لە ناوچەی خۆسەرەوە بەرەو هەرێمی کوردستان

ناوچەی خۆسەرو هەرێمی کوردستان دو ئەزمونی حوکمرانی بون، کە کورد سەرپەرشتی کردون و لەهەرێمیشدا دەیکات، ئاماژەن بۆ دو دیدی جیاوازیش لەنێوماڵی کوردیدا، دیدێك کاری بۆ نەتەوەی دیموکرات کردوەو مەسەلە نەتەوەییە کوردییەکەی ملکەچی پێویستیەکانی ئەوکردوە، کەلە ناوچەی خۆسەری باکورو رۆژهەڵاتی سوریادا بەرجەستە دەبو، دیدێکیش لەروانگەیەکی نەتەوەییەوە( بەدەرلەوەی تاچەند خەمڵیوە) لەیەیوەندییەکانی خۆی بە ئەوی دی نەتەوەیی و بەغدای روانیوە و کاری بۆ ئەوە کردوە، لەسەربناغەی جوگرافیی نەتەوەیی، کورد لەچوار چێوەی عێراقدا حوکمرانی خۆی بکات. ئەم دو ئەزمونە بەجیاوازی ئەو دیدە جیاوازانە  لە پشتیانەوە ئامادەبون، دەتوانن گفتوگۆکانمان لە بازنەیەکی تیۆری داخراو دەربهێنن و رەهەندێکی پراکتیکیان پێ ببەخشن ، بواری بەراوردکردنیشمان  بخەنە بەردەست. بەڵام دیارە هیچ کام لەوان بەتەواوی نەخراپن نە باش، هەردوکیان بەئاستی جیاواز باشی وخراپی خۆیان هەیە، بەڵام ئێمە لێرەدا کۆی ئەزمونەکان وردەکارییەکانیان بەیەکتر بەراورد ناکەین، بەڵکو  تەنها قسە لەسەر رەهەندە نەتەوەییەکەو پێکەوە ژیان لەگەڵ ئەوی دی  نەتەوەیی وئاینی و چارەسەرکردنی کێشەی  کورد دەکەین. بەس پێش هەمو شتێك دەبیت ئاماژە بەجیاوازییە بنەرەتیەی نێوانیان بکەین ، کەئەویش ئەوەیە، لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی دانپێدانراوی دەستورییە، ناوچەی خۆسەر دەسەڵاتیکی دیفاکتۆو دەرهاویشتەی شکستی دەوڵەت بو لەسوریا. بەڵام هەر خودی ئەم جیاوازییە تای تەرازوی ئەزمونی هەرێم قورستر دەکات، بەحوکمی ئەوەی واقیعی خۆسەرو تایبەتمەندییە نەتەوەیی وجوگرافی وئیدارییەکەی، لەسۆنگەی ئەوەوە کە نوێنەرایەتی هیچ واقیع وماف ورەوایەتیەکی مێژویی ونەتەوەیی وکەلتوریی دیاریکراو بابەتی  نەدەکرد، ، نەیتوانی تاسەر  بەرگەبگرێت وشانسی ئەوەی هەبێت رەوایەتی دەستوریی وەربگرێت و بەدەست بهێنێت.

لاوازی جەوهەریش لەناوخودی مۆدێلەکەو ناوچەی خۆسەر خۆیدا بو،  کەئەویش لە قەناعەت پێنەبونی عەرەبەکان و پیلانگێریان دژ بەو ئەزمونەی بەرواڵەت خۆیان بەشداری دروستکردنی بون، رەنگدەداتەوە،کاتێك ئەوانیش بەخۆیان وخەڵك وچەکەکانیانەوە پشتیان کردە ئەزمونەکە، کوردەکان نەك هەرلەروانگەی ناهاوسەنگی هێزو سەربازییەوە، بەڵکو لەروی سیاسی وراگەیاندنیشەوە، هیچ دەرفەتێکیان لەبەردەستدا نەما، درێژە بە بەرگریکردن لە جوگرافیای خۆسەبکەن وهەوڵی گێرانەوەی بدەن ولەسەر ئەوبناغەیە گفتوگۆبکەن، داواکاریەکان دابڕێژن و  پەیوەندییە دبلۆماسییەکانیان بەرێوەبەرن. بۆیە بەناچاری لەهەمو ئەم روانەوە، گەر بەقوڵیش نەبێت بەکردەوە، گەرانەوە بۆ ئەودید و گوتارەی لەپشت دامەزراندنی هەرێمی کوردستانەوە ئامادەیە، کەئەویش گوتاری نەتەوایەتی دیموکرات و چارەسەری جوگرافی- نەتەوەییە بۆ کێشەی کورد. ئەمەش وادەکات ئەگەر دۆگما ئایدۆلۆژییەکان رێگر نەبن و ئەزمونە کردارییەکە سەری لەدوبارەبیناکرد نەوەی گوتارو ئایدۆلۆژیەوە دەربچێت، داواکارییەکانیان بۆ ناوخۆی سوریاو جیهانیش ڕۆشنتر، چوارچێوەدارترو گوێلێگیراوتر بێت، لەبەرئەوەی  چەوساندنەوەی کورد مێژویەکی دورو درێژی لەپشتە، کێشەی کورد دەرهاویشتەی ماددی وئینسانی هەبوەو هەیە، کوردیش وەك هێزێکی گریمانەکراوی پارسەنگ لەداهاتوی خۆرهەڵاتی ناوەراستدا، لەهەندێ ناوەندی نێو دەوڵەتیدا مەترەحە، رەوایەتی جەنگ دژی داعشیش بەناوی کوردەوە تۆمارکراوە نەك ئایدۆلۆژیاو ئەزمونێکی حوکمرانی بەناوی خۆسەر، چونکە ئەمیان دەرهاویشتەیەکی ئەوەو هیچی تر.

لێرەوە ئەگەر چاوێك بەئەزمونی هەرێمی کوردستان لە گەڵ هەمو کەموکوڕی و ناتەواوییەکانیدا بخشێنین، دەبینین سەلماندویەتی، کە نەتەوایەتی کوردیی، بەپێچەوانەی ئەو دیدەی لەچوارچێوەی نەتەوەی دیموکراتدا نەتەوایەتی و شۆفێنیزم یەکسان دەکات، توندرەو شۆفێنی نییە، چونکە لە جەوهەردا مافخواز و بەرگریکارە، نەك فراوان خوازو دەستدرێژی کارو داپڵۆسێنەر، هەر بۆیە هەڵوێستی بەرامبەر پێکهاتنە نەتەوەیی و ئایینی و کەلتورییەکانی تری هەرێم، بەراورد بە ناوچەکەو زۆر شوێنی تری جیهانیش، جوانترو کراوەترو لێبوردەترە،  هیچ کێشەیەکی قوڵ وبونیادیشی لەم روەوە، واتە لەروی داننان بەفرەئاینی ونەتەوەیی وکەلتوریەوە نییە، بەوئەندازەی   لەم روەشەوە کەم وکوری هەبێت، بەوجۆرەی بۆ ئەزمونێکی دیموکراسی پێگەیشتو پێویستە، کێشەکە لەقبوڵنەکردنی فرەناسنامەیی وپێکەوە ژیانی ئاشتیانەی نێوانیاندا نییە،  بەڵکو لەبنەرەتدا پەیوەندی بەوکێشانەوە هەیە،کۆی ئەزمونە حوکمرانییەکە بەدەستیانەوە دەناڵێنێت، بەپلەی یەکەمیش زۆرینە نەتەوەیی وئاینییەکەی هەرێم باجەکەی داوەو دەیدات.

هەرێم نەك هەرتەنیا لەناوخۆیدا درێژەی داوە بەنەریتی دێرینی ڕێزگرتن لە فرەیی وپێکەوە ژیانی ئاشتیخوازانە لەنێوان پێکهاتە جیاوازەکانی کوردستانداو رەنگدانەوەکانی لەئێستادا قبوڵ کردوە، بەڵکو لەوەش زیاتر، لە کاتی لێقەومانیشدا، بوە پەناگایەك بۆهەمو ئەو کەسانەی، لە سۆنگەی جیاوازی ناسنامەی ئاینی و مەزهەبی و نەتەوەییەوە، لەرابردوی عێراق وتەنانەت لەهەندێ کات ناوچەکەشدا، دوچاری پەلاماردان و چەوساندنەوە بون .
ڕونیشە، کە وەك قەوارەیەك، لە سەر هیچ وڵات و نەتەوەیەکیش هەڕەشە نییە، بەڵکو خۆی لەژێر هەڕەشەی نیمچە بەردەوامدایە. لێرەشەوە گرنگە، گوێ لە بیرمەندێکی وەکو مەسعود محەممەد بگیرێت، کەلە کاتی خۆیدا هۆشیاری کردوینەوە  بۆ ئەوەی لە واقیعەوە بگەڕێینەوە بۆ کتێب، نەک بە پێچەوانەوە، واتە سەرەتا کێشەو پێویستیەکانی واقیعی خۆمان دیاری بکەین، دواتر لەبەرتیشکی ئەواندا، نزیکترین ئایدۆلۆژیاو تیۆرو چارەسەر ومۆدێلی حوکمڕانی دیاریبکەین،  بۆئەوەی ڕێز لە قوربانی، ئەزمون و پێدراوە مەیدانییەکان بگرین، واقیع و دنیا لە پەنجەرەی تەڵخی ئایدۆلۆژیاوە نەبینین وسەیرنەکەین ونەخوینینەوە، هەروەها پرسیارو بژاردەو کێشەو چارەسەرەکانیش لەو روانگەوە دیاری نەکەین.

واقیعی مێژویی سەدساڵی ناوچەکەزیاتر وتەنانەت لەهەندێ ئاست وروەوە تاکو ئێستاش پێمان دەڵێن، کە هۆکاری هۆکارەکانی تێکچونی پەیوەندی برایەتی نێوان کورد و نەتەوە دراوسێکانی، پەیوەندی بەکوردو ناسیۆنالیزمی کوردییەوە نەبوەو نییە، بەڵکو خۆی لە سەرکوتکردن و بێبەشکردنی کورد لە دامەزراندنی دەوڵەتی خۆی لە دوای جەنگی جیهانی یەکەمدا دەبینێتەوە، دواتریش دابەشکردنی  بەو جۆرەی کە لەئێستادا دەیبینین وبەتەواوی واتا کارەساتی ئینسانیی گەورەی لێکەوتەوە،  دابەشکردنی ستەمکارانەی کورد بەسەر چوار دەوڵەتی ناوچەکەدا، کوردی  بەدرێژایی سەدەی بیستەم  خستەبەردەم هەوڵدان و هەرەشەی تواندنەوەو سرینەوەی ناسنامە وپاکتاوکردنی نەتەوەیی،.  ئەوەش بچوکترین دەرفەت و واتای بۆ بەهاودروشمی برایەتی ئەوان بەرامبەر بەکورد نەهێشتەوە.

چارەسەرکردنی ئەم برینە خوێن لەبەر ڕۆشتوەی خۆرهەڵاتی ناوەراست و دوبارە بینا کردنەوەی پەیوەندی نێوان کوردو دراوسێکانییشی، بەگوێرەی پێوەرەکانی خودی برایەتی و دادپەروەری، وەك دو بەهای گەردونی و ئیسلامیش،
بەچارەسەر کردنی ڕیشەیی وراستگۆیانەی ئەم پرسە دەبێت، واتە کۆتایهێنان بە  پرسی بێبەشکردنی کورد لە مافی چارەنوس و دوچاربونی بە دژوارتین شاڵاوەکانی جیاکاری وهەوڵی پاکتاوکردنی نەتەوەیی لەمیژوی نوێی ناوچەکەو جیهاندا.بەوە دەبێت کوردیش وەک نەتەوەکانی تری ناوچەکەو دنیا، لەسەر خاکەمێژوییەکەی خۆی، کوردستان، دەوڵەتی خۆی دابمەزرێنێت وبەکەرامەتەوە بژیت، یاخود لانی کەم، لە فۆرمی فیدراڵییەتدا ببێتە خاوەنی هەریم و قەوارەی دەستوریی خۆ بەرێوەبەری خۆی، لەپاڵ سەربەخۆبونی ناوخۆیش بەشدارێکی راستەقینەی دەسەڵاتە فیدراڵییەکان بێت و مافەکانی لە دەستورێکی تەوافوقیدا  بچەسپێنرێن.

بەمە کورد وەک چوارەمین نەتەوەی گەورەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و بێ بەشکراو لە مافەکانی، لەم دۆخەی ئێستا ڕزگاری  دەبێت ، پەیوەندییەکانی لەگەڵ نەتەوەکانی دراوسێشی هاوسەنگ و یەکسان دەبێتەوە، ڕێز لە مێژو ئیرادەو خواستی وەک نەتەوەیەک دەگیرێت. ئەمەش بەوە نابێت شەڕی دەوڵەت نەتەوەکانی ئەوان بکەین و بەناوی دژایەتی (دەوڵەت- نەتەوە) ونەتەوایەتیەوە
داوا لە کورد بکەین دەستبەرداری سەربەخۆیی و تەنانەت هەرێمی جوگرافی نەتەوەیی و فیدراڵیەتیش لەسەر ئەو بناغەیە ببێت، وەک ئەوەی کورد و گوتارە نەتەوەییەکەی سەرچاوەی نەهامەتییەکان بێت،
یاخود ئەم بنەمای برایەتی نێوان گەلانی ناوچەکەی پێشێل کردبێت و رێزی لەهاوبەشییە ئاینی، مێژویی وکەلتوریەکانی لەگەڵ نەتەوەکانی تر نەگرتبێت.

هەر بۆیە پێویستە هەست بە تاوان بکات و دەستبەرداری داخوازییە  نەتەوەییەکانی خۆی ببێت!، ئەزمونی هەرێم هەمو تۆمەتێکی لەم جۆرە رەت دەکاتەوە، لەجەوهەریشدا مۆدێلێکە لەچوار چێوەی  نەتەوایەتی دیموکراتدا، بەڵام لەگەڵ کۆمەڵێك کێشەدا ،کەپەیوەستە بەلاوازی نوخبەحوکمرانەکەی لە بەدیهینانی سازانی نیشتیمانی و زاڵبون بەسەر ناکۆکی و دابەشبونە تەقلیدییەکان ونیشتیمان وگەل ودامەزراوەسازیی نیشتیمانیی سەروحیزبی وگەندەڵی، کەبونەتە بەربەستێکی راستەقینە لەبەردەم ئەزمونە حوکمڕانییەکەی بۆئەوەی رەوتی گەشەکردنی سروستیی خۆی ببرێت، ئەوەی پەیوەندی بەناکۆکییە کوردی کوردییەکانیشەوە هەیە، هەمان ئەولاوازیەیە  گوتاری نەتەوەی دیموکرات وپەکەکە بەئاقاری ناوخۆی ماڵەنەتەوەییە کوردییەکەدا  لەرابردودا  هەیانبوەوە گیرۆدەی بون، بەڵام لەگەڵ جیاوازییەکی بنەرەتی لەنێوانیاندا، ئەویش ئەوەیە، قەناعەتێکی ئایدۆلۆژی لەپشت هەڵوێستی پەکەکە وهاوبیرەکانیەوە بوە، کەتائاستی پیناسەی کورد وەك نەتەوەیەك قوڵ دەبێتەوە، لەکاتێکدا کێشەو ناکۆکییەکانی ناوهەرێم بەپلەی یەکەمیش لەنێوان پارتی ویەکێتیدا، قەناعەتێکی لەم جۆرەی لەپشتەوە نییە، بەڵکو ناکۆکییە لەسەر نوێنەرایەتی وڕێبەرایەتی و کوردی باڵاو وەفادارو بەرژەوەندی و هەروەها ،  کێشەی هەرێمیش لەم روەوە پەیوەندی بەنەتەوەیی بونی ئەزمونەکەوە نییە بەڵکو رێك بەپێچەوانەوە، پەیوەندی بەوەوە هەیە بەگوێرەی پێویست نەتەوەیی نییە، بەڵگەش درێژەکێشانی ناکۆکیەکانە لەنێوماڵی کوردیدا لەسۆنگەی جیاوازیی ناسنامەی حیزبی وبەرژەوەندی گروپییەوە، لەکاتێکدا لەسایەی دەستپێکردن لەناسنامەی نەتەوەیی وژیان لەسایەی ئەزمونێکی حومرانی نەتەوەیی راستەقینەدا، ئەوشتانە رونادەن، کێشەکانی نەتەوایەتی کوردیش لەهەرێمدا بەسروشتی حاڵ بەحوکمی پێکەوە گرێدانی دیموکراسی بە  گەل و نیستیمانسازییەوە، سێبەری خستۆتە سەر ئەزمو نە دیموکراسی بونی گەندەڵی ولاوازی یاسا سەروەری، بەڵام هەموئەمانە یەکسان نین بە بونی پاساو بۆ  هێرشکردنە سەر نەتەوایەتی وەك سەرەتایەك، بەبیانوی ئەوەی  هەرێم ئەم کێشانەی هەیە، چونکە رەگی کێشەکان لەنەتەوایەتیدا نیە (کەجگەلەو هیج شتێکی ترمان نییە بەرەهەندە کوردی وکوردستانییەکەیەوە ، بەجیاوازی ناسنامەی نێوانمانەوە لەچوارچوەیەکی هاوبەشدا کۆمان بکاتەوە)، بەڵکو لە لاوازی ناسیۆنالیزم ونەتەوایەتیەکەدایە، کەناتوانێت هەمو ئەو ئەرکا نەی روی تێدەکەن جێبەجییان بکات،

بەوەش یەکگرتویی  نیشتیمانیی، هاوهەستی وهاوئامانجی وددام ودەزگای بەهێز بەرهەم بێنێت و هێڵە سورە هاوبەشەکانیش هیج هیزو کەسێك نەتوانێت بیانبەزێنێت، بەڵام سەرەرای هەمو ئەوانەش، بەهەندێ پێوەر، بەگوتەی مەزڵوم عەبدی، هێشتا ئەزمونی هەرێم لەچاو خۆیدا  پێشکەوتوە، قوڵایی ستراتیجی پارچەکان و مەسەلەی کوردو سەرچاوەی گەورەی ئومێدی کوردان لەجیهاندا پیکدەهێنیت، لەروداوەکا نی ئەم دواییەی رۆژئاواشدا ئەم شتە زۆرتر دەرکەوت وهەستی پێکرا، مۆدێلی نەتەوایەتی دیموکرات و جوگرافی نەتەوەیی هاوشێوەی هەرێمیش  رێدەگرێت لەوەی، کورد دوچاری هەڵدێرو دورکەوتنەوە لە ئامانجە سروشتی و ڕاستەقینەکانی خۆی  ببێت، لە گۆرەپانەکەدا بەتایبەتمەندی نەتەوەیی خۆیەوە دەرنەکەوێت، بەو جۆرەی پێویستە داخوازی وبەرنامەو پرۆژەکەی ڕون نەبێت،  لەسۆنگەی تێکەڵکردنی بەکۆمەڵێ دروشم وخواستی ئایدۆلۆژی و بچوکردنەوەی بۆ ئاستی توخمێکی ئایدۆلۆژی ڕوت.

لێرەشەوە یەکسانکردنی بەدیهێنانی خواست و داواکاریەکانی کوردو بەستنەوەیان بە کۆتایهێنان بەفۆرمی دەوڵەت نەتەوەی باو،دیدێکی تایبەت بۆ ژن و بەرێوەبەری خۆسەر، ئەرک و کۆڵی  کورد بەجۆرێك قورس دەکات بە ئاسانی لەژێری دەرنەچێت.
تەوەرەی سەرەکی ململانێکانیش مافە نەتەوەییەکانی کوردو کۆتایهێنان بەو ستەمە مێژوییەی لەسەریەتی نامێنێت، بەڵکو هەمو ئەمانە دەبن بەدەرهایشتەی پیادەکردنی کۆی ئایدۆلۆژیاکە، ئایدۆلۆژیایەك کورد، بەتوانا سنوردارەکانی ودۆخە دژوارە کەیەوە، بەگژ سەرمایەداری جیهانی و سیستمی نێودەوڵەتی و پێوەرەکانی ئەمڕۆی جیهان بۆ دیموکراسی دەکات!.  چارەسەری کێشەی کوردیش دەبەستێتەوە بەگۆرانکاریەکی رادیکاڵ لەمۆدێلی دەوڵەت نەتەوەو کۆمەڵگەی سیاسی وهێنانەدی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتی، کەبۆ بەرامبەرەکان جگەلەهەندێ بیرورای تەرحکراوی ئاورلێ نەدراوەی ناوەندە ئەکادیمییەکە هیچی تر نییە.

ئەوەش هەروەك ئاماژەمان پێکرد لەهەندێ روەوە، دوبارەکردنەوەی هەڵەو تێگەیشتنی کۆمۆنیستە کوردەکانی مێژوی هاوچەرخمانە، لەوانەش، ئەوانەی لەریزی پارتە کۆمۆنیستیە سەراسەرییەکانی ئەوڵاتانەدا خۆیان رێکخستبو، مەسەلەی چارەسەرکردنی کێشەی کوردیان بەسەرکەوتنی سۆشیالیزم لەوڵاتانەدا بەستبۆوە!  وا تێگەیەندرابون بەسەرکەوتنی سۆشیالیزم خود بەخود و بەشێوازێکی ئۆتۆماتیکی کێشەی کوردیش چارەسەر دەبێت، بەحوکمی ئەوەی سۆشیالیزم ئایدۆلۆژیای کۆتاییپێهینانی چەوسانەوەی مرۆڤ لەلایەن مرۆڤەوەیە، لەوانەش چەوساندنەوەی نەتەوەیی، بەڵام هەمو ئەم خۆشخەیاڵی و بیرکردنەوە لە قاڵبدراوە ئایدۆلۆژیانە، نەك هەرهچیان لێ سەوز نەبو، بەڵکو بونە هۆکارێکی گرنگی لاواز کردنی ناسیۆنالیزمی کوردی و زیادکردنی رەهەندێکی ئایدۆلۆژیش بۆ کێشە ناوخۆییەکانی، حیزبە کۆمۆنیستەکانیش سەرەرای بەشداریکردنی خەڵکانێکی زۆری نەتەوە سەردەستەکان لە ئیدارەدان وبنکە جەماوەرییەکەیاندا، سەرجەمیان شکستیان خوارد لەوەی لەم وڵاتانەدا دەسەڵات بگرنە دەست، لە سۆڤییەتی مۆدێلی دایکیشدا، کورد ئۆتۆنۆمییەکی بەناوی کوردستانی سورەوە پێ رەوا نەبینراو لە چوارچێوەی سیاسەتە سەرکوتکارانەکانی ستالین، جگە لە تەفروتونا کردنی تۆتۆنۆمییەکە، هەزاران کوردیش  لە ڕێگەی کۆچی زۆرەملێدا بەسەرماو برسیەتی تێدا چون. .

پێم وایە چارەنوسی تێزی نەتەوەی دیموکرات و پەیوەندی کوردیش پییەوە لەمە باشتر  نابێت  بەرەچاوکردنی هەندێ گۆرانکاری لەئێستادا، کەرێگە  لەبەردەم هەندێ مافی کەلتوری وئیداری  دەکەنەوە، چونکە ئەگەر لە ئەزمونە سۆشییالیستیە تەقلیدییەکەدا کۆمەڵێ پارتی گەورەی وەکو تودەو حیزبی کۆمۆنیستی عێراق و سوریاو تورکیا هەبوبن، لە سەر ئاستی کۆی وڵاتەکاندا داوای چەسپاندنی سۆشیالیزمیان کردبێت، تا لەوێوە بەگوتەی خۆیان لە چنگی سەرمایەداری و دەوڵەتەکەی رزگارمان ببێت و دەرگا بەروی چارەسەرکردنی کۆی کێشەکاندا بکرێتەوە، ئەوا لە ئەزمونی نەتەوەی دیموکراتدا، ئەوەی خاوەندارێتی لە پرۆژەکە دەکات تەنها کورد خۆیەتی، کوردیش لەهەروڵاتێکدا کەمینەیەو توانای ئاڵوگۆری سەراسەری لەم وڵاتانەدا نییە، بۆیە ئاساییە ناسیۆنالیزمی باڵادەست هەوڵبدات  لە چوارجێوەی ستراتیژی لاوازکردنی ناسیۆنالیزمی کوردی و پارێزگاریکردن لە باڵادەستی و ئیمتیازاتەکانی خۆی بەکاریبینێت، نەك لە چوارچێوەی دۆخی گریمانە کراوی لۆك یاخود پەردەی نەزانی (جۆن راولز) بۆ ئەوەی خۆی لە گەڵ کوردا یەکسان ببینێت.

هەر بۆیە ئەگەری ئەوە بەهێزە کورد بەدەستکەوتی گەورەوە لەم گەمەیە دەرنەچێت، بەرەنجام و کاردانەوەش بەرامبەری بەپێچەوانەی چاوەروانییە ئایدۆلۆژییەکان  بەهێز بونەوەی سەرلە نوێی ناسیۆنالیزمی کوردیی بێت، بەڵام  چاوەروانکراوە، لە برگەیەکی مێژویدا ئەم جۆرە چارەسەرە وەك مۆدێلێك  بکرێتە بەڵگەو ئامرازی فشار بەسەر ناسیۆنالیزمی کوردی سەربەخۆ خواز یاخود هەرێمی کوردستانی فیدراڵی خواز لەسەر بناغەی جوگرافیی- نەتەوەیی لەهەندێ پارچەی کوردستاندا.
ئەوەش بەکەرتبونێکی ترسناك لەنێو ماڵی نەتەوەیی کوردیدا دادەنرێت. ئەوەی کێشەکەش  لەم ڕوەوە قورستر دەکات ئەوەیە، ئەو جوڵانەوە سیاسیەی هەڵگری ئەم تێزەیە، ئەگەر سورو بەردەوام بێت لەسەری، نە خۆی بەم چارەسەرە دەگات، نەدەشهێڵێت چارەسەرە نەتەوەییە سروشتیەکە، ڕێچکەی گەشەکردنی سروشتیی خۆی بگرێت و چوارچێوەی چارەسەر پێکبهێنێت، بەوەش دۆخێکی بەرزەخیی ئاوارتەو چارەسەری نیوەناچڵ جێگەی چارەسەریی راستەقینە دەگرنەوە.. هەمو ئەوە ش بەحوکمی ئەوەی کورد لە دۆخی ئێستادا سروشتی دەوڵەت نەتەوەی باوی پێناگۆردرێت،( بەڵام دەتوانی دەوڵەتی تاك نەتەوە بخاتە ژێر فشاری خۆیەوە)، خەونی نەتەوەی دیموکراتی پێنایەتە دی، بەڵام وریا نەبێت خۆی دوچاری گۆرانی ناسروشتی دەبێت، چونکە بۆ ئەوەی نیازپاکی و مسداقییەتی خۆی بۆ دەوڵەت دەرببرێت و نیشان بدات، دەبێت پیادەکردنی تێزەکە لەخۆیەوە دەستپێبکات، دوبارە کوردبون و جوڵانەوەی کوردو داواکارییەکانیان ملکەچی پێناسەکردنەوەیەکی نوێی ئایدۆلۆژی بکاتەوە، کوردێك بۆ دەوڵەت نمایش بکات، کە نەك هەر دەسبەرداری سەربەخۆیی و دەوڵەتی کوردستان بوە، بەڵکو هەرێمی کوردستانیشی لەسەر بناغەی جوگرافیی نەتەوەیی رەت دەکاتەوە! کەدیارە ئەمە نەك هەرکێشەی کوردی پێ چارەسەر ناکرێت، بەڵکو تاراددەیەك ناوەرۆکەکەشی دەشێوێنێت، گەرچی ئەو دەستکەوتە لاوەکیانەی لەم روەوە بەدەستیان دەهێنیت، دەکرێت لە قۆناغێکی تردا زەمینە بۆ چارەسەری راستەقینە ونەتەوەیی خۆش بکەن،  بەهۆی ئەوەی دەکرێت دۆخێك بێنێتە کایەوە باسکردن لە کورد بون سروشتی تر بێت،  دەریش دەکەوێت و دەسەلمێت کە ئەم مۆدێلە کێشەکەی پێ چارەسەر ناکرێت،  ناسیۆنالیزمی کوردیش لە باشورو رۆژهەڵاتی کوردستان لەم روەوە کاریگەر دەبن.

 

ئەبوبەکر کاروانی
بۆچوونی زیاتر
Back to top button