ئەوروپا لەگەڵ ڕواندا بۆ دامەزراندنی ناوەندێکی دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران ڕێکدەکەوێت

بڕیاڕە پێنج وڵاتی یەکێتیی ئەوروپا، لەنێویاندا ئەڵمانیا و دانیمارک، ڕێککەوتنێک ڕابگەیەنن بۆ دامەزراندنی ناوەندێکی دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران لە ڕواندا، کە دەبێتە یەکەمین ناوەندی لەو شێوەیە لە دەرەوەی سنوورەکانی یەکێتییەکە.

گرووپی وڵاتە ئەوروپییەکان کە هەریەک لە نەمسا، یۆنان و هۆڵەنداش لەخۆدەگرێت، سەرەڕای نیگەرانیی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، هەوڵی کردنەوەی “ناوەندێکی دیپۆرتکردنەوە” دەدات، ئەمەش دوای ئەوەی یەکێتیی ئەوروپا بە تووندکردنەوەی یاساکانی کۆچبەری لەم دواییانەدا ڕێگەی بۆ ئەم هەنگاوەیان خۆش کرد.

لەمەودا هەر کاتێک کۆچبەرێک ڕوو بکاتە ئەو وڵاتە ئەوروپیانە و داوای مافی پەنابەرێتی بکات و مافەکەی ڕەتبکرێتەوە، لەبری ئەوەی بنێردرێتەوە بۆ وڵاتە بنەڕەتییەکەی خۆیان، لەگەڵ وڵاتی ڕواندا لە کیشوەری ئەفەریقا ڕێککەوتوون، کۆچبەرەکە دەنێرن بۆ ئەو وڵاتە.

ئەو پێنج وڵاتە شوێنی ناوەندەکەیان بە نهێنی هێشتبووەوە، بەڵام دیپلۆماتکارانی ئەوروپا و ئەو کەسانەی ئاگاداری گفتوگۆکانن، ئاماژەیان بەوە کردووە ڕواندا وەک وڵاتی هەڵبژێردراو دیاری کراوە.

بڕیارە ڕواندا شاندێک بنێرێت بۆ کۆنفرانسێکی کۆچبەری لە ڤیەننا و لەوێ ڕێککەوتنەکە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرا بکرێت.

Back to top button