
عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، قاسم عەبودی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەی ڕەوانەی تاران کرد؛ ئەمەش دوای ئەوەی بەغدا بە هۆکاری ئەمنی زۆربەی دەروازە وشکانییەکانی لەگەڵ ئێران داخست، ئێران دژی ئەو بڕیارەیە و پێیوایە بەغدا کەوتوەتە ژێر فشاری واشنتۆنەوە بۆ خنکاندنی ئابووریی تاران، بەڵام ئێران لە بۆردومانکردنی هەرێمی کوردستان نەوەستاوە؛ لەلایەک بۆردوومان دەکات و لەلایەک هاوسۆزە.
گفتوگۆ لەگەڵ تاران و هۆشدارییەکی ئێرانی: سەرچاوەیەکی بەرپرس بە ڕۆژنامەی «شەرقولئەوسەت»ی ڕاگەیاندووە، سەردانەکەی عەبودی بە ئامانجی بەدواداچوونە بۆ ڕێکارەکانی داخستنی دەروازەکان و ئاڵوگۆڕکردنی بیروڕا سەبارەت پێیان، هەروەها تاوتوێکردنی دۆسیەی بەقاچاخبردنی نەوت و ڕێکارە سنوورییەکان، شانبەشانی دڵنیاییدان بە تاران لە بارەی هەنگاوەکانی عێراقەوە.
لە بەرامبەردا، محەمەد موخبیر، ڕاوێژکار و یاریدەدەری موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری ئێران، داوای لە بەغدا کرد لە دۆسیەی سنوورەکاندا وریا بێت و هۆشداریشی دا لە گۆڕینی عێراق بۆ «ئامرازێک» بە مەبەستی جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا.
ئەمەش هاوکات بوو لەگەڵ ڕاگەیاندنی پشتیوانیی ترەمپ بۆ هەوڵەکانی زەیدی لە پێناو ڕاگرتنی بەقاچاخبردنی نەوت، کۆتاییهێنان بە گەندەڵی و کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا.
گفتوگۆکانی بەغدا و ڕێکخستنێکی جیاواز:️ سەرچاوەیەکی فەرمیی عێراقی بە «شەرقولئەوسەت»ی وتووە، گفتوگۆی نیشتمانیی چاوەڕوانکراوی ڕۆژی سێشەممە، هەر چوار سەرۆکایەتییەکە و نوێنەرانی هەرێمی کوردستان کۆدەکاتەوە، بە ڕێکخستن و شێوازێک کە جیاوازە لە کۆبوونەوەکانی پێشوو کە لەسەر بنەمای پشکپشکێنە (موحاسەسە) بەڕێوە دەچوون.
ڕوونیشی کردەوە کە ناکۆکییە دەستوورییەکان ڕەنگە پێویستیان بە گفتوگۆی جیاواز و لیژنەی لاوەکی هەبێت، و بە ئەگەرێکی زۆری زانی کۆبوونەوەکە بگاتە نەخشەڕێگایەک بە وادەی کاتیی دیاریکراوەوە، کە دەسەڵاتی دادوەری بە بەشداریی هێزە سیاسییەکان بەدواداچوونی بۆ بکات.
سیاسەتمەدارێکی عێراقی و پەرلەمانتارێکی پێشوو کە قسەی بۆ «شەرقولئەوسەت» کردووە، پێی وایە پشتیوانیی ئەمریکا بۆ زەیدی، پانتایی مانۆڕکردن لە بەردەم حکومەتی هەرێمدا بەرتەسک دەکاتەوە، هەروەها لێکتێگەیشتن سەبارەت بە بودجە، سەرەتا پێویستی بە یەکخستنی هەڵوێستی کورد هەیە.
پشتیوانیی ئەمریکی و فشاری ناوخۆیی: وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پشتیوانیی خۆی بۆ ڕێکارەکانی زەیدی ڕاگەیاند و داوای کرد ناکۆکییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر لە ڕێگەی گفتوگۆ و بە پێی دەستوور چارەسەر بکرێن.
ئیحسان شەمەری، سەرۆکی ناوەندی هزری سیاسی، بە «شەرقولئەوسەت»ی ڕاگەیاندووە کە واشنتن هەوڵ دەدات بۆچوونەکان لێک نزیک بکاتەوە و گەرەنتی بداتە کورد، نەک لایەنگریی تەواوەتیی بەغدا بکات؛ ئاماژەی بەوەش دا کە واشنتن پاڵ بە هەرێمەوە دەنێت بۆ پەسەندکردنی دەسەڵاتەکانی حکوومەتی فیدراڵی، هاوکات لەگەڵ خۆبەدوورگرتن لە تەقینەوەی ناکۆکییەکان.
لە پێشهاتێکی هاوتەریبیشدا، موقتەدا سەدر داوای لە لایەنگرانی کرد نوێژێکی هەینیی یەکگرتوو لە گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا ئەنجام بدەن، و داوای بەرەنگاربوونەوەی بەقاچاخبردنی نەوت و گەندەڵیی کرد.
ئێران تا هەفتەی ڕابردووش بەردەوام بوو لە بۆردوومانکردنی هەرێمی کوردستان، ئەوەش بە پاساوی بوونی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر خاکی هەرێم، بەڵام دوای داخستنی بەشێک لە مەرزە سنورییەکانی ئێران لەگەڵ هەرێمی کوردستان، تاران ناڕازییە و پێیوایە، بڕیارەکە لەژێر فشاری ئیدارەی ترەمپدایە و پەیوەندیی بە ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵیی نییە.





