لێشاوی کۆچی خەڵکی ئێران بەهۆی جەنگەوە دەستیپێکردووە

 

بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، بەتایبەتی بەهۆی بۆردومانکردنی بنکە و بارەگا سەربازیی و ئەمنییەکان لەشوێنە ئاوەدانەکان و شارە گەورەکان، سەدان هەزار کەس ئاوارە بوون و پێویستی زۆریان بە هاوکاریی بە پەلە هەیە.

لە نێوان ڕۆژانی 4 بۆ 18ی ئەم مانگە، نزیکەی 26 هەزار و 600 خێزانی ئێرانی وڵاتیان بەجێهێشتووە و چوونەتە ناو وڵاتی تورکیا، جگە لەو خێزانانەی بەرەو وڵاتەکانی دیکە بەڕێکەوتوون، هەروەها لەناوخۆی وڵاتەکەدا نزیکەی ملیۆنێک خێزان ئاوارە بوون.

حکومەتی ئێران، چەندین ئاماری لەبارەی دۆخی ئاوارەبوونی خەڵکی ئێران بڵاوکردووەتەوە و دەردەکەوێت نزیکەی یەک ملیۆن خێزان لە ناوخۆی وڵاتدا ئاوارە بوون، دەروازە سنوورییەکانی تورکیا و ئێران قەرەباڵغن و خەڵک هەڵدێن.

هەروەها بەهۆی داخرانی هاتوچۆی ئاسمانی ئێران، خەڵک تەنها سنوورە وشکانییەکان بەکاردەهێنن و لەگەڵ ئەوەی خەڵکی گیرخواردوو لە دەرەوەی ئێران پاش جەنگەکە بەڕێگەی وشکانی گەڕاونەتەوە ناو ئێران، بەڵام زیاتر لە 25 هەزار خێزان چوونەتەوە ناو تورکیا، کە بەشێکیان بەتەواوی لەوێوە ڕێگەی ئەوروپا و وڵاتانی دیکە دەگرنە بەر و هەندێکی دیکەیان پێدەچێت پاش جەنگ بگەڕێنەوە بۆ ناو وڵات.

ژنێکی تەمەن 70 ساڵ، کە لە تارانەوە هاتووە و چووە بۆ تورکیا دەڵێت: چەند شەوێک لە ژوورێکی بێ پەنجەرەدا خەوتووە، نەیوێراوە بچێتە ژوورێکەوە کە پەنجەرەی هەبێ، نەوەک شوێنێکی نزیکی ماڵەکەی بۆردومان بکرێت و پارچە شوشەی ژوورەکەی مەترسیی لەسەر ژیانیان دروست بکات.

مامۆستایەک و کچە 8 ساڵانەکەی بە وۆڵ ستریت جۆرناڵیان وتووە: کچەکەی لای خزمێکی لە تورکیا جێدەهێڵێت و خۆی دەگەڕێتەوە بۆ تاران بۆ چاودێریکردنی دایکی. گەنجێکی قوتابیش دەڵێت: هەموومان نەخۆش کەوتووین، چونکە خەمی وڵاتەکەمان ئەخۆین.

هەروەها زۆرێک لەو کەسانەی دەگەڕێنەوە بۆ ئێران، ترسیان هەیە نەتوانن هەواڵی خێزانەکانیان بزانن، چونکە ئەنتەرنێت نییە، پەنابەرەکان باس لەوە دەکەن شت زۆر گران بووە، گۆشت و ماسی لەسەر سفرەی زۆرێک لە خەڵک نەماوە.

زۆرینەی ئەو ئێرانییانەی چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کراوە لەسەر سنووری تورکیا، پێیان وایە ڕژێمی ئێران دەمێنێتەوە، هەندێکیان دەڵێن: ڕاستە حەزمان لەم حکومەتە نییە، بەڵام ئێستا ئەوان تەنیا کەسن کە چەکیان پێیە و دەتوانن بەرگریمان لێ بکەن.

هەندێکی تریش دڵیان خۆشە، بە فرسەتی ئەزانن ئەم رژێمە بگۆڕێت، بەڵام نیگەرانن لە وێرانبوونی ژێرخانی ئابووری وڵاتەکەیان.

دەیڤید جۆن، بەرپرسێکی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچبەران لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە جنێڤ وتی: ئێمە یارمەتی بەشێک لە کۆچبەرانمان داوە بگەڕێنەوە بۆ ئێران، بەڵام “داواکاریی پەنابەران بۆ بەجهێهێشتنی ئێران بە سەدانن و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر دەبن”، بەبێ ئەوەی وردەکارییەکان سەبارەت بە ڕەگەزنامەی ئەو کۆچبەرانە بخاتەڕوو کە کۆچیانکردووە یان داوای هاوکارییان کردووە.

ژمارەی نیشتوانی ئێران زیاتر لە 87 ملیۆن کەسە، ئەگەر جەنگی ئێران درێژە بکێشێت و ببێتە هۆی تەقینەوەی ناکۆکییە ناوخۆییەکان، ئەوکاتە بە دوور نازانرێت ببێتە هۆی دەستپێکردنی شەپۆلێکی دیکەی کۆچی پەنابەران بەرەو وڵاتانی چواردەور و جیهان، بەتایبەتی بۆ تورکیا و ئەوروپا، لەو چوارچێوەیەدا تورکیا هەفتەی ڕابردوو ئاشکرایکرد، بۆئەوەی سیناریۆی کۆچبەرانی سووریا لە وڵاتەکەی دووبارە نەبێتەوە لەسەر سنووری ئێران پلانی پێشوەختیان هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەرێک.

 

Back to top button