
ڕوانگەی ئیکۆ عێراقی تایبەتمەند بە کاروباری ئابووری، ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند، قەبارەی ئەو زیانە خەمڵێندراوانەی بەهۆی ڕاگیرانی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە هەرێمی کوردستان دەکەونەوە، ڕۆژانە 4.15 ملیۆن دۆلار تێدەپەڕێنێت، کە لە بەهای بەرهەمهێنانی غازی سروشتی، غازی ماڵان و (کۆندێنسەیت) پێکدێت.
ڕوانگەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، کە پێش بەئامانجگرتنەکە، کێڵگەکە ڕۆژانە نزیکەی 700 ملیۆن پێ سێجا غازی سروشتیی بەرهەم دەهێنا، کە بە نرخی خەمڵێندراوی 3.3 دۆلار بۆ هەر ملیۆنێک پێ سێجا، بەهاکەی دەکاتە نزیکەی 2.31 ملیۆن دۆلار لە ڕۆژێکدا. ئەوەشی خستووەتە ڕوو کە کێڵگەکە ڕۆژانە نزیکەی 1400 تۆن غازی نەوتیی شل (LPG) بەرهەم دەهێنێت کە بە (غازی ماڵان) ناسراوە؛ بە نرخی خەمڵێندراوی 720 دۆلار بۆ هەر تۆنێک، کۆی بەهاکەی دەگاتە نزیکەی 10.08 ملیۆن دۆلار لە ڕۆژێکدا.
ڕوانگەی ناوبراو هێمای بۆ ئەوەش کردووە، بەرهەمهێنانی چڕکراوە نەوتییەکان (کۆندێنسەیت) لە کێڵگەکەدا دەگاتە نزیکەی ٢٢ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، کە بە نرخی خەمڵێندراوی 38 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، بەهاکەی بەرامبەرە بە 836 هەزار دۆلاری ڕۆژانە.
ڕوانگەکە ڕوونیشی کردووەتەوە کە ئەم خەمڵاندنانە تێچووی وەستانی کارەکانی کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان، کرێی هێڵەکانی گواستنەوە، و ئەو زیانە ناڕاستەوخۆیانە ناگرێتەوە کە بەهۆی کەمبوونەوەی دابینکردنی غاز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا دروست دەبن.جێگەی ئاماژەیە، کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە ماوەی هەردوو ساڵی 2025 و 2026دا 12 جار ڕووبەڕووی بۆردوومان و هێرش بووەتەوە.
کۆرمۆر بە یەکێک لە گرنگترین کێڵگەکانی غاز لە هەرێمی کوردستان دادەنرێت و لەلایەن کۆمپانیای پێرڵ پێترۆلیۆم بە هاوبەشیی هەردوو کۆمپانیای ئیماراتیی دانە غاز و نەوتی هیلال و چەند هاوبەشێکی دیکە بەڕێوەدەبرێت؛ کێڵگەکە سەرچاوەی سەرەکیی دابینکردنی غازە بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، ئەمەش وا دەکات هەر وەستانێک لە بەرهەمهێنانیدا کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر سیستمی وزەی هەرێم هەبێت.
کێڵگەکە کە دەکەوێتە سنووری قەزای چەمچەماڵ، شەوی یەکشەممەی ڕابردوو لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە (درۆن) کرایە ئامانج و یەکێک لە دامەزراوەکانی پێکرا؛ هەرچەندە زانیارییە سەرەتاییەکان ئاماژەیان بە نەبوونی زیانی گیانی کرد، بەڵام پڕۆسەکانی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی غاز لە کێڵگەکەدا بەتەواوی ڕاگیران.لەو چوارچێوەیەشدا وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ڕاگیرانی ناردنی غاز لە کێڵگەکەوە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا بە بڕی 2500 تا 2800 مێگاوات، بەوپێیەی ژمارەیەک لە وێستگە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا پشت بە غازی بەرهەمهێنراوی ئەو کێڵگەیە دەبەستن.





