کۆچکردن بۆ بەریتانیا بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە

بەپێی ئامارەکانی نووسینگەی نیشتمانیی بەریتانیا بۆ ئامار، پوختەی کۆچ (جیاوازی نێوان هاتو و ڕۆیشتووەکان) لەو وڵاتەدا لە ساڵی 2025 بۆ نیوە دابەزیوە، بە جۆرێک گەیشتووەتە 171 هەزار کەس لە بەرامبەر 331 هەزار کەس لە ساڵی 2024 ئەمەش لەلایەن حکومەتی بەریتانیاوە وەک سەرکەوتنی سیاسەتەکانی لە کەمکردنەوەی کۆچبەریدا سەیر کرا.

حکومەتی بەریتانیا پێشوازی لە دابەزینی ئاماری کۆچ بۆ نیوە لە وڵاتەکەیدا بۆ ساڵی 2025کرد، کە گەیشتووەتە 171 هەزار کەس، ئەمەش نزمترین ئاستە لە دوای ساڵی 2021ـەوە. ئەم دابەزینەش بە شێوەیەکی سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ کەمبوونەوەی ڤیزای کار.

نووسینگەی نیشتمانیی بۆ ئامار (ONS) ڕایگەیاند پوختەی کۆچ، کە بریتییە لە جیاوازی نێوان ژمارەی ئەو کەسانەی دێنە ناو وڵاتەکە و ئەوانەی لێی دەچنە دەرەوە، لە 331 هەزار کەس لە ساڵی 2024ەوە بۆ 171 هەزار کەس لە ساڵی 2025 دابەزیوە.

پێشتریش ژمارەکان لە ساڵی 2024 بە ڕێژەی زیاتر لە 60٪ دابەزینێکی بەرچاویان بەخۆوە بینیبوو، دوای ئەوەی لە ساڵی پێشتردا گەیشتبووە لوتکە بە 860 هەزار کەس. لە ساڵی 2025دا، نزیکەی 813هەزار کەس کۆچیان بۆ شانشینی یەکگرتوو کردووە، لە کاتێکدا 642 هەزار کەس وڵاتەکەیان جێهێشتووە.

کییەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی “ئێکس” نووسیویەتی: “بەڵێنم دابوو کۆنتڕۆڵی سنوورەکانمان بگرینەوە دەست. حکومەتەکەمان پابەندە بە بەڵێنەکانییەوە”، ئەمەش لە کاتێکدایە کە حکومەتەکەی ڕووبەڕووی دۆخێکی ناسەقامگیر بووەتەوە دوای ئەو شکستە گەورەیەی پارتی کرێکاران لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی 7ی ئایاردا تووشی بوو، لەگەڵ دەرکەوتنی نیشانەکانی کێبڕکێ بۆ جێگرتنەوەی لە ناو پارتەکەدا.

جێی باسە کە پارتی “چاكسازیی شانشینی یەکگرتوو”ی دژە کۆچبەران گەورەترین براوەی ئەو هەڵبژاردنانە بوو، و نایجڵ فەراجی سەرۆکیشی پێشەنگی ڕاپرسییەکانی گرتووە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو کە بڕیارە لە ساڵی 2029 بەڕێوە بچێت.

کییەر ستارمەر وتیشی: “دەزانم کە هێشتا کاری زۆر ماوە بکرێت، ئێمە لە هەوڵی دروستکردنی سیستەمێکی کۆچداین کە لەسەر بنەمای لێهاتوویی بێت و کۆتایی بە پشتبەستنمان بە دەستی کاری هەرزانی بیانی بهێنێت”.

لە لای خۆیەوە، شەبانە مەحمود، وەزیری ناوخۆ، کە ڕووبەڕووی ڕەخنەی باڵی چەپی پارتی کرێکاران بووەتەوە بەهۆی وتارە دژە کۆچبەرەکانییەوە، جەختی لەوە کردەوە کە: “ئێمە هەمیشە بە باوەشی کراوەوە پێشوازی لەوانە دەکەین کە خزمەت بەم وڵاتە دەکەن و دەیانەوێت ژیانێکی باشتری تێیدا بونیاد بنێن. بەڵام دەبێت سیستەم و کۆنتڕۆڵ بگەڕێنینەوە بۆ سنوورەکانمان”.

هەوڵەکانی لەندەن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی کۆچ

بەپێی ئامارەکانی نووسینگەی نیشتمانیی بۆ ئامار، کەمبوونەوەی ڤیزای کار “هۆکاری سەرەکیی” دابەزینی پوختەی کۆچە. نووسینگەکە ئاماژەی بەوەش کرد کە “ژمارەی هاووڵاتیانی وڵاتانی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا کە بە مەبەستی کارکردن هاتوون، لە ساڵی 2025دا بە ڕێژەی 47٪ کەمیکردووە”. جێی باسە کە کۆچی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپاش لە دوای چوونە بواری جێبەجێکردنی “برێکسیت” لە ساڵی 2020ەوە لە پاشەکشەی بەردەوامدایە.

لە بەرامبەردا، بەپێی ئامارەکانی نووسینگەی نیشتمانیی بۆ ئامار، داواکارییەکانی مافی پەنابەری کەمێک زیادیان کردووە و گەیشتوونەتە 88 هەزار داواکاری لە ساڵی 2025دا، واتە هەزار داواکاری زیاترە لە ساڵی پێشتر. نووسینگەکە ڕوونیکردەوە کە ئەم ژمارەیە “ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە دوای گەیشتنیان لە ڕێگەی کەناڵە یاساییەکانەوە یان لە ڕێگەی هاتنە ناوەوەی نایاساییەوە داوای مافی پەنابەرییان کردووە”، بەتایبەتی ئەوانەی بە بەلەمی بچووک نۆکەندی ئینگلیز (مانش) دەبڕن.

بەپێی داتاکانی وەزارەتی ناوخۆ، 41 هەزار و 472 کۆچبەر لە ساڵی 2025دا ئەم گەشتە پڕ مەترسییەیان ئەنجامداوە، ئەمەش دووەم بەرزترین ژمارەیە لە دوای ژمارە پێوانەییەکەی ساڵی 2022 کە 45 هەزار و 774 کۆچبەر بوو. ئەو وڵاتانەشی کە زۆرترین کۆچبەریان لێوە هاتووە بریتی بوون لە ئەریتریا، ئەفغانستان، ئێران، سودان، و سۆماڵ، ئەمەش بەپێی ئەو داتایانەی کە ماوەی نێوان تشرینی یەکەمی 2024 تا ئەیلوولی 2025 دەگرێتەوە. لە یەکی کانوونی دووەمیشەوە، نزیکەی 7 هەزار و 600 کۆچبەر لە ڕێگەی بەلەمی بچووکەوە گەیشتوونەتە ئینگلتەرا.

Back to top button