
ڕۆژنامەی (ئەلمەدا) لە زاری چەند سەرچاوەیەک، “هەڵوەشانەوە”ی لێکتێگەیشتنەکانی نێوان عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیران و گروپە چەکدارەکان و گەیشتنیانی بە بنبەست ئاشکرا کرد.
سەرچاوەکان ڕوونیان کردووەتەوە، لە دوای هێرشە درۆنییەکەی ئەم دواییەی سەر کێڵگەی گازی “کۆرمۆر” لە سلێمانی، زەیدی چاوەڕوانی سەرپشککردنە لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە، تاوەکو دەست بە دەستگیرکردنی ئەو گروپانە بکات کە چەک لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت بەکاردەهێنن. ئەمەش دوو ڕۆژ دوای ئەوە دێت کە “کەتائیبی حزبوڵڵا” هێرشێکی توندی ڕاگەیاندنی کردە سەر زەیدی و خانەوادەکەی و بە بەڕێوەبردنی گرێبەست لەگەڵ ئیمارات تۆمەتباری کرد، هەروەها ئاماژەی بە تێوەگلانی چەند لایەنێکی نزیک لە ناوبراو کرد لە هێرشەکانی پێشووی سەر کێڵگەکە.
هاوکات هومام حەدودی، سەرکردە لە چوارچێوەی هەماهەنگی و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی، هۆشداریی دایە زەیدی بەوەی کە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ گروپە چەکدارەکان، ڕەنگە ببێتە هۆی ڕووخانی حکومەت و چوارچێوەی هەماهەنگی پێکەوە.
توێژەران و سیاسەتمەدارانیش بۆ ڕۆژنامەکە باسیان لە تێوەگلانی گروپە چەکدارەکان لە هێرشەکەدا کردووە و بە شێکی زۆریان پێیان وایە درۆنەکان لە ناوچەی دوزخورماتووەوە هەڵدرابن، بە ئامانجی پەکخستنی هەنگاوەکانی عێراق بەرەو خۆبژێوی لە کەرتی گاز و پاراستنی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانیان.
ئەوان ئاماژە بەوەش دەکەن کە پێکهێنانی دوازدەهەمین لیژنەی لێکۆڵینەوەی حکومی، لە سایەی نەبوونی ئیرادەی سیاسی لە بەغدا هیچ لە واقیعەکە ناگۆڕێت، بەتایبەت کە حکومەتی پێشووی سودانی لیستێکی بە ناوی تێوەگلاوانی بەئامانجگرتنی کێڵگەکە پێگەیشتبوو، بەبێ ئەوەی هیچ ڕێکارێکی ئاشکرایان بەرامبەر بگرێتەبەر.
لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوە ئاگادارەکان بۆ (ئەلمەدا) تۆمەتەکانی گروپە چەکدارەکانیان سەبارەت بە ڕۆڵی ئیمارات ڕەتکردەوە و وەک هەوڵێک بەمەبەستی پەردەپۆشکردنی دۆسیەی داماڵینی چەک وەسفیان کرد. جەختیشیان کردەوە کە کڕینی نزیکەی 72 ملیۆن بەرمیل نەوتی عێراقی لەلایەن کۆمپانیای “ئەدنۆک”ەوە، لەسەر بنەمای ئۆفەرێکی داشکاندن بووە کە کۆمپانیای “سۆمۆ” پێشکەشی کردووە، تاوەکو هاوکاریی بەغدا بکات لە تێپەڕاندنی ئاڵۆزییەکانی هەناردەکردن لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە.
هاوکات سیاسەتمەداران پێیان وایە تێکەڵکردنی ناکۆکییە “کوردی – کوردییەکان” بەم دۆسیەیەوە، تەنها هەوڵێکە بۆ بەلاڕێدابردنی لێکۆڵینەوەکان و پەردەپۆشکردنی لایەنە ئەنجامدەرەکان.





