وشەی “نا” لە پرسە نەتەوەییەکاندا، دەگۆڕێت بۆ هەڵوێستێک مێژووکرد

 

لە پرسە نەتەوەییەکاندا، وشەی “نا” تەنیا دەربڕینێکی زمانەوانیی گوزەر نییە، بەڵکوو دەگۆڕێت بۆ هەڵوێستێکی ئەخلاقی و سیاسی کە لە ناوەڕۆکیدا هەڵگری مانای بەرپرسیارێتی لەخۆ دەگرێت. رەتکردنەوەیەکی بێهودە نییە، بەڵکوو راگەیاندنێکی هۆشیارانەیە و نیشاندانی ئامادەیی و بەرجەستەکردنی ئیرادەی گەلێکە کە رەتی دەکاتەوە هیچ شتێک بە پێچەوانەی ویستی خۆی بەسەریدا بسەپێنرێت.

کاتێک تاکێک، گەلێک، یان سەرکردەیەکی نەتەوەیی راستەقینە دەڵێت: “نا” بۆ چەوساندنەوە و نادادپەروەری، ئەمە تەنیا ناڕەزایەتی نییە بەرانبەر واقیعێکی تاڵ، بەڵکوو بنیاتنانی داهاتوویەکی جیاوازە.

کاتێک “نا” لە بەرانبەر گەندەڵی، داگیرکاری، یان جیاکاری دەوترێت، ئەوکات دەبێتە دەنگی کۆمەڵ و سنووری تاک دەبڕێت، گوزارشت لە ویژدانی تەواوی نەتەوەیەک دەکات و کۆتایی بە ملکەچی دەهێنێت و دەرگای سەربەرزی و کەرامەت دەکاتەوە.

کاتێک مەزڵوم عەبدی وتی: “نا” بۆ تەسلیمبوون. بوو بە سیمبووڵێک چرکەساتی وتنی وشەکەی تێپەڕاند، جەماوەری کورد و نێودەوڵەتی بزوواند بۆ پشتیوانیکردن و وەستان لەگەڵ هەڵوێستەکەی و پابەندبوونیان نوێ کردەوە، چونکە وتنەکانی بەستراونەتەوە بە پرسەکانی ناسنامە و ماف و هەستێکی بەکۆمەڵ بۆ بەردەوامی و خۆڕاگری.

مێژووی مرۆڤایەتی پڕە لە نموونە، کە وشەی “نا” خاڵی وەرچەرخان بووە؛ ئەو “نا”یانەی لە بەرانبەر کۆڵۆنیالیزم و داگیرکەران دەوتران، “نا”کان، کە بۆ بەرگریکردن لە مافەکان بەرز دەکرانەوە، “نا” دژ بە سڕینەوەی ناسنامە، کە زۆرێک هەوڵیان بۆ داوە… ئەمە وشەیەکی ئاسان نییە، گەلان باجێکی قورسیان بۆ داوە، بەڵام لە کۆتاییدا واقیعێکی نوێی دروست کردووە.

لە پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەکاندا، “نا” بەو مانایەیە کە نیشتمان کاڵا نییە… سەروەری، دانوستانی لەسەر ناکرێت… کەرامەتی مرۆڤ لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە. “نا”، وشەیەکە پێویستی بە هۆشیاری هەیە بۆ وتنی، نەک ئەوەی خوانەخواستە ببێتە هۆی ئاژاوەگێڕی، پێویستی بە بەرپرسیارێتییە، نەک ئەوەی ببێتە تەنیا دروشمێک.

وشەی “نا”ی نیشتمانپەروەری راستەقینە، ئەوەیە کە لەسەر دیدگایەک دادەڕێژرێت و دەکرێت بە کردار لەسەر بنەمای دادپەروەری و یەکێتی.

نیشتمانپەروەری، نە لە بێدەنگیی بەردەوام و نە لە هەڵوێستیی کوێرانەدا خۆی دەبینێتەوە، بەڵکوو زۆر جار لە بوێریی رەتکردنەوەدا خۆی دەبینێتەوە کاتێک رەتکردنەوە پێویستە. کاتێک وشەکە بە دڵسۆزانە بوترێت؛ بۆ بەرگری لە خاک و ناسنامە و مافەکان… رەنگە ببێتە سەرەتای چاکسازی و تۆوی گۆڕانکاری و یەکەم هەنگاو بەرەو رێنیسانسێکی چاوەڕوانکراو.

بەم شێوەیە، لە پرسە نەتەوەییەکاندا وشەی “نا” دەبێتە زیاتر لە دوو پیت، دەبێتە بەڵێی دڵسۆزی، دەنگێک بۆ ئازادی، پزیسکێک، کە رەنگە مێژوو دروست بکات و لە هەزار “بەڵێ” بەهێزتر بێت.

نەرمین عوسمان
بۆچوونی زیاتر
Back to top button