پێگەیەکی ئەڵمانی: 2026 ساڵی پاشەکشەو بێهیوایی کورد بوو لەهەموو پارچەکاندا

ساڵی 2026 ساڵێکی پڕ کێشەو تێکشکان‌و پاشەکشەی سیاسی بوو بۆ کورد لەزێدو قەڵا دێرینەکانی خۆیاندا، تەنانەت لەعێراقیشدا ئێستا کورد ڕووبەڕووی فشاری زیاتر بووەتەوە، ئەوان لەبەردەم دووڕیانێکی چارەنووسسازدان.

پێگەی (DW)ی ئەڵمانی لە راپۆرتێکدا باسی لەوەکردووە، ساڵی 2026 ساڵێکی بێ ئەندازە سەخت بوو بۆ کورد. لە سوریا سیستەمی “خۆبەڕێوەبردن” داڕما، کە لە ساڵی 2012 لە کاتی جەنگی ناوخۆ دامەزرابووا. لەعێراق، لایەنە سەرەکییە کوردییەکان یەکتر لاواز دەکەن، لەکاتێکدا حکومەتی ناوەندی لە بەغدا زیاتر فشار دەخاتە سەر هەرێمی کوردستان. لە تورکیا هەوڵێکی نوێ هەیە بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێ لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، بەڵام کێشە چارەسەرنەکراوەکان هەر ماون، وەک دانپێدانانی کولتووری کوردو مافە سیاسییەکانی وەک کەمینەیەک.

سوریا: کۆتایی “خۆبەڕێوەبردن”ی کورد

کوردەکان لەسوریا لە ساڵی 2026دا تووشی پاشەکشەیەکی بەرچاو بوون، دوای شەڕەکانی مانگی یەکی ساڵی 2026، سەرکردایەتی نوێ لە دیمەشق کۆنترۆڵی خۆی بەسەر بەشێکی زۆری باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریادا سەپاند . لە18ی کانونی دووەم ڕێککەوتنێک کرا کە بەمەرجێک هێزەکانی سوریای دیموکرات (کە کورد تیایدا باڵادەست بوون) ناوچەکانیان و ژێرخانە گرنگەکانیان ڕادەستی حکومەتی ناوەندی بکات و چەکدارەکانی بچنە ناو هێزە چەکدارەکانی سوریاوە. ئەمەش بە شێوەیەکی کاریگەر کۆتایی بەئیدارەی خۆسەر وەک پڕۆژەیەکی سیاسی و سەربازی سەربەخۆ هێنا. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە ساڵانێک وەک هاوپەیمانێک لەشەڕی دژی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) پشتیوانی لە هێزەکانی (هەسەدە) کردبوو ، وازی لەکورد هێناو پشتیوانی خۆی گۆڕی بۆ حکومەتی ناوەندی نوێ لەدیمەشق.

داستان جاسم، توێژەری سیاسی لە پەیمانگای گیگا بۆ لێکۆڵینەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە هامبۆرگ دەڵێت “هاوپەیمانییەکانی ڕۆژئاوا لەگەڵ کورد هەمیشە هاوپەیمانییەکی کاتین و بەدەگمەن دەرئەنجامە سیاسییە بەردەوامەکانی دەبێت و کورد هەر لە سەرەتاوە ئاگاداری ئەم ڕاستییە تاڵە بووە. هاوکاری کورد لەگەڵ زلهێزی ئەمریکا، هەرگیز ئەو گەرەنتییە سیاسییە بەردەوامانەی بۆ دابین نەکردوون کە هیوایان بۆ خواستووە”.

بەڵام تۆماس شمیدینگەر، توێژەری سیاسی لە زانکۆی ڤیەنا دەڵێت “ڕەنگە کاریگەری ئەزموونەکانی ڕابردووی خۆبەڕێوەبەری لەناو سوریادا لە هەلومەرجە نوێیەکەدا بەردەوام بێت. ئەم ئەزموونانە بریتین لە بۆ نموونە شارەزایی لە بواری پەروەردە، ڕێکخراوەکانی ژنان، و پێکهاتە ئیدارییە ناوخۆییەکان”.

بەڵام وا دیاره که کۆتاییهاتنی خۆبەڕێوەبەری کورد وه ک قەوارەیەکی نیمچه ده وڵەت کە هێزێکی چەکداری تایبەت بەخۆی هوبوو، داڕمانێکی قووڵ و نائومێدییەکی گەورە بوو بۆ تەواوی نهەوەیەک که لەسایەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیفاکتۆی کورددا گەورە بوون. زۆرێک لەکورد وەک ناوکی دەوڵەتێکی کوردی داهاتوویان لەو ئیدارەیەیان دەڕوانی.

عێراق: حکومەتی هەرێم بەبێ سیاسەتی هاوبەش

تەنانەت کوردەکانی هەرێمی کوردستانیش کە بەهرەمەندن لەسەربەخۆیی دەستووری، ڕووبەڕووی فشاری زیاتر دەبنەوە. جگە لەپەرەسەندنی گوشارەکانی حکومەتی ناوەندی لەبەغدا، ڕکابەرییە کلاسیکییەکەی نێوان هەردوو حزبی سەرەکی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان ، کێشەیەکی تر دەخاتە ڕوو، زیاتر دامودەزگاکانی خۆبەڕێوەبەری لاواز دەکات لەکاتێکی هەستیاردا: دوو ساڵ دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، هێشتا حکومەتی نوێ لەهەرێمی کوردستاندا پێکنەهینراوە. هەردوو لایەن بەپلەی یەکەم سەرنجیان لەسەر بەهێزکردنی دەسەڵات‌و دابینکردنی بەرژەوەندی خۆیانە لەزۆنەکانیان‌و بەدوای هاوپەیمانی ناوچەیی دوو زۆنە جیاوازەکەدا دەگەڕێن.

داستان جاسم دەڵێت “دۆخەکە لەڕادەبەدەر ناسەقامگیرە”. لە کاتێکدا هەرێمێکی فیدراڵی لە دەستووردا چەسپاوە، بەڵام هیچ دامەزراوەیەکی کاریگەر نییە کە توانای جێبەجێکردنی بڕیارەکانی بەشێوەیەکی پابەندکەر هەبێت.

بە هەمان شێوە تۆماس شمیدینگەر، شارەزای کاروباری کورد پێیوایە بەرپرسیارێتی ئەم دۆخە لە ئەستۆی سیاسەتمەدارانی باڵای کوردی عێراقدایە. دەشڵێت “دۆخی ئێستا ناسکە، ئەمەش بە پلەی یەکەم دەگەڕێتەوە بۆ بەرپرسیارێتی نوخبە سیاسییەکان لە هەردوولا یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان”.
دەشڵێت “بەردەوامی چەقبەستوویی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، هەڕەشەی تێکدانی ئەو پێکهاتانە دەکات کە لەماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا پایەکانی هەرێمی کوردستانیان دامەزراندووە”.
بەگوێرەی شیکارییەک کە لە ئۆکتۆبەری 2026 لەلایەن دامەزراوەی بیرکردنەوەی “چاتام هاوس”ی بەریتانیاوە بڵاوکراوەتەوە. ئەم شیکارییە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە بەغداو وڵاتانی دراوسێ دەتوانن سوود لەو دۆخە ناسەقامگیرە وەربگرن.

ڕەنگە ئەم جۆرە پێشهاتانە دەستیان پێکردبێت: ڕۆژی سێشەممە 24ی ئەم مانگە، حکومەتی ناوەندی لە بەغد فەرمانێکی دەرکردو دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان‌و چەند کێڵگەیەکی نەوتی، کە پێشتر لەژێر دەسەڵاتی کورددا بوون، خستە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندییەوە. مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، فەرمانەکەی ڕەتکردەوەو بە “سەرسوڕهێنەر و بە تەواوی قبوڵنەکراو” ناوی برد.

پێدەچێت ئەم پێشهاتە ناکۆکی نێوان بەغداو هەولێر لەسەر هەناردەکردنی نەوت و کۆنترۆڵکردنی خاکی گەورەتر بکات، بەڵام تا ئێستا دیار نییە ئەم پەرەسەندنە تا چەند دەڕوات. بەڵام پێدەچێت زۆرێک لەکوردانی عێراق پێشهاتەکانی سوریا وەک نمونەیەک سەیر بکەن، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەمریکاش کۆتایی بەبوونی سەربازی خۆی لەعێراق هێناوە.

تورکیا: ئاشتی بەبێ یەکسانی سیاسی؟

تورکیا دەتوانێت یەکێک بێت لە سوودمەندە ئەگەرییەکانی پێشهاتە بەردەوامەکانی سوریاو عێراق، بەو پێیەی دەیان ساڵە کاردەکات بۆ ڕێگریکردن لەدامەزراندنی دەوڵەتی کوردی، نەک تەنها لەناو تورکیا بەڵکو لە وڵاتانی دراوسێشدا. لەکاتێکدا ڕەنگە ململانێی دەیان ساڵەی نێوان دەوڵەتی تورکیاو پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دوای ڕاگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە لە مانگی ئایاری 2025و وەستاندنی خەباتی چەکداری کۆتایی پێبێت، بەڵام پێدەچێت گەیشتن بەئاشتییەکی هەمیشەیی لەوێ دوور بێ لەوەی مسۆگەر بکرێت، هەروەک چۆن پێدانی مافی زیاتر بەکەمینەی کورد نادیارە، بە گوتەی داستان جاسم.

ئەو ڕەخنە لەگرنگیدانی پرۆسەی ئاشتەوایی لەسەر چەکداماڵین و لێبوردن دەگرێت، لەکاتێکدا بەتەواوی هۆکارە سیاسییە بنەڕەتییەکانی ململانێکان پشتگوێ دەخرێت. داستان دەڵێت “تا زمانی تورکی بە پێی دەستوور تاکە زمانی فەرمی بمێنێتەوە، تا خوێندن بەزمانی کوردی مومکین نەبێت، دانپێدانان بەزمانی کوردیدا بەند دەبێت بە ئیرادەی حکومەتی تورکیاوە”.

هەروەها پێرڤین کۆشکون، توێژەری سیاسی لەبەرنامەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دامەزراوەی بیرکردنەوەی بەریتانیی چاتام هاوس، دووپاتی دەکاتەوە کە چەکداماڵینی پارتی کرێکارانی کوردستان بە تەنیا بەس نییە. لەشیکارییەکدا کە بۆ پلاتفۆرمی کەلامی چاتام هاوس ئامادەی کردووە، دەڵێت “ئەم پرۆسەیە زیاتر پشتیوانی بەدەستهێناوە لەوەی متمانەی دروستکردبێت، بەبێ گەرەنتی یاسایی و چاکسازی سیاسی، ئاشتییەکی بەردەوامی لێناکەوێتەوە”.

بۆیە ساڵی 2026 هیچ ئومێدێکی بۆ کورد لەتورکیا لەڕووی بەدەستهێنانی زیاتری مافی سیاسی یان تەنانەت کولتوورییەوە نەبوو؛ تەواو بەپێچەوانەوە.

ئێران: کورد تۆمەتبار دەکرێن

هەروەها ژمارەیەکی زۆر لەکوردەکان لە ئێران دەژین کە ژمارەیان زیاتر لە پێنج ملیۆن کەسە.

بەهەمان شێوە ساڵی 2026 هیچ ئومێدێکی بۆ کورد لەئێران پێنەبوو، کە بەشێک لەکوردەکان تۆمەتبار دەکرێن بەهاوکاری لەگەڵ زلهێزە بیانییەکان
‌.
ئەمە جگە لەوەی کە گەیشتن بەئۆتۆنۆمی سیاسی لەهەلومەرجی ئێستادا بۆ کورد لەئێران دەچێتە خانەی خەیاڵەوە.

Back to top button