کاریگەری ململانێی کەنداو لەسەر ھەناردەکردنی پەیینی کیمیایی و ئاسایشی خۆراک لە جیھاندا

سان ساراڤان

ململانێی بەردەوام لە ناوچەی کەنداو بووەتە ھۆکاری سەرەکی بۆ پەکخستنی ھەناردەکردنی پەیینی کیمیایی، ئەمەش نیشانەیەکی ڕوونە لە لاوازی زنجیرەکانی دابینکردنی کشتوکاڵی جیھانی بەرامبەر ناسەقامگیرییە جیۆپۆلەتیکییەکان.

لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا و بەتایبەتی ئەم ماوەی جەنگی ئێران و ئەمەریکا- ئیسرائیل، گەشەی ئالۆزییە ئەمنییەکان لەم ناوچەیەدا کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر گواستنەوەی کەلوپەلی بنچینەیی کشتوکاڵی ھەبووە، بەتایبەتی ئەو بەرھەمانەی کە بۆ بەرھەمھێنانی خۆراک گرنگن.
یەکێک لە گرنگترین خاڵەکانی ئەم پڕۆسەیە ڕاڕەو و تەنگەی ھورمزە، کە بە شێوەیەکی سەرەکی بۆ گواستنەوەی پەیینی کیمیایی لە وڵاتانی کەنداو بۆ بازاڕە جیھانییەکان بەکاردێت.

پشکێکی بەرچاو لە بازرگانی نێودەوڵەتی پەیینی کیمیای، بەتایبەتی یوریا و ئامۆنیا، لە ڕێگەی ئەم گەروویە دەگوازرێتەوە، کە ئەوەی کردووە بە خاڵێکی ستراتیژی و ھەستیار بۆ ئاسایشی دابینکردنی خۆراک.

وڵاتانی ئەنجومەنی ھەرەوەزی کەنداو(GCC) ڕۆڵێکی گرنگ لەم بوارەدا دەگێڕن، چونکە بەرھەمھێنەر و ھەناردەکاری سەرەکی پەیینی کیمیایین. بەھۆی دەستڕاگەیشتنیان بە سەرچاوەی غازی سروشتی کەم‌تێچوو، ئەم وڵاتانە توانای بەرھەمھێنانی بەرزیان ھەیە، قەتەر و سعودییە بە تایبەتی لە سەرەوەی لیستی بەرھەمھێنەرانن، و بە شێوەیەکی بەرچاو بەشداری لە دابینکردنی جیھانی یوریا و ئامۆنیا دەکەن. بە پێی داتاکان، وڵاتانی GCC نزیکەی ٢٠-٢٥%ی ھەناردەکردنی جیھانی یوریا و١٠-٢٠%ی بازرگانی ئامۆنیا پێکدەھێنن، کە ئەمە گرنگی ستراتیژی ئەم ناوچەیە دەردەخات.

بەڵام، ناسەقامگیرییە ئەمنییەکان و مەترسییەکان لە ناوچەکەدا کاریگەرییەکی خراپیان لەسەر ڕەوتی ھەناردەکردن ھەبووە. شیکارییەکان ئاماژە دەکەن کە ٢٠–٣٠%ی بازرگانی جیھانی پەیینی بەرکەوتەی ئەو بڕان و قەت بوونەیە و قەبارەی کەشتیوانی بە شێوەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە. ھۆکارە سەرەکییەکان بریتین لە بەرزبوونی مەترسییە ئەمنییەکان لەسەر پیشەسازی وڵاتانی کەنداو ، زیادبوونی تێچووی دلنیایی (ئنشورانس)، و ئاڵۆزی لە ڕێڕەوی گواستنەوەدا. ئەم گۆڕانکارییانە بووەتە ھۆی بەرزبوونەوەی نرخی پێوانە لە بازاڕە جیھانییەکان، بە جۆرێک نرخی یوریا ٣٠–٥٠% و ئامۆنیا ٢٠–٢٥% زیادبوو و بەرز بۆتەوە.

بە ھۆی جەنگەوە قەتەر گەوەرەترین کارگەی دروستکردنی یۆریای وەستاندووە لەم وەرزی کشتوکاڵییەدا، ھندستانیش بەرھەمھێنانی کەمکردووە .ڕاپۆرتەکانی ئەم دواییە ئاماژە بەوە دەکەن کە بەنگلادیشیش ٤ لە کۆی ٥ کارگەی پەیینی کیمیایی لە وڵاتەکەدا یان داخراون یان بە شێوەیەکی پچڕپچڕ کاردەکەن، ئەمەش بە شێوەیەکی بەرچاو بەھۆی کەمبوونەوەی دەستڕاگەیشتن بە کەرەستەی خاو و بەرزبوونەوەی نرخی یوریا لە جیھاندا.

کاریگەری ئەم دۆخە تەنھا لە ناوچەی کەنداو نەماوە، بەڵکو گەیشتووەتە وڵاتانی ھاوردەکار لە سەرانسەری جیھاندا. ناوچەکانی وەک باشووری ئاسیا، ئەفریقا و باشووری ڕۆژھەڵاتی ئاسیا کە بە شێوەیەکی زۆر پەیوەست بە ھاوردەی سەمادی کیمیایین، زیاتر بەرکەوتوون. کەمبوونەوەی دابینکردن و بەرزبوونی نرخەکان بووەتە ھۆی زیادبوونی تێچووی بەرھەمھێنانی کشتوکاڵی و دابەزینی بەرھەمی خۆراک، کە ئەمەش نیگەرانییە گەورەکان لەسەر ئاسایشی خۆراک دروستکردووە.
لە کۆتاییدا، ئەم پڕۆسەیە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە سیستەمی خۆراکی جیھانی بە شێوەیەکی زۆر پەیوەست بە ھەلومەرجە جیۆپۆلەتیکییەکانە. ململانێی چەکداری لە ناوچەیەکی ستراتیژی وەک کەنداو دەتوانێت بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ زنجیرەکانی دابینکردن تێکبدات و بگەنە ئاستی مەترسی بۆ دابینکردنی خۆراک. بۆیە، گرنگە سیاسەتە نێودەوڵەتییەکان وپلانی دابینکردنی خۆراک زیاتر جەخت لەسەر جیاوازی سەرچاوەکان و بەھێزکردنی بەرگریی لە دابینکردنی خۆراک بکەن، تاکو کاریگەرییەکانی ئەم جۆرە قەیرانانە کەمبکرێتەوە.

 

Back to top button