سەرکردە شیعەکان؛ لە بانگەشەی دژایەتی گەندەڵیەوە بۆ تۆمەتەکانی سەر خۆیان


  • موقتەدا سەدر داوای نوێژی بەکۆمەڵ دژی گەندەڵیی دەکات، دەیەوێت بە عێراقییەکان بڵێ هێشتا لە گۆڕەپانەکەدا ماوە
  • نوری مالکی داوای جێبەجێکردنی دەستوور و بنەبڕکردنی گەندەڵیی دەکات
  • کورد بە خۆپیشاندان و یەکڕیزیی دەیەوێ ڕێگە لە جوڵەکانی بەغدا بگرێت

عێراق لەکۆتایی ساڵی 2026دایە، ساڵێک کە پڕبوو لە ڕووداوی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئابووریی، سەرکردە سیاسییەکان دەیانەوێت لەمساڵدا کۆتا مانۆڕی سیاسی ئەنجامبدەن، بەرلەوەی بچنە ساڵی نوێوە، دەیانەوێت ئەمساڵ لە یادەوەریی عێراقیەکاندا جێبهێڵن.

موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە، کە دیار نیە ڕەوتەکەی بۆ سیاسەتە یاخود کاروباری ئاینیی، ساڵانێکە لە پڕۆسەی سیاسی عێراق کشاوەتەوە، بەڵام هێشتا یەکێک لە پۆستە گرنگەکانی عێراقی لەدەستدایە ئەویش ئەمینداری ئەنجومەنی وەزیرانە و بەهۆی پشک پشکێنەوە وەریگرتووە و حەمید نەعیم لە پۆستەکەدایە.

سەدر داوایکردووە هەینی داهاتوو نوێژی بە کۆمەڵ بۆ دژایەتی گەندەڵیی بەڕێوەبچێت، لەکاتێکدا نەیارانی سەدر تۆمەتباری دەکەن بەوەی لە ڕێگەی سیستەمی پشکپشکێنەوە بۆ ماوەیەکی درێژ کۆنترۆڵی چەندین وەزارەتی گرنگ و پڕداهاتیان کردووە (وەک تەندروستی، کارەبا، گواستنەوە و شارەوانییەکان) و سەدان پۆستی بەڕێوەبەری گشتی و بریکاری وەزیریان بۆ لایەنگرانی خۆیان قۆرخ کردووە، کە رکابەرەکانی بە «دەوڵەتی قووڵی سەدری» ناوی دەبەن.

هەندێک سەرچاوەی سیاسی و ڕۆژنامەوانی باس لە بوونی تۆڕی ئابووریی نافەرمی دەکەن کە لە ڕێگەی وەرگرتنی سەرانە، کۆنترۆڵکردنی هەندێک بازاڕ و دەروازە، یان بەکارهێنانی هەژموونی مەیدانیی گرووپە چەکدارەکانیانەوە داهاتیان بۆ ڕەوتەکە کۆکردووەتەوە.

نوری مالکی، سەرۆکی دەوڵەتی یاسا و یەکێک لە کاریگەرترین سیاسییەکانی عێراق لە ڕۆژانی ڕابردوودا داوای جێبەجێکردنی دەستوور و نەهێشتنی گەندەڵی لە عێراق کرد، بەڵام مالکی ساڵانێکە لەلایەن نەیارەکانیەوە بە تۆمەتی جیاواز تۆمەتبار دەکرێت.

لە ماوەی هەشت ساڵی سەرۆکایەتیی حکوومەتەکەی مالکیدا کە هاوکات بوو لەگەڵ بەرزبوونەوەی بێپێشینەی داهاتی نەوتی عێراق، لیژنەکانی دەستپاکی و پەرلەمان ئاماژەیان بە بەهەدەردانی دەیان ملیار دۆلار کرد لە پڕۆژە وەهمییەکاندا. دیارترین نموونەش دۆسیەی «سەربازە بندیوارەکان» بوو لە سوپای عێراقدا، کە تێیدا مووچەی دەیان هەزار سەربازی خەیاڵی بۆ بەرپرسە سەربازی و حزبییەکان دەچوو.

گەندەڵی لە گرێبەستەکانی چەک و کەرتی کارەبادا: بە پێی ڕاپۆرتەکانی پەرلەمان و میدیا جیهانییەکان، گرێبەستە گەورەکانی کڕینی چەک (وەک گرێبەستە سەربازییەکان و کڕینی ئامێرە ساختەکانی پشکنینی تەقەمەنی) و وەبەرهێنان لە کەرتی کارەبادا لە سەردەمی مالکیدا ڕووبەڕووی گەورەترین تۆمەتی گەندەڵی و گرێبەستی وەهمی بوونەتەوە، بەبێ ئەوەی خزمەتگوزارییەکان چاک ببن.

قۆرخکردنی دەسەڵات و دامەزراوە ئەمنی و دادوەرییەکان: نەیارانی سیاسی، مالکی بە «تاکڕەوی» و قۆرخکردنی دەسەڵات تۆمەتبار دەکەن. بە وتەی ئەوان، مالکی بە شێوەیەکی هاوتەریب پۆستەکانی سەرۆکوەزیران، وەزیری بەرگری، وەزیری ناوخۆ و دەزگای هەواڵگریی بە وەکالەت بەڕێوە دەبرد، نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی کردبووە سەنتەری بڕیاری تاکلایەنە و تۆمەتبار دەکرا بە بەکارهێنانی دەسەڵاتی دادوەری بۆ دوورخستنەوەی نەیارە سیاسییەکانی.

بەرپرسیارێتی لە کەوتنی مووسڵ: لە ساڵی 2015دا، لیژنەی لێکۆڵینەوەی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە کەوتنی شاری مووسڵ بە دەستی ڕێکخراوی داعش لە حوزەیرانی 2014دا، ناوی نوری مالکی و ژمارەیەک فەرماندەی سەربازیی نزیک لە ئەو خستە سەرووی لیستی تۆمەتبارانەوە بە هۆی خراپیی بەڕێوەبردن، گەندەڵیی ناو دامەزراوەی سەربازی و قۆرخکردنی پلە سەربازییەکان لەسەر بنەمای دڵسۆزیی حزبی نەک لێهاتوویی.

عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی ئێستای عێراق کە بانگەشەی ئەوە دەکات خودا بۆ ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی ناردوویەتی، ماوەیەک بەر لە ئێستا کاتێک گرژییەکانی لەگەڵ حزبولڵای عێراقی ڕووی لە هەڵکشان کرد، حزبوڵڵا پرسیاری ئەوەی کرد ئەو 14 ترلیۆن دینارە چۆن پەیدا کردووە و بووەتە خاوەنی؟

ئەو دوو بابەتەی زەیدی پێ تۆمەتبار دەکرێت:

  • دۆسیەی کۆبۆنی خۆراک: سیستەمی کۆبۆنی خۆراک کە لە ڕێگەی وەزارەتی بازرگانییەوە بەڕێوە دەبرێت، یەکێکە لە گەورەترین بودجەکانی کڕین و دابینکردن لە عێراقدا. لە ململانێ سیاسییەکاندا، نەیاران بەردەوام باس لە قۆرخکردنی گرێبەستەکانی هاوردەکردنی ماددە خۆراکییەکان، گرانکردنی نرخەکان و دواکەوتنی دابەشکردن دەکەن، و هەوڵ دەدەن بەرپرسانی جێبەجێکار یان بازرگانە نزیکەکان بە سوودمەندبوونی ناڕاستەوخۆ لەو گرێبەستانە تۆمەتبار بکەن.

  • پرسی خواردنی وەزارەتی بەرگری: گرێبەستەکانی دابینکردنی خواردن بۆ یەکە سەربازییەکانی وەزارەتی بەرگری لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە یەکێک بووە لە هەستیارترین دۆسیەکانی گەندەڵی لە عێراقدا. تۆمەتەکانی ئەم بوارە بە شێوەیەکی گشتی پەیوەستن بە قۆرخکردنی گرێبەستە لۆجستییەکان لە لایەن ژمارەیەکی دیاریکراو لە کۆمپانیاکان، بەرزکردنەوەی نرخەکان یان جیاوازیی نێوان ژمارەی سەربازانی ناو گرێبەستەکان و ئەو خواردنەی بە کردەوە دابین دەکرێت؛ نەیارانی سیاسیش هەوڵ دەدەن هەر کەسایەتییەک کە پێشینەی کارگێڕی یان بازرگانیی هەبووبێت، بەم جۆرە گرێبەستانەوە ببەستنەوە.

فایەق زێدان، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی عێراق و یەکێکی دیکە لە سەرکردە کاریگەرەکانی گۆڕەپانی سیاسی، هاوشێوەی سەرکردەکانی دیکە دەستی بە هەوڵەکانی بۆ ئەنجامدانی مانۆڕی یاسایی کردووە.

زێدان ماوەیەک دروشمی “هەموارکردنەوەی دەستووری عێراق”ی بەرزکردووەتەوە، بێ ئەوەی ڕوونیبکاتەوە کام ماددانەی دەستوورن کە پێیوایە بۆ عێراقی ئەمرۆ کێشەیە. کورد بۆچوونی وایە فایەق زێدان بە هێمنی کاردەکات بۆ گۆڕینی سیستمی سیاسی عێراق لە پەرلەمانیەوە بۆ سەرۆکایەتی، بۆ ئەوەش دەیەوێت ئەمریکییەکان قایل بکات کە سەرۆکایەتی گونجاوترین سیستمی سیاسییە بۆ عێراق.

فایەق زێدان بانگهێشتی سەرکردایەتی سیاسی کوردی کردووە بۆ ئەوەی ڕۆژی سێشەممە لەبەغدا بڕیاری یەکلاکەرەوە لەبارەی کێشەکان بدەن، بەڵام شارەزایان دەڵێن: زێدان دەمێکە نەخشە ڕێگەکەی داڕشتووە و عەلی زەیدی تەنها جێبەجێکارەکەیە.

Back to top button