
بەگوێرەی ڕەشنووسی بودجەی ساڵی 2027ی عێراق کە وێنەیەکی دەست کورد مۆنیتەر کەوتووە، کۆمەڵێک پێشنیاز بۆ زیادکردنی داهاتی عێراق کراوە، کە هەندێکیان لە عێراقدا نوێیە و پێشتر بوونیان نەبووە.
لە ڕەشنووسەکەدا بەهای یەک دۆلار بەرامبەر هەزار و 500 دینار جێگیرکراوە، کۆی گشتی بودجەکە 217 ترلیۆن دینارە و کورتهێنانەکەی 42 ترلیۆن دینارە، نرخی بەرمیلێک نەوت بە 58 دۆلار دیاریکراوە.
لە بودجەکەدا پشکی هەرێمی کوردستان بە 12.67%ی بنەمای “ئەنفاقی فیعلی”ی عێراق هەژمار دەکرێت نەک کۆی بودجەی خەمڵێنراو، واتا سەرەتا وەزارەتی دارایی عێراق خەرجییە سیادییەکان (وەک قەرزە دەرەکییەکان، بەرگری، کۆمپانیا نەوتییەکان) و خەرجییە حاکیمەکان (وەک کۆبۆنی خۆراک و دەرمان) لە کۆی خەرجییە ڕاستەقینەکان دەردەکات، پاشان ڕێژەی هەرێمی کوردستان لەو پارەیە دەردەهێنێت کە بە فیعلی بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق خەرج کراوە.
حکومەتی هەرێم پێی وایە بەکارهێنانی ئەم دەستەواژەیە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی شایستە داراییەکانی هەرێم، چونکە ئەگەر وەزارەتەکانی عێراق بودجەی وەبەرهێنانی خۆیان بە تەواوی خەرج نەکەن، ئەوا پشکی هەرێمیش بە هەمان ڕێژە کەمدەبێتەوە، هەر بۆیە لە دانوستانەکانی بودجەدا داوای لابردنی دەکات.
هەر لە ڕەشنووسی بودجەکەدا هەرێمی کوردستان پابەند کراوە بەوەی پاکتاوی ئەو داهاتە بکات کە لە فرۆشتنی نەوت لەنێوان ساڵانی 2004 بۆ 2026 دەستیکەوتووە، هاوکات هەرێمی کوردستان پابەندکراوە بە ڕادەستکردنی 445 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بەوەزارەتی نەوتی عێراق.
هەر بەگوێرەی ڕەشنوسەکە، پێشنیازی دروستکردنی “سندوقی نەوەکان” کراوە لەگەڵ دروستکردنی “سندوقی پڕچەککردن” کە بۆ ئەوەی دووەمیان ڕێژەی 0.5% لە کۆی مووچە و دەرماڵەی کارمەندانی هێزە ئەمنیەکان بۆ سندوقەکە ببڕدرێت.
بۆ یەکەمجار لە مێژووی بودجەکانی عێراقدا باج لەسەر کۆمەڵێک سێکتەر دانراوە، کە پێشتر باجیان نەبووە بۆ نمونە: ئەو کەسانەی لە ماڵەوە کاری خۆیان بە ئۆنڵاین هەیە، هۆڵی لەشجوانی، پزیشکەکانی جوانکاریی، یانە شەوانەکان.
هەروەها سەپاندنی ڕێژەی 10%ی باج بەسەر کارتی ئینتەرنێت و مۆبایل دا.





