جەنگی ئێران کاریگەرییەکی خراپ لەسەر کەشوهەوای هەرێمی کوردستان جێدەهێڵێت

 

پسپۆڕێکی ژینگە رایگەیاند، لێکەوتەکانی جەنگ لەسەر کۆئەندامی هەناسە زۆرن و بەگوێرەی جۆری تەقەمەنییەکە کاریگەرییەکانیان دەگۆڕێت.

د. ساڵح نەجیب، پسپۆڕی ژینگە بۆچوونی وایە، تەقەمەنییەکان کۆمەڵێک پێکهاتەی مەترسیدار دەردەدەن و هەندێکجار مادەی تیشکاوەریشی تێدایە کە مەترسییەکان زیاتر دەکات، ئەو پێکهاتە کیمیاییانەی نێو تەقەمەنییەکان رێگری دەکەن لە گەیشتنی ئۆکسجینی پێویست بە ئەندامەکانی جەستە، کاتێکیش کۆئەندامی هەناسە لاواز و ناتەندروست بوو، کاریگەریی لەسەر کۆئەندامەکانی دیکەش دەبێت.

ئەو پسپۆڕەی ژینگە هۆشداریی دا لە پیسبوونی هەوا و گوتی، “بەرگە هەوا سیستمێکی داینامیکی گۆڕاوە، کاتێک هەر پێکهاتەیەکی گازی دەچێتە نێو هەوا، پێکهاتەی نوێی زیانبەخش دروستدەکات و کاریگەری لەسەر کۆئەندامی هەناسە دەبێت.”

د. ساڵح نەجیب نموونەی بە پیسبوونی هەوای تاران هێنایەوە کە دەکرێت کاریگەریی هەبێت لەسەر هەرێمی کوردستان و تێکەڵی بەرهەمە رووەکی و خۆراکییەکان ببێت.

د. ساڵح نەجیب باسی لە رێکارەکانی خۆپارێزی کرد و گوتی، “رووپۆشی سەوزایی کاریگەریی زۆری هەیە لە کەمکردنەوەی هەوای پیس، منداڵان و بەساڵاچووان زیاتر کاریگەریی هەوای پیسیان لەسەرە، بۆیە باشترە ماسک بەکاربهێنن بۆ داپۆشینی قورگ، لووت و دەمیان.”

Back to top button