حکومەتی سوید کۆمەڵێک مەرجی توند بۆ کۆچبەران دادەنێت

 

حکومەتی سوید بەرەو یاسای توندتر بۆ پرسی کۆچبەرن هەنگاو دەنێت، کە ڕەنگە هەزاران کۆچبەر بخاتە ژێر مەترسی لەدەستدانی مافی مانەوە، ئەمەش مشتومڕی گەورەی لەو وڵاتە دروستکردووە.

حکومەتی سوید ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە ڕایگەیاند، بەنیازە یاسایەکی نوێ پێشنیاز بکات، کە کۆچبەران پابەند دەکات بەوەی پێی دەوترێت “ژیانکردن بە دەستپاکی” وەک مەرجێک بۆ بەردەوامبوون لە مانەوە لەو وڵاتە، لەگەڵ ئەگەری دیپۆرتکردنەوە لە ئەگەری نەبوونی ئەو پێوەرەدا.

ئەم پڕۆژەیە لە چوارچێوەی پاکێجێکی فراوانتری چاکسازییەکانی کۆچبەریدایە، کە حکومەتی ڕاستکرەو داڕێژەریەتی و لە ساڵی 2022 بە بەرنامەیەک کە جەخت لەسەر توندکردنەوەی سیاسەتەکانی پەیوەست بە کۆچبەری دەکاتەوە گەیشتە سەر دەسەڵات. حکومەت بە پشتیوانی پارتی “دیموکراتەکانی سوید” کاردەکات، کە پارتێکی ڕاستڕەوی توندڕەوی دژە کۆچبەرییە و ژمارەیەک لە داواکارییەکانیان لە ناو سیاسەت و پێشنیازەکانی ئێستای حکومەت جێگیر کراون.

حکومەت هەوڵ دەدات ئەم ڕێکارانە پێش هەڵبژاردنە نیشتمانییەکانی مانگی ئەیلوول تێپەڕێنێت، بەو مەرجەی ئەگەر لە پەرلەمان پەسەند بکرێت، یاساکە لە 13ی تەمموزدا بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

چی بۆ کۆچبەران دەگۆڕێت؟

بەپێی پڕۆژەیاساکە، حکومەت دەسەڵاتی فراوانتری دەبێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی مانەوەی ئەو کەسانەی کە بە “پابەند نەبوو بە پێوەرەکانی ژیان بە دەستپاکی” دادەنرێن. حکومەت جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئامانجەکە بەهێزکردنی ڕێزگرتنە لە یاسا و نەریتە کۆمەڵایەتییەکان. یۆهان فۆرسێل، وەزیری کۆچبەران، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: “پابەندبوون بە یاسا و ڕێساکان شتێکی ئاشکرایە، بەڵام دەبێت ئەوەش ئاشکرا بێت کە هەموو هەوڵێک بدەین بۆ ئەوەی بە بەرپرسیارێتیەوە بژین و زیان بە وڵاتەکەمان نەگەیەنین”.

فۆرسێل نموونەی ئەو حاڵەتانەی ڕوونکردەوە کە دەبنە هۆی لەدەستدانی مافی مانەوە و گوتی: “بۆ نموونە ئەگەر دانەوەی قەرزەکانت پشتگوێخست، یان پابەندی بڕیارەکانی دەسەڵاتدارانی سوید نەبوویت، یان فێڵت لە سیستەمی هاوکارییەکان کرد، یان بە شێوەیەکی نایاسایی مۆڵەتی مانەوەی سویدت بەدەستهێنا… ئەوا مافی ئەوەت نییە لێرە بمێنیتەوە”. هەروەها بەرپرسان ئاماژەیان بەوە کردووە کە کارکردن بەبێ پێدانی باج یان نەدانی پێبژاردنەکان، ڕەنگە دۆخی مانەوەی پەنابەر بخاتە مەترسییەوە.

لەلایەکی ترەوە، پڕۆژەکە ڕەخنەی ڕێکخراوە مافناسییەکانی لێکەوتەوە، لەوانە ڕێکخراوی (بەرگریکاران لە مافە مەدەنییەکان) کە پێیان وایە چەمکی “ژیان بە دەستپاکی” تا ئێستا ناڕوونە و ڕەنگە دەرگا بۆ مامەڵەی نادادپەروەرانە بکاتەوە.

جون ستۆفەر لە بەیاننامەیەکدا گوتی: “ڕەچاوکردنی لێدوانە ناتاوانکارییەکان (ئەوانەی تاوان نین)، تەنانەت ئەگەر هۆکارێکی سەربەخۆش نەبن بۆ ئەوەی کەسەکە بە پابەندنەبوو بە “ژیان بە دەستپاکی دابنرێت، نیگەرانییەکی جددی دروست دەکات”.

جگە لە مەرجی “ژیان بە دەستپاکی”، پێشنیارەکە فراوانکردنی هۆکارەکانی هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی مانەوە دەگرێتەوە بۆ ئەو حاڵەتانەی کە تێیدا تاکەکان وەک هەڕەشەی ئەمنی دەبینرێن، یان ئەگەر سەلمێنرا کە زانیاری نادروستیان لە ناو داواکارییەکانی مانەوەدا پێشکەش کردووە.

Back to top button