
ماڵپەڕی “دۆیچە ڤێلە”ی ئەڵمانی، ڕۆژی پێنجشەممە لە زاری تاریق لەملوم، ڕۆژنامەنووسی لیبی و چاودێری کاروباری مافەکانی کۆچبەران بڵاویکردەوە، زیاتر لە 300 گەنجی هەرێمی کوردستان لە ناوخۆی لیبیادا ڕووبەڕووی پێشێلکاریی توند بوونەتەوە، کە ڕفاندن، ئەشکەنجەدان و هەڕەشەی دەرهێنانی گورچیلەکانیان لەبەرامبەر پێدانی سەرانە.
لە ڕاپۆرتەکەی DWدا هاتووە: قوربانییەکان لە ڕێگەی فرۆکەخانەکانەوە دەگەنە لیبیا بێ ئەوەی پرسیاری هۆکاری هاتنیان لێ بکرێت، لەوێش لەلایەن قاچاخچییانی سەر بە میلیشیا ناوخۆییەکانەوە پێشوازییان لێ دەکرێت، بۆ ئەوەی دواتر بگوازرێنەوە بۆ سەر ئەو بەلەمانەی بەرەو ئەوروپا بەڕێ دەکەون، لەکاتێکدا ئەو کەسانەی سەرانە نادەن، لە ناوەندەکانی دەستبەسەرکردندا ڕووبەڕووی پێشێلکاریی جەستەیی و ئەشکەنجەدان دەبنەوە.
بەپێی ڕاپۆرتە بنکۆڵکارییەکە، کە دەستەی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی بەریتانی (بی بی سی) گواستوویەتییەوە، زیاتر لە 300 کۆچبەر کە هاوینی ڕابردوو لە ڕێگادابوون بەرەو بەریتانیا، ڕفێندراون و ئەشکەنجە دراون، هەروەها هەڕەشەی دەرهێنانی زۆرەملێی ئەندامانی جەستەیان لێکراوە.
ڕاپۆرتەکە ئەوەشی زیاد کردووە کە گەنجەکان، کە سەرجەمیان خەڵکی هەرێمی کوردستانن، لە لیبیا لەلایەن میلیشیایەکەوە ڕفێندراون کە داوای سەرانەیان بە بڕی 5000 دۆلار بۆ هەر کەسێک لە بنەماڵەکانیان کردووە، و هەڕەشەی ئەوەیان لێکردوون کە ئەگەر بە خێرایی پارەکە نەدەن، گورچیلەی دەستبەسەرکراوەکان دەردەهێنن.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، دەستبەسەرکراوانی پێشوو باسیان لەوە کردووە کە ئەشکەنجە دراون، و جەختیان کردووەتەوە کە لە دۆخێکی زۆر سەختدا زیندانیکراون، بە شێوەیەک کە نزیکەی 180 کەس لە یەک ژووری دەستبەسەرکردندا زیندانیی بوون، هۆشداریشی داوە لە تۆمارکردنی لانی کەم گیانلەدەستدانی یەکێک لە بارمتەکان، لەکاتێکدا ژمارەی ئەو کەسانەی کە هێشتا دەستبەسەرن بە ڕوونی نەزانراوە.





