کارنامەکەی زەیدی پرسی ژینگەی فەرامۆش کردووە

ڕوانگەی “عێراقی سەوز” ڕەخنەی توندی ئاراستەی ئەو کارنامە وەزارییە کرد کە عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو، ڕۆژی پێنج شەممە پێشکەشی پەرلەمانی عێراقی کرد، بەهۆی ئەوەی هیچ تەوەرێکی تایبەت بە ژینگە و چارەسەرکردنی گرفتە ژینگەییەکانی داهاتووی وڵاتی تێدا نییە.

ڕێکخراوەکە لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە: “وا دیارە ئەوانەی کارنامەکەیان ئامادە کردووە، درکیان بەوە نەکردووە کە عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی لە ساڵانی ڕابردوودا زۆرترین زیانی بەرکەوتووە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە، ئەمەش بووەتە هۆی قووڵبوونەوەی قەیرانەکانی وشکەساڵی، بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و بیابانبوون.”

بەپێی بەیاننامەکە، عێراق لە ساڵانی ڕابردوودا بەدەست قەیرانی ئاوەوە ناڵاندوویەتی، تا ئەو ئاستەی لە پارێزگاکانی باشوور ئاوی خواردنەوە دەستنەکەوتووە، لەگەڵ بەرزبوونەوەی ڕێژەی سوێری لە بەسرە، وشکبوونی زۆنگاوەکان و لەکارکەوتنی ڕووبەرێکی فراوانی زەوییە کشتوکاڵییەکان. ڕێکخراوەکە ڕەخنەی ئەوە دەگرێت کە کارنامەکە تەنها بە ئاماژەدان بە خاڵێکی پەیوەست بە ئاو وازی هێناوە، ئەویش (بەکارهێنان و بەستنەوەی پەیوەندییە ئابووری و سیاسییەکانە لەگەڵ وڵاتانی سەرچاوە).

ڕوانگەکە جەختی کردەوە کە ناوەڕۆکی ئەم کارنامە وەزارییە، وڵات دەگەڕێنێتەوە بۆ چوارگۆشەی یەکەم لە ڕێگەی پشتگوێخستنی بەئەنقەستی دۆسیەی ژینگە لەلایەن حکومەتەوە؛ ئەمەش وا دەکات وەزارەتی پەیوەندیدار لە خانەی ئەو وەزارەتانەدا بمێنێتەوە کە تەرخانکراوی داراییان کەمە، ئەوەش ڕێگر دەبێت لە جێبەجێکردنی پلانەکانیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا کە تا ئێستاش بێ هیچ چارەسەرێکی ڕاستەقینە لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە، گورزی کوشندە لە ناوچە فراوانەکانی عێراق دەوەشێنێت.

هاوکات عامر عەبدولجەبار، سکرتێری گشتیی گردبوونەوەی “فاو-زاخۆ” و ئەندامی پەرلەمانی عێراق،ئەمڕۆ شەممە ڕەخنەی لە نەبوونی دۆسیەی ژینگە لە ناو کارنامەکەی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو گرت و ئاماژەی بەوە کرد کە کارنامەکە چارەسەری قەیرانە ژینگەییەکانی پشتگوێ خستووە، سەرەڕای کاریگەرییە ڕاستەوخۆکانیان لەسەر تەندروستیی مرۆڤ و سەرچاوە کشتوکاڵی و ئاوییەکان لە عێراقدا.

عەبدولجەبار لە نووسینێکدا ئاماژەی بەوەداوە، نەبوونی گرنگیپێدان بە تەوەرەی چارەسەرکردنی کێشە ژینگەییەکان لە ناو کارنامەی حکومەتدا جێگەی سەرنجە، سەرەڕای شوێنەوارە نەرێنییە گەورەکانی سستیی ئەدای حکومەتەکانی پێشوو لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو قەیرانە ژینگەییانەی کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ هەڕەشە لە تەندروستیی مرۆڤ و سەرچاوە کشتوکاڵی و ئاوییەکانی عێراق و گەلەکەی دەکەن.”

 

Back to top button