
ڕوانگەی سەوزی عێراقی هۆشداری دەدات لەوەی کە هەر ڕۆژێک پلەکانی گەرما لە 50 پلەی سەدی تێدەپەڕن، هەروەها بە بڕی 150 ملیۆن دۆلار زیان لە عێراق دەدات، هاوکات ئاماژە بە ئەگەری چۆڵکردنی هەندێک لە شارەکانی عێراق لە داهاتوودا دەکات.
عومەر عەبدوللەتیف، ئەندامی ڕێکخراوی ڕوانگەی سەوزی عێراقی، ئەمڕۆ یەکشەممە (5ی تەممووزی 2026) بە (کورد مۆنیتەر)ی ڕاگەیاند؛ ئەگەر ڕێکاری پێویست نەگیرێتەبەر و دۆخی ژینگەیی بەم شێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت، ئەوا ئەگەری هەیە لە ماوەی 50 ساڵی داهاتوودا سێ شاری عێراقی لە دانیشتووانەکەیان چۆڵ بکرێن، کە ئەوانیش بریتین لە: بەسرە، میسان و بەغداد.
عەبدوللەتیف ڕوونی کردەوە کە “پلەکانی گەرما لە بەسرە و میسان بەرزن، لەگەڵ دەردانی بڕێکی زۆر لەو گازانەی دەبنە هۆی قەتیسبوونی گەرما و سووتانیان، سەرەڕای کەمیی ڕووبەری سەوزایی. بۆیە ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، دانیشتووانەکەیان ناچار دەبن لە ماوەی پەنجا ساڵدا کۆچ بکەن”.
گوتیشی: لە بەغداد، باڵەخانە چیمەنتۆییەکان و زۆریی پێکهاتە کۆنکریتییەکان کە بە ڕۆژ گەرما گلدەدەنەوە و بە شەو دەیدەنەوە، لەگەڵ ژمارەیەکی زۆری ئۆتۆمبێل و مۆلیدەکان و کەمیی ڕووبەری سەوزایی، دەبنە هۆی ئەگەری بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و کۆچکردنی دانیشتووانەکەی.
سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە کرد کە “دۆخی هەرێم بە بەراورد بە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق زۆر باشترە و مەترسییەکانی کەمترن، ئەمەش بەهۆی دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری، کوژاندنەوەی مۆلیدەکان، بوونی پشتێنەی سەوز لە هەندێک شوێن، باشتربوونی کوالێتی ئۆتۆمبێلەکان، نەبوونی کێشەی ئاو، جگە لە سروشتە شاخاویی و سەوزەکەی”.
لەلایەکی دیکەوە، ئەمیر عەلی حەسون، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی هۆشیاری و ڕاگەیاندن لە وەزارەتی ژینگەی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە بە (کورد مۆنیتەر)ی ڕاگەیاند؛ “عێراق ڕووبەڕووی شەپۆلێکی گەرمای توند و زیادبوونی ژمارەی ئەو ڕۆژانە دەبێتەوە کە پلەی گەرما تێیاندا دەگاتە 50 پلەی سەدی، ئەمەش کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ژینگە، تەندروستی گشتی و ئابووری هەیە”.
سەبارەت بەو ئامارانەی کە ڕوانگەی سەوزی عێراقی دەربارەی زیانە داراییەکان بڵاوی کردوونەتەوە، حەسون گوتی: “ئەو داتایانەی ڕوانگەکە بڵاوی کردوونەتەوە، ڕەنگدانەوەی قەبارەی ئەو ئاڵنگارییە کەشوهەواییانەن کە پێویستیان بە هاوکاری هەموو لایەنە حکومی و کۆمەڵایەتییەکان هەیە بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانیان”، جەختیشی کردەوە کە ئەم ژمارانە تەنها “خەمڵاندن”ن و وەزارەتەکە جەخت لەسەر گرنگی پشت بەستن بە ڕووپێوی زانستی و داتا نیشتمانییەکان دەکات بۆ داڕشتنی سیاسەتە ژینگەییەکان.
ڕاگەیەندراوی ڕوانگەی سەوزی عێراقی
لە ڕاگەیەندراوێکدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاوی کردەوە و کورد مۆنیتەر کۆپییەکی دەستکەوتووە، ڕوانگەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە “ژمارەی ئەو ڕۆژانەی پلەی گەرما لە 50 پلەی سەدی تێدەپەڕێت بە شێوەیەکی مەترسیدار بە ڕێژەی 800% لە ماوەی 15 ساڵدا زیادی کردووە، ئەمەش تەنها لە هاوینی ساڵی 2023دا زیانی زیاتر لە 9 ملیار دۆلاری بە عێراق گەیاندووە”.
گرنگترین خاڵەکانی ناو ڕاگەیەندراوەکە:
زیادبوونی ڕۆژە گەرمەکان: پێش ساڵی 2010، عێراق ساڵانە تەنها 3 بۆ 5 ڕۆژی تۆمار دەکرد کە پلەی گەرما بگاتە 50 پلە. بەڵام ئێستا شارەکانی بەغداد، بەسرە و میسان ساڵانە لە نێوان 25 بۆ 40 ڕۆژ لە سەرووی 50 پلەی سەدییەوە تۆمار دەکەن.
زیانە ئابوورییەکان: عێراق بۆ هەر ڕۆژێک کە پلەی گەرمای تێدا لە 50 پلە تێپەڕێت، 150 ملیۆن دۆلار زیانی پێدەگات، بەهۆی بڕانی کارەبا، وەستانی کارگەکان، زیادبوونی بەکاربردنی سووتەمەنی و دابەزینی بەرهەمهێنان.
کاریگەرییە تەندروستییەکان: نەخۆشخانەکان تەنها لە مانگی تەممووزی 2025دا، 3200 حاڵەتی تووشبوون بە جەڵتەی گەرما و شەکەتبوونی گەرمایان تۆمارکردووە.
کاریگەرییە ژینگەییەکان: وشکبوونی 60%ی درەختەکانی سەر شەقامەکان بەهۆی قەتیسبوونی گەرما و وشکەساڵی، لەگەڵ زیادبوونی ڕەشەبا و گەردەلوولە خۆڵاوییەکان بە ڕێژەی 70%.
هۆکارە سەرەکییەکان: تێکدان و ڕاماڵینی باخەکان (بەغداد 85%ی باخەکانی لەدەستداوە)، بڵاوبوونەوەی باڵەخانە کۆنکریتییەکان، سووتاندنی گازی هاوپێچ لە کێڵگە نەوتییەکاندا، و پشت بەستن بە مۆلیدە ئەهلییەکان.





