
یەکێک لە گەورەترین قاچاخچییەکانی مرۆڤ، کە تۆڕەکەی بە بەرپرسیار لە زۆربەی گەشتە نایاساییەکانی پەڕینەوە لە نۆکەندی ئینگلیز (مانش) لە ساڵانی ڕابردوودا دادەنرێت، لە ڕێگەی لێکۆڵینەوەیەکی بنکۆڵکاریی دەزگای بی بی سییەوە پەردەی لەسەر لادرا.
ئەم گەنجە تەمەن 28 ساڵە کە کوردێکی دانیشتووی ڕانیەیە، چەندین ساڵە لە ڕێگەی بەکارهێنانی ناوی خوازراوی “کاردۆ ڕانیە”ـوە لە دەستگیرکردن ڕایکردووە. ئەو ناوی ڕاستەقینەی خۆی وەک نهێنییەکی پارێزراو هێشتبووەوە، ئەمەش بووەتە هۆی پەکخستنی هەوڵەکانی دەزگا ئەمنییە نێودەوڵەتییەکان بۆ دەرکردنی فەرمانی گرتنی نێودەوڵەتی بۆی.
نەبوونی زانیاری لەسەر ناوی ڕاستەقینەی کاردۆ ڕانیە، کاری هێزە ئەمنیە جیاوازەکانی ئەوروپای قورس کردبوو بۆ شوێنپێ هەڵگرتنی یان گەیشتن بەو سەرەداوانەی کە لە سنوورەکانی خۆیان تێدەپەڕن.
بەڵام من و هاوکارەکەم “ڕۆب لۆری”، لە ڕێگەی پەیوەندییەکانمان لە جیهانی قاچاخچێتیدا، توانیمان شوێنپێی سەرەداوەکان هەڵبگرین؛ لە کەمپی کۆچبەران لە کەناراوەکانی باکووری فەرەنساوە تا دەگاتە هەرێمی کوردستان. لەوێ توانیمان ناسنامە و ناوی ڕاستەقینەی کاردۆ ڕانیە و وردەکارییەکانی ژیانی بەدەستبهێنین و لە کۆتاییدا ڕووبەڕووی ببینەوە.
ڕانیە؛ ناوەندی تۆڕە نێودەوڵەتییەکان
کاردۆ ڕانیە تۆڕێکی قاچاخچێتی بەڕێوەدەبات کە ڕێڕەوەکانی لە ئەفغانستانەوە تا بەریتانیا درێژ دەبنەوە. ئەو نازناوەکەی لە شاری ڕانیەوە وەرگرتووە کە زێدی خۆیەتی. بەپێی ڕاپۆرتێکی ساڵی 2024ی سەنتەری “چاتم هاوس”، ئەم ناوچەیە “پڕە لە تۆڕە چالاکەکانی قاچاخچێتی”.
دان کاناتێلا-بارکرۆفت، یاریدەدەری بەڕێوەبەری ئاژانسی نیشتمانیی دژایەتی تاوان لە بەریتانیا (NCA) دەڵێت: “دەتوانین بڵێین زۆربەی مۆدێلی بازرگانیی تاوانکاریی بەلەمە بچووکەکان لە لایەن کوردەکانەوە کۆنتڕۆڵ کراوە.” ئاماژەی بەوەش کرد کە ژمارەیەک قاچاخچی کە خەڵکی ڕانیەن یان لەوێ کار دەکەن، بوونەتە ئامانجی ئاژانسەکەیان.
قاچاخچییەک لە کەمپێکی فەرەنسا پێی ڕاگەیاندین کە ئەو تۆڕەی بازرگانیی پەڕینەوە لە نۆکەندەکە بەڕێوەدەبات، زۆرجار بە ناوی “کوڕانی ڕانیە” ناودەبرێن. دکتۆر موسەنا ئەمین، پەرلەمانتارێکی کورد لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت: “ئەمە تۆڕێکی بەهێزە و هەمووی دەگەڕێتەوە بۆ ڕانیە. ئەگەر بە ڕاستی ئەو قاچاخچییانە بگیرێن کە لە ڕانیەوە کۆنتڕۆڵی شتەکان دەکەن، ڕەنگە 70٪ی کێشەی کۆچبەری لە بەریتانیا چارەسەر بێت.”
خزمەتگوزاری “VIP” و نرخی گران
کاردۆ ڕانیە لە سۆشیاڵ میدیا سڵ ناکاتەوە لە نیشاندانی ڕوخساری بۆ ڕیکلامکردنی کارەکانی. ئەو ڤیدیۆی ژیانێکی شاهانە لە لەندەن بڵاودەکاتەوە بۆ سەرنجڕاکێشانی کڕیارەکان. قاچاخچییەکی پێشوو پێی ڕاگەیاندین کە تۆڕەکەی کاردۆ نزیکەی 17 هەزار یۆرۆ (15هەزار پاوەند) لە هەر کۆچبەرێک وەردەگرێت بۆ گەیاندنی لە عێراقەوە بۆ بەریتانیا. هەرچەندە نرخەکەی لە ڕکابەرەکانی بەرزترە، بەڵام بانگەشەی ئەوە دەکات کە گەشتێکی بێوەیتر و خزمەتگوزاری “VIP” پێشکەش دەکات.
چیرۆکە تراژیدییەکان؛ شوانە و بەلەمە نوقمبووەکە
لە کەمپێکی فەرەنسا، چیرۆکی گەنجێکی خەڵکی ڕانیەمان بیست بە ناوی شوانە. ئەم گەنجە تەمەن 24 ساڵە لە تشرینی دووەمی ڕابردوو گەیشتووەتە کەناراوەکانی فەرەنسا و لەگەڵ 100 کەسی تردا خراوەتە ناو بەلەمێکەوە کە تەنها جێگەی 20 کەسی تێدا بووەتەوە. بەلەمەکە لە ناوەڕاستی ڕێگادا نوقم دەبێت؛ زۆربەی سەرنشینەکان ڕزگار دەکرێن، بەڵام چوار کەس لە تاریکیدا ون دەبن کە شوانە یەکێکیانە و تا ئێستا تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە.
یەکێک لە هاوسەفەرەکانی شوانە، ژمارەیەکی مۆبایلی پێ نیشانداین کە بۆ هەماهەنگیی گەشتەکە لە واتسئەپ بەکارهاتووە؛ هەمان ئەو ژمارەیە بوو کە لە ڕیکلامەکانی کاردۆ ڕانیەدا بڵاوکراوەتەوە. خێزانەکەی شوانە لە ڕانیە دەڵێن کوڕەکەیان لە ژێر کاریگەریی ئەو ڕیکلامانەدا بووە کە بەڵێنی ژیانێکی پڕخێروبێریان لە بەریتانیا پێ دەدا.
هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت: “دەنگی قاچاخچییەکان لە دەنگی میدیا و دەنگی حکومەت بەرزترە.”
چۆن “پاشاکە”مان ڕاوکرد؟
لە ڕانیە مۆزەخانەیەکی بچووک هەیە کە لە لایەن بەکر عەلی-یەوە دروستکراوە بۆ یادکردنەوەی ئەو کەسانەی لە دەریاکاندا خنکاون. بەکر عەلی ئێستا بەهۆی هەڕەشەی قاچاخچییەکانەوە لە ژێر پارێزگاریی 24 کاتژمێریی پۆلیسدایە. کاتێک وێنەی کاردۆ ڕانیەمان پێ نیشان دا، یەکسەر ناسییەوە.
دواتر لە واتسئەپەوە پەیوەندیمان بە قاچاخچییەکی پلە دووەوە کرد. دوای چەند ڕۆژێک لە گفتوگۆ، دۆکیومێنتێکی بۆ ناردین کە وێنە و بەرواری لەدایکبوون و گرنگتر لە هەمووی، ناوی ڕاستەقینەی کاردۆ ڕانیەی تێدا بوو: (کاردۆ محەمەد ئەمین جاف).
ڕووبەڕووبوونەوە
وەرگێڕەکەی ئێمە بەناوی کۆچبەرێکەوە پەیوەندی بە ژمارەکەی کاردۆوە کرد. کەسێک وەڵامی دایەوە و وتی تێچووی گەشتێکی VIP بۆ خێزانێک 160 هەزار پاوەندە و گەشتەکە بە فڕۆکە دەبێت بۆ فڕۆکەخانەیەکی دەرەوەی لەندەن.
دوای چەند ڕۆژێک، خودی کاردۆ (جاف) پەیوەندی پێوە کردینەوە. لەو کاتەدا ڕاستەوخۆ ڕووبەڕوومان کردەوە بەو بەڵگانەی لەسەر کارە قاچاخەکانی هەمانبوو. ئەو نکوڵی لەوە کرد کە قاچاخچی بێت و وتی تەنها “ڕێنمایی” خەڵکی کردووە چۆن عێراق جێبهێڵن. سەبارەت بە ونبوونی شوانەش، وتی دەزانێت یەکێک لە سەرنشینەکان نەدۆزراوەتەوە، بەڵام “هیچ پەیوەندییەکی بەوەوە نییە”.
سزای هاوکارانی و ئاستەنگە ئەمنییەکان
لەم دواییانەدا، یەکێک لە هاوکارانی کاردۆ بە ناوی نوح ئارۆن لە فەرەنسا سزای 10 ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپێنرا. نوحیش وەک جاف ئەندامی “کوڕانی ڕانیە” بووە.
یەکێتیی خزمەتگوزارییەکانی کۆچبەری لە بەریتانیا دەڵێت دوای برێکزیت (چوونەدەرەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا)، گەیشتن بە داتاکانی تاوانباران قورستر بووە چونکە چیتر بەشێک نین لە ڕێککەوتنی ئاڵوگۆڕی زانیارییەکان.
هەرچەندە ئێستا شوێنی کاردۆ محەمەد ئەمین جاف نادیارە، بەڵام بەهۆی ئاشکرابوونی ناوی ڕاستەقینەی لەم لێکۆڵینەوەیەدا، چیتر بەزاندنی سنوورەکان بەبێ ناسینەوە بۆ ئەو کارێکی ئاسان نابێت. ئێستا لانی کەم لە لایەن هێزێکی پۆلیسی ئەوروپاوە داواکراوە بۆ لێپێچینەوە.





