بۆچی حزبەکانی ڕۆژهەڵات لە سەردانە نهێنییەکەی زەیدی بۆ تاران دەترسن؟

سەردانە ڕانەگەیەندراوەکەی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ تاران لە کاتێکدایە کە حکوومەتەکانی ناوچەکە هەوڵەکانیان چڕ کردووەتەوە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران، هاوکات واشنتن و تاران لەسەر دانوستانەکان ناکۆکن و پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکانی کوردستانی ئێرانیش ترسیان لە نوێبوونەوەی گوشارەکانی بەغدا هەیە.

سەرۆک وەزیرانی عێراق لە 6ی تشرینی دووەمدا سەردانێکی ڕانەگەیەندراوی بۆ تاران ئەنجام دا و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران کۆبووەوە؛ ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵێکدا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و لە سایەی چڕبوونەوەی دیپلۆماسیی ناوچەیی کە ئامانج لێی ڕێگریکردنە لە گەڕێکی دیکەی پەرەسەندنی سەربازی.سەردانەکە، کە ڕۆژی دووشەممە لەلایەن میدیاکانی ئێرانەوە ئاشکرا کرا، دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی نێوان زەیدی و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و کۆبوونەوەیەک لەگەڵ تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا هات، هاوکات لەگەڵ زیادبوونی هەوڵی حکوومەتەکانی ناوچەکە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی دیپلۆماسی بۆ ململانێکە.

بەپێی ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێرانی، زەیدی لەگەڵ مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆمار و محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان کۆبووەتەوە، کە کارەکتەرێکی سەرەکییە لە دانوستانەکانی تاران لەگەڵ واشنتن.

ئاژانسی تەسنیم بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئاگادارەکان بڵاوی کردەوە، فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی و هادی عامری، سەرۆکی ڕێکخراوی بەدر، یاوەریی سەرۆکوەزیرانی عێراقیان کردووە. بەڵام ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە زەیدی بەبێ بەدەستهێنانی ئەنجامێک کە جێگەی ڕەزامەندیی واشنتن بێت، لە تاران گەڕاوەتەوە.بەرپرسێکی حکوومەتی عێراق بە ڕۆژنامەی (The National)ی ڕاگەیاندووە، ترەمپ داوای ئەو سەردانەی کردووە بە مەبەستی کردنەوەی کەناڵێک بۆ خاوکردنەوەی گرژییەکان.

یاسر عەبدولزەهرە ئەلحەجاج، باڵیۆزی عێراق لە تاران، ئەرکی شاندەکەی وەک هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی زیاتر وەسف کرد.پێش سەفەرکردنی بۆ تاران، زەیدی بە ترەمپی ڕاگەیاندبوو کە عێراق دژی بەکارهێنانی خاکەکەیەتی وەک پێگەیەک بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ، ئەمەش ڕەنگدانەوەی نیگەرانییەکانی بەغدایە لە تێوەگلان لە ململانێیەکی فراوانتری ناوچەیی.

ئۆپۆزیسیۆنی کوردیی ئێران ترسی لە زیادبوونی گوشارەکانی تاران هەیە

ئاژانسی هەواڵی فارسی ئێرانی لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاوی کردەوە، کۆبوونەوەکەی زەیدی لەگەڵ قالیباف تەنیا لەسەر هەوڵەکانی عێراق بووە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئەمریکا و ئێران و پەیوەندیی بە هیچ پرسێکی دیکەوە نەبووە.لەگەڵ ئەوەشدا، پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکانی کوردستانی ئێران کە بنکەکانیان لە هەرێمی کوردستانی عێراقە، نیگەرانن لە نوێبوونەوەی گوشارەکانی تاران بۆ دەرکردنیان یان گواستنەوەیان بۆ وڵاتانی سێیەم.

لە مانگی تشرینی یەکەمدا، محەممەد کازم ئال سادق، باڵیۆزی ئێران لە بەغدا بانگەشەی ئەوەی کرد کە عێراق ڕازی بووە بە دەرکردنی ئەندامانی ئەو گرووپانە یان ڕادەستکردنەوەیان بە دەسەڵاتدارانی ئێران. دواتر بەرپرسێکی عێراقی کە بەشداریی کۆبوونەوە ئەمنییە دووقۆڵییەکەی کردبوو، ڕەتی کردەوە ڕێککەوتنێکی لەو شێوەیە کرابێت.

ئەگەرچی هیچ پشتڕاستکردنەوەیەک نییە کە پرسی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی لە سەردانە نهێنییەکەی زەیدی بۆ تاران تاوتوێ کرابێت، بەڵام کاتی سەردانەکە نیگەرانیی ئەوەی دروست کردووە کە داهاتووی ئەو حزبانە ببێتە بەشێک لە دانوستانە فراوانەکانی نێوان بەغدا و تاران.ئامادەبوونی فەیاز و عامری، کە هەردووکیان پەیوەندییەکی نزیکیان لەگەڵ ئێران هەیە، ڕەهەندێکی سیاسیی گرنگ دەبەخشێتە سەردانەکە، هەرچەندە ئەوە ناسەلمێنێت کە پرسی کورد لە کارنامەی کۆبوونەوەکاندا بووبێت.

ئەم ناکۆکییە ئاڵنگارییەکی دیکە دەخاتە بەردەم بەغدا لە کاتێکدا هەوڵی نێوەندگیری لەنێوان واشنتن و تاران دەدات، هاوکات لەگەڵ ڕاگرتنی هاوسەنگی لەنێوان پابەندییە ئەمنییەکانی بەرامبەر ئێران، پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پاراستنی پەنابەرانی کوردی ئێران.

Back to top button