۆی کرد بۆ جڵەوکردنی ڕێکخراوی بەدر، کەتائیبی حیزبوڵڵا و عەسائیبی ئەهلی حەق، بەڵکو نووسینگەکەی بە شێوەیەکی بەرچاو هەوڵی داوە هاوکاریی پەلهاویشتن و نفوزە نوێیەکانی ئێران بکات.
مەترسییەکە تەنها لە بێتوانایی زەیدی یان فێڵ و چەواشەکارییە بەئەنقەستەکانیدا نییە، هەروەها تەنها لە زیادبوونی هەژموونی ئێرانیشدا لە بەغدا کورت نابێتەوە؛ بەڵکو ئامادەیی زەیدی بۆ خۆفرۆشتن و هەرزانفرۆشکردنی خۆی لەپێناو مالیکیدا، ئێستا تەواوی عێراقی خستووەتە مەترسییەوە.
لە هاوینی 2018دا، دوای ئەوەی پیسبوونی ئاوی خواردنەوە 100 هەزار کەسی ڕەوانەی نەخۆشخانە کرد و هەزارانی دیکەشی تووشی نەخۆشی کرد، شەپۆلی خۆپیشاندان لە بەسرە تەقییەوە. لە کاتێکدا زۆرێک لە ئەمریکییەکان بە شێوەیەکی سادە و کاریکاتێری شیعەکان وەک بریکاری ئێران وێنا دەکەن، لە ڕاستیدا زۆرێک لە شیعەکانی عێراق قین و بێزارییەکی قووڵیان بەرامبەر ئێران هەیە؛ هەر بۆیە خۆپیشاندانەکان گەیشتنە لووتکە و بە سووتاندنی کونسوڵخانەی ئێران کۆتاییان هات.
کاردانەوەکە دڕندانە بوو. هێزە ئەمنییەکانی سەر بە ئێران بە فیشەکی زیندوو تەقەیان لە خۆپیشاندەران دەکرد و عادل عەبدولمەهدی هێڵی ئینتەرنێتی بڕی. میلیشیاکان چالاکوانانیان ڕفاند. بەپێی ڕاپۆرتەکان، قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێرانی گەیشتە بەغدا بۆ هاوکاریکردن و سەرپەرشتیکردنی هەڵمەتی سەرکوتکردنەکان. خۆپیشاندەران هێرشیان کردە سەر کونسوڵخانەکانی ئێران لە کەربەلا و نەجەف. لە 28ی تشرینی دووەمدا، هێزە ئەمنییەکان دەیان خۆپیشاندەریان لە ناسریە دایە بەر دەستڕێژی گوللە و کوشتیانن. ڕۆژی دواتر، گوتاری هەینیی مەرجەعی باڵا عەلی سیستانی داوای لە پەرلەمان کرد چاو بە پشتگیرییەکانی بۆ حکومەتدا بخشێنێتەوە، بەوهۆیەشەوە عەبدولمەهدی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی ڕاگەیاند، هەرچەندە تا مانگی ئایاری 2020 لە پۆستەکەیدا مایەوە، کاتێک مستەفا کازمی—چالاکوانی پێشووی کۆمەڵگەی مەدەنی کە ببووە سەرۆکی دەزگای هەواڵگری—پۆستی سەرۆک وەزیرانی وەرگرت.
کازمی چالاکوانانی نائومێد کرد. کەسایەتییەکی بێ کاریزما بوو، نووسینگەکەی تێوەگلابوو لە گەندەڵی و لە بەرامبەر بێدەنگی و هێورکردنەوەی دۆخەکەدا دەرگای بۆ ئێران خستە سەرپشت. ناوبراو چاکسازییەکی ئەوتۆی ئەنجام نەدا. ئێستاش زەیدی بە پێشخستنی مالیکی لەسەر حیسابی جەماوەر، بە هەمان شێوە خەریکە عێراقییەکان نائومێد دەکات. مەترسییەکە لەوەدایە کە خۆپیشاندەرانی عێراق دوای ئەوەی جارێک بە بەڵێنی چاکسازیی قایل بوون، جارێکی دیکە ناخەڵەتێنرێنەوە. ئەگەر بزووتنەوەیەکی نوێی هاوشێوەی تشرین سەرهەڵبداتەوە، خۆپیشاندەران تەواوی سیستەم و چینی دەسەڵاتدار دەکەنە ئامانج، کە ڕەنگە مەترسیی هەرەسهێنانی عێراق و دەستوەردانی وڵاتانی دراوسێی لێ بکەوێتەوە.
لە بنەڕەتدا، دۆخەکە دەبێتە گەردەلوولێکی ئاگرین. ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا ترەمپ هەروا دەستەوەستان دادەنیشێت لە کاتێکدا زەیدی درۆی لەگەڵ دەکات و خەریکی قازانجکردنە لە فرۆشتنی بەنزین بەوانەی ئاگرەکە خۆش دەکەن؟





