رەفیق سابیر، شاعیرانە ژیا و شاعیرانەش مرد

کاتژمێر 8:30 خولەکی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە بە کاتی سوید، کورد شاعیرێکی ناودار و بە هەڵوێستی لەدەستدا، پیاوێک کە شاعیرانە ژیا و شاعیرانش کۆچی دواییکرد، سیاسەت و ڕۆژگار پەڵەیەکی بچوکیشیان نەخستە سەر مێژووەکەی.

لە نەخۆشخانەی بەناوبانگی “کارۆلینسکا” لە ستۆکهۆڵم، رەفیق سابیر، شاعیری ناوداری کورد و خاوەنی دەقی “لاوکی هەڵەبجە”، کە بۆ مەرگەساتی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەی نوسیبوو، کۆچی دوایی کرد. رۆژی دووشەممەی رابردوو ڕەفیق سابیر نەشتەرگەری بۆ کرا، بەڵام جەستەی بەرگەی نەگرت و کاردانەوەی بۆ چارەسەرەکان لاواز بوو، دواجار ئەم بەیانییە کۆچی دواییکرد.

ڕەفیق سابیر کاری سیاسی لەگەڵ حیزبی شيوعی عێراق کردووە. لەدوای راپەڕین لێی جیابووەوە، ماوەیەک بووە سەرکردەی شیوعییە کوردستانییەکان و دوایی لە کاری سیاسی دوورکەوتەوە.

رەفیق سابیر پێش گیان سپاردنى، سێ وەسێتی سەرەکی کردووە کە ئەمانەن:

یەکەم: ئەگەر کرا تەرمەکەم ببەنەوە بۆ کوردستان و لە زێدی خۆم لە قەڵادزێ بمنێژن.
دووەم: سەرجەم کتێب و کتێبخانە تایبەتییەکەم پێشکەشی کتێبخانەی گشتیی قەڵادزێ دەکەم.
سێیەم: کۆمەڵێک “نامەی ئەدەبی”م هەیە، دوای مردنم بڵاویان بکەنەوە.

پێنج ساڵ لەمەوبەر هاوسەرەکەی رەفیق سابیر، هەر بە نەخۆشی شێرپەنجە کۆچی دوایی کردبوو. ئێستا لە دوای خۆیان تەنیا کچێکیان بەناوی “ماریا” بەجێهێشتووە.

رەفیق سابیر (لەدایکبووی 1950 – قەڵادزێ)، یەکێک بوو لە دیارترین شاعیرە هاوچەرخەکانی کورد. ئەو بەوە ناسرابوو کە شیعرەکانی بەشێک بوون لە ناسنامەی ئازارەکانی گەلەکەی، بەتایبەت “لاوکی هەڵەبجە”.

لاوکی هەڵەبجە:

بە تەنیا جێی مەهێڵن،
ئەمشەو زریان دەیچێنێت !
تەم و مژ دایدەپۆشێت ،
مانگەشەو دەیڕفێنێت ؛
گەرووی بە گزنگ تەڕ کەن ،
زامەکانی بە شیلان ،
بە گۆرانی دایپۆشن ،
یان بە سەوزی دارستان ..
سەری بە شەپۆلان کەن ،
با ئەم شەوە ڕایژێنێت ؛
باڵای لە هەور بگرن ،
برووسکە و با دەچێنێت !

بە تەنیا جێی مەهێڵن ؛
منداڵێکی لاسارە ،
شار بەردە باران دەکات ،
مانگ دەکات بە کۆلارە ؛
سوارە ، چ شۆرەسوارێک !
ئەسپی هەتاو زین دەکات ؛
بە گۆرانی و تیشک و ماچ ،
سەر زەمین بەرین دەکات .
با کەژاوەی لە گوڵ بێت ،
یان لە پەلکەزێڕینە ،
زەماوەندی خوێن دەگرێت ؛
ئەمشەو پاشای ئەوینە …..!!
ئاشقێکی لاسارە !
بروسکە و با دەچێنێت ،
بە تەنیا جێی مەهێڵن ؛
مانگە شەو دەیڕفێنێت .

Back to top button