گەرمترین هاوینی مێژوو؛ چۆن دیاردەیەک زەوی بەرەو وێرانکاری دەبات؟

گەرمای تاقەتپڕوکێن، زریان و باهۆزە وێرانکەرەکان و بارانی بەخوڕ، سیمای ئەم هاوینەی ئەوروپا و بەشێکی دیکەی وڵاتانی جیهان بوو، بەشێکی زۆر لە ڕووبەرە سەوزایی و باخچە نیشتمانییەکان و یاریگا نێودەوڵەتییەکان چیمەنەکانیان وشک بوون و وڵاتان ڕێنمایی توندیان دەرکرد بۆ کەمتر بەکارهێنانی ئاو لەلایەن خەڵک و کەرتی تایبەت و گشتییەوە.

گۆڕانی کەشوهەوا و دیاردەی ئێل نینۆ، کە بەهۆی گەرمبوونی نائاسایی ئاوەکانی ڕۆژهەڵات و ناوەڕاستی زەریای هێمن دروست دەبێت، بووەتە هۆی شێواندنی کەشوهەوای جیهان، بە شێوەیەک لافاو لە شوێنێک و وشکەساڵی لە شوێنێکی دیکە خەریکە زەوی دەکاتە قوربانی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و زیانە گیانی و ماددیەکانی تادێت زۆرتر دەبن.

ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان دەریدەخەن مانگەکانی حوزەیران و تەمووزی ئەمساڵ گەرمترین وەرزی هاوین بوون لە مێژووی تۆمارکراوی ئەوروپادا.

سەنتەری کۆپەرنیکۆس بۆ گۆڕانی کەشوهەوا – سەر بە یەکێتیی ئەوروپا، ڕایگەیاند: تێکڕای پلەی گەرمی ڕۆژئاوای ئەوروپا لە دوو مانگی ڕابردوودا گەیشتووەتە 21.62 پلەی سیلیزی، ئەمەش ژمارەی پێوانەیی ساڵی 2022ی شکاندووە، ڕێژەی شێی خاک بە شێوەیەکی بەربەرچاو دابەزیوە و ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە گۆڕانی کەشوهەوا ڕاستەوخۆ دیاردەکانی گەرما و وشکەساڵی قووڵتر دەکاتەوە.

بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی زەریاکانیش ئاستێکی پێوانەیی نوێی تۆمارکردووە و دیاردەی ئێل نینۆی لە زەریای هێمن چالاکتر کردووە، ئەمەش هۆکاری سەرەکی دروستبوونی باهۆزی بەهێز و زریانە وێرانکەرەکانە کە بووەتە هۆی تێکچوونی ڕێڕەوی بارانبارین لەسەر زەوی.

کارلۆ بوۆنتەمپۆ، بەڕێوەبەری سەنتەری کۆپەرنیکۆس ڕایگەیاند: پێشبینی دەکەین پلەی گەرمی جیهان ریکۆردی نوێ تۆمار بکات، سەرچاوەی سەرەکیی ئەم گەرمبوونە زۆربوونی گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆنە لە بەرگەهەوادا، بەجۆرێک لە مێژووی مرۆڤایەتیدا کەشوهەوای وا گەرممان نەبینیووە.

کەشناسان هۆکاری سەرەکی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما بۆ بێخەمی و کردەوەکانی مرۆڤ دەگەڕێننەوە و داوادەکەن ڕێگری لە دەردانی گازی ژەهراوی بکرێت و پشت بە وزەی نوێبووەوە ببەسترێت، ئەگەرنا وشکەساڵی و ئاگری دارستانەکان لەلایەک و زریان و لافاو و باهۆزەکانیش لەلایەکی دیکەوە جیهان بەرەو وێرانکارییەکی بێ پێشینە دەبەن.

Back to top button