کۆچبەران لە ئەڵمانیا یەک ملیار یۆرۆ لەسەر حکومەت دەکەون

وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا زانیارییەکی نوێی ئاشکراکرد و دەڵێت، حکومەتی فیدراڵ بەهۆی کەمبوونەوەی ژمارەی کۆچبەران، لە کانوونی یەکەمی 2025ـەوە کۆرسەکانی فێربوونی زمانی کەمکردووەتەوە. دەشڵێت: ئامانجی ئەم بڕیارە نەهێشتنی هۆکارە هاندەرەکانە بۆ کۆچکردن بۆ ئەو وڵاتە.

حکومەتی ئەڵمانیا هۆکاری سنووردارکردنی (کۆرسەکانی تێکەڵبوونەوە) کەمبوونەوەی ژمارەی کۆچبەرانە. ئاماژەی بەوەش کرد “دەبێت پشتیوانی بۆ ئەو کەسانە دابین بکرێت کە مافی مانەوەیان هەیە”.

سیستمی کۆرسەکانی “تێکەڵبوونەوە” دەگەڕێتەوە سەر شێوازە کۆنەکەی، بەڵام بنەما سەرەکییەکان وەک خۆیان دەمێننەوە؛ دەبێت پشتیوانی بۆ ئەو کەسانە دابین بکرێت کە مافی مانەوەیان هەیە بۆ ئەوەی فێری زمان ببن و بە خێرایی شارەزا ببن. ئەم رێکارانەی جێبەجێ دەکرێن، دەبنە هۆی پاراستنی سیستمی کۆرسەکانی تێکەڵبوون بۆ ماوەیەکی درێژ، هەروەها هەموو داواکارییەکان لە کانوونی یەکەمی 2025ـەوە رەتدەکرێنەوە”.

فەرمانگەی فیدراڵیی کۆچ و پەنابەرانی ئەڵمانیا رایگەیاندبوو، لە کۆتایی مانگی تشرینی دووەمی 2025ـەوە چیتر کار لەسەر داواکارییەکانی کۆرسی ئینتیگراسیۆن ناکات.

کۆرسی خوێندن بۆ 130 هەزار کۆچبەر رەتدەکرێتەوە

ناوەندەکانی پەروەردە و قوتابخانەکانی فێربوونی زمان و تێکەڵکردنەوە رەخنەیان لەو بڕیارە گرت. ئەوان دەڵێن پێشوەختە لەو بڕیارە ئاگادار نەکراونەتەوە و بەو هۆیەوە لە دەرئەنجامە گران و “دراماتیکییەکان” دەترسن.

ساشا رێکس، بەرپرسی یەکێتیی ناوەندەکانی پەروەردەی گەل دەڵێت، ئەم بڕیارە 130 هەزار کەس دەگرێتەوە و “بۆ کۆرسەکانی تێکەڵبوونەوە وەرناگیرێن”.

ساشا رێکس وتیشی: “ئەم راگرتنە نەک هەر کاریگەری لەسەر ئەو کەسانە دەبێت کە بە ئارەزووی خۆیان دەیانەوێت فێری زمان ببن، بەڵکو کاریگەری لەسەر ئەو کەسانەش دەبێت کە لەلایەن ئاژانسی کارەوە (Arbeitsagentur) ناچار کراون بەشداری لە کۆرسەکاندا بکەن.”

تێچووی یەک کاتژمێری کۆرسەکە بە زیاتر لە 1000 یۆرۆیە

خەرجیی کۆرسەکانی تێکەڵکردنەوە لە ئەستۆی حکومەتی فیدراڵییە. ئەم کۆرسانە بۆ کۆچبەران، ئەو کەسانەی مافی پاراستنیان وەرگرتووە و داواکارانی پەنابەری دابینکراون. بەگوێرەی پێناسە فەرمییەکان، ئەم کۆرسانە لە رووی زمانەوانی، کولتووری و سیاسییەوە هاوکار دەبن بۆ گونجاندنی پەنابەران لە ئەڵمانیا.

بەگوێرەی فەرمانگەی فیدراڵیی کۆچ و پەنابەران (BAMF)، حکومەتی ئەڵمانیا زیاتر لە یەک ملیار یۆرۆی بۆ ئەم کۆرسانە تەرخان کردبوو، بەڵام داواکاریی کۆچبەران بۆ ئەو کۆرسانە لە بودجە تەرخانکراوەکە زیاتر بووە. هەر کۆرسێک 700 کاتژمێرە. تێچووی بۆ هەر بەشداربوویەک بۆ یەک کاتژمێر 1.063 یۆرۆیە.

Back to top button