
سەرچاوەیەکی باڵای سیاسی تایبەت بە کورد مۆنیتەر-ی ڕاگەیاند، ناکۆکییەکی ئاشکرا لە نێو ئیدارەی ئەمریکا و بەدیاریکراوی لە نێوان مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوە و تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمریکا لە ئەنقەرە و نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق دروستبووە، وەک سەرچاوەکەی کورد مۆنیتەر گوتی: ئەم ناکۆکییە لەسەر جیاوازیی هەڵوێستەکانیانە سەبارەت بە ڕەزامەندیی باراک بۆ جووڵەپێکردنی هێزەکانی سوپای عێراق بەرەو هەرێمی کوردستان، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پێیوایە ئەو کارە دەبێتە هۆی هەڵکشانی زیاتری گرژییە بەغدا و هەولێر.
وەک سەرچاوەکەی کورد مۆنیتەر باسیکرد، بەرپرسە باڵاکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دڵنیاییان داوەتە سەرکردایەتی سیاسی کورد و جەختیان لەوە کردووەتەوە، واشنتن بە هیچ شێوەیەک قبووڵی ناکات لە ڕێگەی سەربازییەوە مامەڵە لەگەڵ ناکۆکییەکانی بەغدا و هەولێر بکرێت.
ئەو سەرچاوەیە بۆ یەکەمجار پێشنیازێکی ئەمریکییەکانی ئاشکراکرد و گوتی: پێشنیازەکە بریتییە لە ڕادەستکردنی بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بە سێ کۆمپانیا (دوو کۆمپانیای ئەمریکی و کۆمپانیایەکی عەرەبی) لە بری ئەو تیمە تەکنیکییانەی لە بەغداوە دێن.





