بڕیارێکی نوێی ئیتاڵیا لەبارەی کۆچی نایاساییەوە مشتوومڕی دروستکردووە

 

ڕۆژی هەینی ئەنجومەنی وەزیرانی ئیتاڵیا یاسایەکی باری نائاساییی ئەمنیی لە ماوەی چەند خولەکێکی کەمدا پەسەندکرد، یاساکەش پاداشتێک بۆ ئەو پارێزەرانە لەخۆدەگرێت کە بریکارە کۆچبەرەکانیان هان دەدەن بۆ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە.

ئەنجومەنی وەزیران ڕاستکردنەوەیەکی کەمی لە ڕێکارەکەدا ئەنجامدا؛ بەگوێرەی میدیای ئیتاڵیی دەقە نوێیەکەی یاساکە بازنەی ئەو لایەنانە فراوانتر دەکات کە مافی ئەوەیان هەیە ئاسانکاری بۆ بەشداریکردنی بیانییەکان لە بەرنامەکانی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەدا بکەن و پاداشتەکە وەربگرن، ئێستا تەنیا بۆ پارێزەران سنووردار نەکراوە، بەڵکو ڕێکخراو و کۆمەڵە قازانج نەویستەکانیش دەگرێتەوە.

ئەم ڕێکارە بۆ ماوەی سێ ساڵ بەردەوام دەبێت، واتە تا ساڵی 2028، وەک پڕۆژەیەکی “ئەزموونیی” سەیر دەکرێت. حکومەت بەنیازی تەرخانکردنی بودجەیەکە بە بڕی 246 هەزار یۆرۆ بۆ ئەمساڵ، پاشان 492 هەزار یۆرۆ بۆ ساڵی 2027 و هەمان بڕیش بۆ ساڵی 2028 بە مەبەستی جێبەجێکردنی ئەو ڕێکارە.

لە لایەکی دیکەوە، کۆمەڵەی نیشتمانیی دادوەران لە بەیاننامەیەکدا کە 18ی نیسان بڵاوی کردەوە، پێی وایە ڕێکارێکی لەو شێوەیە “دژی بیرۆکەی بەرگریی (یاسایی)یە، چونکە پاداشتەکە دەبەستێتەوە بە شکستی بەرگرییەکەوە، ئەمەش پێش ئەوەی پێشێلکاریی یاسایی بێت، پێشێلکردنی لۆژیکە”. کۆمەڵەکە جەختی کردەوە کە “مافی بەرگریکردن لە هەموو بوارەکاندا دەبێت بە تەواوەتی، ئازاد و بە کردەیی بەردەست بێت”.

هەروەها دەقی یاساکە دەسەڵاتی پارێزگارەکان و هێزە ئەمنییەکان فراوانتر دەکات بۆ دەستبەسەرکردن، ناسنامە دیاریکردن و دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران، لەگەڵ تەرخانکردنی 85 ملیۆن یۆرۆ بۆ فراوانکردنی سەنتەرەکانی دەستبەسەرکردنی کارگێڕی.

یاساکە هەروەها دەبێتە هۆی لاوازکردنی مافی بەرگریی بیانییەکان دژی دیپۆرتکردنەوە. تا ئێستا بڕگەیەک لە یاسای ئیتاڵیادا هەبوو کە هاوکاریی یاسایی بێبەرانبەری (واتە لەسەر تێچووی دەوڵەت) بۆ ئەو کەسانە مسۆگەر دەکرد کە هاوڵاتی یەکێتیی ئەوروپا نین لە چوارچێوەی تانەگرتن دژی دیپۆرتکردنەوە، بەڵام ماددەی ٢٩ی یاسا نوێیەکە ئەم بڕگەیەی هەڵوەشاندەوە.

 

Back to top button