بەغدا بە حەوت مەرج مووچە و بودجە بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت

بەپێی بڕگەی یەکەمی مادەی 10ـی پرۆژەیاساکە، پشکی هەرێمی کوردستان بە رێژەی (12.7%)ـی کۆی گشتیی خەرجیی راستەقینە (حاکیمە، بەکارخستن و وەبەرهێنان) دیاریکراوە، ئەوەش دوای دەرهێنانی خەرجییە سەروەرییەکان.

کۆی گشتیی تەرخانکراو بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان بە 12 تریلیۆن و 859 ملیار و 389 ملیۆن و 118 هەزار دینار دانراوە، بەڵام بە حەوت مەرج ئەو پارەیە دەنێردرێت.

یەکەم: پاکتاوکردنی شایستەکانی 22 ساڵی رابردوو
شایستە داراییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵانی (2004 تاوەکو 2026) کە بڕەکەی 9 تریلیۆن و 329 ملیار دینارە، لە ماوەی 7 ساڵدا پاکتاو دەکرێن.

دووەم: دانەوەی قەرزەکانی بانکی (TBI)
ئەو بڕە پارەیەی لە ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانە لای بانکی بازرگانیی عێراق (TBI) و بانکە حکومی و تایبەتەکان کە بڕەکەی 3 تریلیۆن و 446 ملیار دینارە، لە ساڵی 2027ـەوە بە قیستی مانگانە لە پشکی هەرێمی کوردستان دەبڕدرێت و ماوەی دانەوەکەی 7 ساڵ دەبێت.

سێیەم: هەناردەکردنی 445 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە
حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند کراوە بەوەی رۆژانە بڕێک کە لە 445 هەزار بەرمیل کەمتر نەبێت، لە رێگەی کۆمپانیای (سۆمۆ)ـوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکی بەبازاڕ بکات. لە ئەگەری راگرتن یان ئەستەمبوونی هەناردەکردنیشدا، دەبێت ئەو نەوتە رادەستی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بکرێت بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی.

چوارەم: رادەستکردنی داهاتی نانەوتی
دەبێت هەرێمی کوردستان داهاتە نانەوتییەکان رادەستی گەنجینەی گشتیی دەوڵەت بکات و مانگانە لەلایەن هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە وردبینی بۆ داتاکان بکرێت.

پێنجەم: رادەستکردنی گازی زیادە
حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند دەبێت بە رادەستکردنی ئەو گازەی لە پێویستیی ناوخۆی هەرێمی کوردستان زیادە بە حکومەتی فیدراڵی؛ ئەگەر رادەستی نەکات، بەهاکەی لە پشکی هەرێمی کوردستان دەبڕدرێت.

شەشەم: قەدەخەکردنی گرێبەستی سەربەخۆی نەوت و گاز
بە پشتبەستن بە بڕیارەکەی دادگەی باڵای فیدراڵی (15-2-2022)، نابێ حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ گرێبەستێکی وەبەرهێنان یان کارپێکردنی نەوت و گاز لەگەڵ کۆمپانیا بیانی و ناوخۆییەکان واژۆ بکات، تەنیا لە رێگەی وەزارەتی نەوتی فیدراڵییەوە نەبێت.

حەوتەم: مەرجی خەرجکردنی پارەی مانگانە
وەزارەتی دارایی عێراق مانگانە شایستەکانی هەرێمی کوردستان دەنێرێت، بە مەرجێک بڕگەکانی نەوت، داهاتی نانەوتی و قیستی قەرزی TBI، جێبەجێ بکات و هەر سێ مانگ جارێک پاکتاوی ژمێریاری لە نێوان هەردوولادا بکرێت.

Back to top button