سلێمانی؛ لەبەردەم پلێتە مەترسیدارەکەی بومەلەرزە و خێر و بەرەکەتی گازی سروشتیدایە

دەستەواژەی “پلێتی گەرم” بەزۆری بەکاردێت بۆ وەسفکردنی ئەو ناوچانەی کە تووشی گرژییە سیاسی یان کۆمەڵایەتییەکان دەبن، بەڵام لە پارێزگای سلێمانی، ئەم دەربڕینە بووەتە واقیعێکی جیۆلۆجی.

بەگوێرەی لێکۆڵینەوەیەکی نوێ کە لە گۆڤاری (زانستە زەوییە ئاسیاییەکان)دا بڵاوکراوەتەوە، پشتڕاستی کردووەتەوە کە شارەکە لەسەر پلێتێکی جیۆلۆجی چالاکە، بەردەوام لەژێر فشاری پێکدادانی پلێتی عەرەبی و ئۆراسیادا دەشکێت و دەشکێت. ئەم توێژینەوەیە نوێترین شێوازەکانی چاودێری بومەلەرزەزانی و شیکاری داتاکانی تێکەڵ کردووە، بۆ دروستکردنی یەکەم نەخشەی ورد و متمانەپێکراوی چینە جیۆلۆجیەکان لەو ناوچەیەی پێکدادانەکان چالاکە، کاریگەرییەکانی لەسەر تێگەیشتن لە چالاکییە بومەلەرزەییەکان لە ناوچەکە و سەرچاوە کانزاکانیدا، لەوانەش نەوت و گاز ڕوون دەکاتەوە.

سلێمانی لە سەرووی یەکێک لە چالاکترین ناوچەکانی پێکدادانی کیشوەری سەر زەوییە، کە پشتێنەی زاگرۆسە، کە لەگەڵ پلێتی عەرەبی و پلێتی ئۆراسیادا تووشی پێکدادان دەبن. سەرەڕای زۆری چالاکییە بومەلەرزەییەکان، بەڵام کەمی زانیاری لەسەر ئەستووری توێکڵی زەوی لەم ناوچەیەدا و چۆنیەتی دابەشبوونی چینەکانی و سنووری نێوان توێکڵ و ڕووپۆش کە بە مۆهۆ ناسراوە لە کوێدایە؟

لە لێکۆڵینەوەکەیاندا، توێژەران مۆدێلێکی داهێنەرانەیان بەکارهێناوە بۆ کێشانی نەخشەی ژێرزەوی لەسلێمانی، پشتیان بە یەکخستنی دوو شێوازی تەواوکەری بومەلەرزەزانی لە ناوچەکەدا بەستووە، کە ئامرازەکانی “شیکاری شەپۆلی بومەلەرزەیی” و “شەپۆلی تیشکی سەر ڕووی زەوی”یان تێکەڵکردووە.

کاتێک بوومەلەرزەیەک لە شوێنێکی دوور ڕوودەدات، شەپۆلی بومەلەرزەیی دەردەچێت. خێراترینیان پێیان دەوترێت شەپۆلی P، کە بە چینە جیاوازەکانی زەویدا دەڕۆن بۆ وێستگەیەکی چاودێری بومەلەرزە. لە سنووری هەر چینێکدا ڕەنگ دەدەنەوە یان دەشکێن و شێوە و خێراییان بەپێی جۆری ئەو بەردەی کە پێیدا تێدەپەڕن دەگۆڕێت.

بۆیە شیکاری شەپۆلی بومەلەرزەزانی پشت بە خوێندنەوەی “شێواوی” ئەم شەپۆلە بومەلەرزەزانە دەبەستێت لە کاتی گەیشتنیان، بۆ ئەوەی دیاری بکات کە بە درێژایی ڕێگاکەیان لەناو زەویدا ڕووبەڕووی چی بووەتەوە. ئەم شێوازە دەتوانرێت بە “گوێگرتن” بەراورد بکرێت، کە چۆن شەپۆلەکانی بومەلەرزە دەگەنە ئامێری دەستنیشانکردن. گۆڕانکارییەکانی شێوەی ئەم شەپۆلانە بۆ زاناکانیان سەلماندووە؛ زەوی لە قووڵایی خۆیدا چی دەشارێتەوە، وەک چینە بەردەکان و شکاوی قووڵ، ئەمەش ڕێگەیان پێدەدات، تێبگەن کە چۆن توێکڵی زەوی لە ژێر ڕووی زەویدا دەشکێت.

بوومەلەرزە تەنیا بە ناوەوەی زەویدا ناڕوات؛ هەروەها هەندێک لەم شەپۆلانە بە درێژایی ڕووی زەویدا دەڕۆن. ئەمانە پێیان دەوترێت شەپۆلی ڕەیلی، دەبنە هۆی ئەوەی زەوی بەرەو سەرەوە و خوارەوە شەپۆل بدات. ئەوان بەرپرسن لە زۆربەی وێرانکارییەکانی کاتی بوومەلەرزە. ناوەکە بە ناوی زانای بەریتانی لۆرد ڕەیلی ناونراوە، کە بە شێوەیەکی زانستی وەسفی کردوون. دەکرێ بە شەپۆلەکانی ئاو بەراوردی بکەین کاتێک بەردێک فڕێدەدرێتە ناو گۆمێکەوە، بەڵام لەبری ئاو، لەسەر ڕووی زەوی ڕوودەدەن.

عیماد ئەلخەرسان، مامۆستا لە بەشی ئەندازیاری نەوت و گاز لە زانکۆی بەسرە و توێژەرێکی بەشدار لەتوێژینەوەکە دەڵێت، تێکەڵکردنی ئەو دوو شێوازە کارکردنە نیشانیدەدات ئەوەی بەدوایدا دەگەڕێین، ئەوەیە کە ئەوەی لە ژێر سلێمانیدا ڕوودەدات، بێدەنگی جیۆلۆجی نییە، بەڵکو شکانێکی خاو و بەردەوامە کە لە ئەنجامی پێکدادانی بەردەوامی نێوان پلێتی عەرەبی و ئۆراسیادا دروست دەبێت.

دەشڵێت، “مۆدێلی بومەلەرزەزانی ڕوونی بەرز کە لە توێژینەوەکەدا بەکارهاتووە، توێکڵێکی ئەستووری نیشانداوە کە دابەشکراوە بەسەر چوار چیندا، هەریەکەیان لە ژێر فشاردا ڕەفتارێکی جیاوازیان کردووە، لەگەڵ گواستنەوەیەکی ورد و ناتیژ لە سنووری توێکڵ-ڕووپۆش، ئەمەش ئاماژەیە بۆ پلەی گەرمی بەرز و شکاندنی قووڵی بەردەکان”.

ئەم تایبەتمەندیانەی لەم لێکۆڵینەوەیەدا بەکارهاتوون، بە وتەی توێژەرەکە، بەو مانایەیە کە فشارەکان لە توێکڵی هەرێمی کوردستان بە تێپەڕبوونی کات کۆدەبنەوە، نەک بە خێرایی، ئەمەش ئەگەری ئازادبوونیان داهاتوودا لە شێوەی بوومەلەرزە زیاد دەکات.

هەرچەندە توێژینەوەکە پێشبینی کات و گەورەیی بوومەلەرزەیەکی دیاریکراو ناکات، بەڵام بەڵگەی زانستی ڕوون دەخاتە ڕوو کە ناوچەکە لە سەرووی سیستەمێکی تەکتۆنیکی چالاکەوەیە، هەروەها ڕوودانی بوومەلەرزە لێرە پرسیارێک نییە کە “دەبێت؟”، بەڵکو “کەی؟” پرسیارەکەیە.

دەرەنجامەکانی توێژینەوەکە نەک هەر ئەگەری بومەلەرزەی لە ژێر شاری سلێمانی ئاشکرا کردووە، بەڵکو ژینگەیەکی جیۆلۆجی لەباری بۆ دروستبوون و کەڵەکەبوونی نەوت و غاز ئاشکراکردووە.

حەیدەر محەمەد، مامۆستای زانکۆی ئیمام جەعفەر سادق لە بەغدا و هاوکارە لە نووسینی توێژینەوەکە دەڵێت “ئەو مۆدێلە بومەلەرزەییەی کە لە توێژینەوەکەدا بەکارهاتووە، چینێکی نیشتووی ئەستووری دەرخستووە کە دەگاتە قووڵایی نزیکەی 10 کیلۆمەتر. ئەم چینە وەک حەوزێکی قووڵ کاردەکات، یارمەتیدەرە بۆ کەڵەکەبوونی هایدرۆکاربۆنەکان. هەروەها دەریانخستووە کە سروشتی بەردەکان و پلەی گەرمییان لە قووڵاییدا کاریگەری لەسەر چۆنیەتی پاڵەپەستۆی نیشتووەکان و پێگەیشتنی ماددە ئۆرگانیکەکان هەیە، لە کۆتاییدا دەگۆڕێت بۆ نەوت و گاز.

وێستگەی بومەلەرزەزانی لە سلێمانی داتای 312 بوومەلەرزەی دووری تۆمارکردووە، بەڵام 303 بومەلەرزەیان ژاوەژاو یان ناڕوون بوون. تەنها نۆ-یان سیگناڵی زۆر ڕوونیان هەبووە هەڵبژێردران. هەمان شت بۆ شەپۆلەکانی ڕەیلیش دەگونجێت؛ لە کۆی 187 دانە، تەنها 20 دانەیان هەڵبژێردران، ئەمەش ڕێگەی بە بەدەستهێنانی سیگناڵی پاک و کەم ژاوەژاو داوە.

Back to top button