
ڕۆژی هەینی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پشتیوانیی خۆی بۆ هەوڵەکانی عێراق دەربڕی لەپێناو سەپاندنی کۆنترۆڵ بەسەر سامانی نەوت و چەک؛ ئەمەش هەنگاوێکە کە هاوهەڵوێستیی واشنتن لەگەڵ بەغدا پتەوتر دەکات، لە کاتێکدا حکومەتی عێراق لەنێوان ململانێکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە وڵاتەکەدا دەستوپەنجە نەرم دەکات.
ترەمپ ڕۆژی هەینی لە پلاتفۆرمی «تروس سۆشیاڵ» نووسیویەتی: «ئێمە پشتگیری لە هەوڵەکانی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەین بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت لە سەرانسەری عێراقدا، ڕاگرتنی بەقاچاخبردنی نەوتی عێراق، کۆتاییهێنان بە گەندەڵی و هێنانەوەی هەموو چەکەکان بۆ ژێر کۆنترۆڵی ڕەهای دەوڵەت.»
هەروەها نووسیویەتی: «ئێمە پشتیوانی لە هەوڵەکانی سەرۆکوەزیران زەیدی دەکەین بۆ بنیاتنانی عێراقێکی یەکگرتوو، خۆشگوزەران و بەهێز کە خۆی بڕیارە سیاسییەکانی خۆی بدات.»
زەیدی کە بازرگانێکی عێراقیی تەمەن 41 ساڵە، لە مانگی ئایار و لە گەرمەی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێراندا دەسەڵاتی گرتە دەست. ئەو دەستبەجێ هەڵمەتێکی توندی دژەگەندەڵیی دەستپێکرد کە ئامانجی کۆکردنەوەی هەردوو کەرتی نەوت و چەکی وڵاتەکە بوو لەژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتدا، ئەمەش لە کاتێکدا بوو کە میلیشیاکانی سەر بە ئێران هێرشیان دەکردەسەر لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا.
ئەم سەرکردە عێراقییە لەلایەن تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ عێراقەوە پشتگیریی لێ دەکرێت، کە کەسێکی نزیکە لە ترەمپ و بە کەسایەتییەکی خاوەن کاریگەری لە داڕشتنی سیاسەتی ناوچەیی ئەمریکادا دادەنرێت.
حەمدی مالیک، توێژەری هاوبەش لە پەیمانگای واشنتن و دامەزرێنەری عێراق مۆنیتەر، بە تۆڕی هەواڵیی سی ئێن ئێن-ی ڕاگەیاندووە: «زەیدی پەیوەندییەکی یەکجار بەهێزی لەگەڵ تۆم باراک دروست کردووە، کە گوێی سەرۆکی بەدەستە و قسەی لای سەرۆک دەڕوات.»
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی هاوبەش، لە مانگی حوزەیراندا زەیدی «پابەندبوونی عێراقی بە قووڵکردنەوەی پەیوەندییە بازرگانی و وەبەرهێنانەکان» لەنێوان عێراق و ئەمریکادا دووپات کردەوە، هەروەها ڕەزامەندیی نیشان دا لەسەر ڕێگەدان بە کۆمپانیا نەوتییەکانی ئەمریکا بۆ دەستپێکردنەوەی کارەکانیان «بە گەرەنتیی ئەمنیی تەواوەوە».
مانگێک دوای ئەوە، ترەمپ لە کۆشکی سپی پێشوازیی لە زەیدی کرد و لەوێ بە «جەنگاوەرێکی مەزن» و «هەوادارێکی گەورەی ئەمریکا» وەسفی کرد.
پۆستەکەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە گرژییەکان لەگەڵ هەرێمی نیمچەسەربەخۆی کوردستان ڕوو لە هەڵکشانن.
ڕۆژی هەینی، میدیا فەرمییەکانی عێراق بڵاویان کردەوە کە حکومەتی عێراق ڕایگەیاندووە هەناردەکردنی نەوتی خاو لە دەرەوەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی دەوڵەت (سۆمۆ) بە «قاچاخ» هەژمار دەکرێت، چونکە داهاتەکەی ناچێتە ناو گەنجینەی دەوڵەتەوە.
حەیدەر عەبودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق ڕایگەیاند، دەسەڵاتدارانی عێراق دەخەمڵێنن کە هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە لەنێوان ساڵانی 2008 بۆ 2025 بووەتە هۆی لەدەستدانی زیاتر لە 100 ملیار دۆلار لە داهاتی بەغدا.
هەرێمی کوردستان، کە بە کوردستانی عێراقیش ناسراوە، دەوڵەمەندە بە نەوت. ئەم هەرێمە لەمێژە خەون بە مافی چارەی خۆنووسینەوە دەبینێت و چەندین ساڵە لەسەر پرسی نەوت و بازرگانی لەگەڵ بەغدادا لە ناکۆکیدایە.
ڕۆژی پێنجشەممە، بەغدا فەرمانی دا بە داخستنی سەرجەم دەروازە سنوورییە «نافەرمییەکان»، لەنێویاندا دەروازەکانی لەگەڵ سووریا و ئێران، کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەڕێوە دەبران.
دوای ئەوەی ڕۆژی پێنجشەممە خۆپیشاندان دژی ئەو هەنگاوانە سەری هەڵدا کە سەرکردە کوردەکان وەک پێشێلکردنی مافەکانی هەرێم لەلایەن بەغداوە دەیبینن، گرژییەکانی نێوان بەغدا و کوردستانی عێراق زیاتر پەرەیان سەند.
هەروەها پۆستەکەی ترەمپ گورزێکی لە گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە عێراق وەشاند، کە هێشتا چەکەکانیان نەخستووەتە ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتەوە. هەفتەی ڕابردوو پێکدادان لەنێوان هێزەکانی دەوڵەت و گرووپی چەکداری «کەتیبەکانی حیزبوڵڵا» کە خاوەنی چەکی قورسن ڕوویدا، ئەمەش دوای ئەوەی هێزە عێراقییەکان بەرەو شارۆچکەی جەرف ئەلسەخەر—کە پێگەی سەرەکیی ئەو گرووپە و یەکێکە لە خاڵە سەرەکییەکانی هەڵمەتە فراوانەکەی سەرۆکوەزیران زەیدی دژی گەندەڵی—جووڵەیان پێکرا.
حەمدی مالیک ئاماژەی بەوەش کرد کە پۆستەکەی ترەمپ شێوازێکی نائاساییە لە سیاسەتکردندا، کە تێیدا ئەمریکا هەڵوێستی خۆی بە «ڕوونی» بۆ عێراقییەکان و کوردەکان دەخاتە ڕوو.





