
پێگەی ئەلمۆنیتۆری ئەمریکیی لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە، ”ڕەنگە کەتائیبی حیزبوڵڵا دەستیان لە هێرشەکەی 8ـی ئەم مانگە بۆ سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر هەبێت.”
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو پێگەیە، تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێک بە فەرمی بەرپرسیارێتیی هێرشەکەیان لە ئەستۆ نەگرتووە، بەڵام ڕوونیدەکاتەوە گرووپەکانی نزیک لە ئێران لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین هێرشیان کردووەتە سەر هەرێمی کوردستان، بۆیە ڕەنگە هێرشەکە لەلایەن کەتائیبی حیزبوڵڵاوە ئەنجام درابێت و چەند بەڵگەیەکی خستووەتە ڕوو.
لە ڕاپۆرتەکەدا شێلی کیتلسۆن ڕۆژنامەنووسی ئەلمۆنیتۆر تیشکی خستووەتەسەر، ڕاگەیەنراوێکی ئەبو موجاهید ئەلعەساف، بەرپرسی ئەمنیی کەتایبی حیزبوڵڵا کە ڕۆژێک پێش هێرشەکە بڵاوکراوەتەوە و لە ڕاگەیەندراوەکەدا هۆشداری داوە لە بڵاوکردنەوەی نهێنی و زانیاریی زیانبەخش لە میدیاکاندا.
لەدوای هێرشەکانی داعش لە ساڵی 2014 و بەتایبەتی دوای ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017، هێزەکانی حەشدی شەعبی و گرووپە جیاوازەکانی وەکو (کەتیبەکانی حیزبوڵڵا و لیوای 16ی تورکمانی کە بەشێکیان نزیکن لەو گرووپانە) لە قەزای دوزخورماتوو و دەوروبەری (وەک ناوچەی ئامرلی و سلێمان بەگ) جێگیر بوون و چەندین بنکە و بارەگای سەربازییان دروستکردووە.
ئەو ڕۆژنامەنووسە باسی لەوەش کردووە، هەوڵ هەبووە بۆ لێدانی کۆرمۆر تاوەکو وەک کارتی گوشار دژ بە ئیمارات بەکاربهێنرێت، ئەمەش بەهۆی ئەوەی کێڵگەی غازی کۆرمۆر بە هاوبەشی لەلایەن کۆمپانیای دانە غازی ئیماراتییەوە بەڕێوەدەبرێت.
هێرشەکەی هەفتەی رابردوو بۆ سەر کۆرمۆر، بەرهەمهێنانی غازی وەستاند و کارەبا لە چەند ناوچەیەکی کوردستان پچڕا، وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان دوای هێرشەکە لە ڕاگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، بەهۆی هێرشەکەوە، دوو هەزار و 800 مێگاوات لە بەرهەمهێنانی کارەبا کەم دەبێتەوە.
ڕۆژی 14/3/2026 لە هێرشێکی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان لە گەڕەکی عەرەساتی بەغدا، لەناو ماڵێکدا ئەبو عەلی عەسکەری، بەرپرسی ئاسایش و وتەبێژی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق لەگەڵ دوو هاوەڵیدا کوژران، لەوکاتەوە بەشێوەیەکی نهێنی ئەبو موجاهید ئەلعەساف، وەکو بەرپرسی ئەمنیی کەتایبی حیزبوڵڵا و وتەبێژ دەستنیشانکراوە، بەڵام بەهیچ شێوەیەک وێنە و زانیاری لەبەری ناسنامە و ناوی ڕاستەقینەی کەسەکە ئاشکرا نەکراوە و بەوە ناسراوە سەرکردەیەکی پەڕگیرە و بەشێوەیەکی زۆر نهێنی لە عێراق دەژی.





