چۆن زەیدی بە هەڕەشەیەک ئۆپەراسیۆنە گەورەکەی هەڵوەشاندەوە؟

هێزە هاوبەشەکانی دەزگای دژەتیرۆر، هێزە تایبەتەکان، سوپای عێراق و پۆلیسی فیدراڵی بەرەو دەوروبەری ناوچەی جەرف ئەلسەخر جووڵەیان کرد، وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنی کە بڕیار بوو کاتژمێر پێنجی بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە بە مەبەستی بردنەژوورەوەی لیژنەی لێکۆڵینەوە بۆ جورف ئەلسەخر و ئەنجامدانی پشکنینی مەیدانی بۆ شوێنەکانی عەمبارکردنی نەوت، تانکەرەکان و ڕێڕەوەکانی گواستنەوە کە گومانی قاچاخچێتییان لەسەرە دەستپێبکات، بەڵام هەموو شتێک لەناکاو گۆڕا.

ئەم جووڵەیەی حکوومەت ڕووبەڕووی ئامادەباشییەکی چەکداری لەلایەن کەتائیبی حزبوڵڵاوە بوەوە، کە چەکدارەکانی لەبەردەم ژمارەیەک لە بارەگاکانی و لەسەر سەربانی باڵەخانەکانی سەر بەو گرووپە بڵاوە پێکردبوو، هەربۆیە گرژییەکان ڕوویان لە هەڵکشان کرد و ئەگەری ڕوودانی پێکدادانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ هێزە حکوومییەکاندا لەئارادا بوو.

حەمیداوی هەڕەشەی بەکارهێنانی چەک دەکات

بەپێی سەرچاوە تایبەتەکانی ڕۆژنامەی «ئەلمەدا»، ئەبو حوسێن حەمیداوی، ئەمینداری گشتیی کەتائیبی حزبوڵڵا، هەڕەشەی تەقەکردنی لە هەر هێزێکی ئەمنی کردووە، کە بەبێ ڕەزامەندیی سەرکردایەتیی کەتائیب هەوڵی چوونە ناو جەرف ئەلسەخر بدات، هاوکات ڕەتکردنەوەی خۆیشی بۆ چوونەژوورەوەی لیژنەی لێکۆڵینەوەکە بەو شێوازەی پێشوو دەربڕیوە.

سەرچاوەکان ڕوونیان کردووەتەوە کە حەمیداوی مەرجی ئەوەی داناوە لیژنەی لێکۆڵینەوەکە بە سەرۆکایەتیی دەستەی حەشدی شەعبی بێت، لە بری ئەوەی لەژێر سەرپەرشتیی عەبدولئەمیر شەمەریدا بێت، ئەمەش بەهۆی بوونی ناکۆکیی پێشووتری نێوان هەردوولادا.

مالیکی و عامری و سخێل دێنە سەر خەت

لە لووتکەی گرژییەکاندا، سەرچاوەکان ئاشکرایانکرد کە هەریەک لە نووری مالیکی، هادی عامری و یاسر سخێل وەزیری ناوخۆ، بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی قەیرانەکە و ڕێگریکردن لە گۆڕینی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیەکی چەکداری لە نێوان هێزە حکوومییەکان و کەتائیبی حزبوڵڵادا هاتوونەتە سەر خەت.

بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەو سێ کەسایەتییە پەیوەندییان بە لایەنە حکوومییەکان و سەرکردایەتیی کەتائیبەوە کردووە و هەوڵیان بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتن سەبارەت بە چوونەژوورەوەی لیژنەی لێکۆڵینەوە و دیاریکردنی ئەو لایەنەی سەرپەرشتیی دەکات داوە.

بەپێی سەرچاوەکان، ئەم نێوەندگیرییانە بوونە هۆی دەرکردنی ڕێنمایی بۆ ڕاگرتنی پێشڕەویی یەکە ئەمنییەکان و هەڵپەساردنی ئۆپەراسیۆنی چوونە ناو جەرف ئەلسەخر، هاوشان لەگەڵ ڕاگرتنی هەر جووڵەیەک بۆ هەڵکوتانە سەر بارەگاکانی کەتائیبی حزبوڵڵا لە بەغدا، تا ئەو کاتەی ناکۆکییەکانی پەیوەست بە سەرۆکایەتیی لیژنەکە، دەسەڵاتەکانی و میکانیزمی جێبەجێکردنی ئەرکەکانی چارەسەر دەکرێن.

سەرچاوەکان جەختیان کردووەتەوە کە لیژنەی لێکۆڵینەوەکە نەیتوانیوە بچێتە ناو ناوچەکە و ناچار بووە بەبێ جێبەجێکردنی ئەرکەکەی بگەڕێتەوە.

کشانەوەی هێزەکان لە کاتژمێر هەشتی بەیانیدا

سەرچاوەکان باسیان لەوە کردووە کە ژمارەیەکی زۆر لە یەکە ئەمنییەکان لە کاتژمێر هەشتی بەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە دەستیان بە کشانەوە کردووە لە شوێنەکانی بڵاوبوونەوەی پێشتریان، ئەمەش دوای دەرچوونی ڕێنماییەکان بۆ ڕاگرتنی پێشڕەوییەکان، لە کاتێکدا دەزگا ئەمنییەکان بەشێک لە بوونی خۆیان لە دەوروبەری جەرف ئەلسەخر و لە نزیک بارەگاکانی سەر بە کەتائیبی حزبوڵڵا لە بەغدا هێشتووەتەوە.

ئەم گرژییە پەیوەستە بە هەوڵی دەزگا حکوومییەکان بۆ دەستپێکردنی لێکۆڵینەوە لە گومانەکانی بەقاچاخبردنی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان لە ناو جەرف ئەلسەخردا، لە بەرامبەر پێداگریی سەرکردایەتیی کەتائیبی حزبوڵڵا لەسەر مەرجی وەرگرتنی ڕەزامەندیی پێشوەختەیان بۆ چوونەژوورەوەی هێزەکان و لیژنەی لێکۆڵینەوە.

بەگوێرەی سەرچاوەکان، هەڵپەساردنی ئۆپەراسیۆنەکە کۆتایی بە ناکۆکیی نێوان هەردوولا نەهێناوە، بەتایبەتی لەگەڵ بەردەوامیی جیاوازیی بۆچوونەکان سەبارەت بەو لایەنەی سەرۆکایەتیی لیژنەکە دەگرێتە ئەستۆ .

سەرچاوەکان هۆشدارییان داوە لەوەی بەردەوامبوونی ناکۆکییەکە بەبێ چارەسەرکردن، ڕەنگە جارێکی دیکە گرژی بگەڕێنێتەوە بۆ ناوچەکە ئەگەر بڕیاری دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنەکە بدرێت، ئەمەش لە نێو ترس و نیگەرانییەکاندا لە هەڵگیرسانی ڕووبەڕووبوونەوەیەکی چەکداری، ئەگەر جووڵەی حکوومەت بەبێ لێکتێگەیشتنی پێشوەختە دووبارە ببێتەوە.

Back to top button