منداڵان، قوربانییە نەبینراوەکەی ڕێگەی کۆچی نایاسایی

ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ داتایەکی مەترسیداری پەیوەست بە “بازرگانیکردن”ی بە مرۆڤ لەسەرتاسەری جیهان بڵاوکردەوە و دەڵێت؛ لەماوەی یەك ساڵدا 125 هەزار کەس بازرگانییان پێوەکراوە.

ڕێکخراوەکە لە نوێترین داتایدا باس لەو قاچاخچییانە دەکات کە بازرگانیی بە مرۆڤەوە دەکەن و ئاماژەی بەوەداوە، زیاتر لە 125 هەزار کەس بوونەتە قوربانیی بازرگانیکردن بەناوی کۆچکردنەوە، لەو ژمارەیەش 30 هەزاریان منداڵن.

ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ بۆچونی وایە، داتاکە لەوە زیاتر، ئاشکرانەبوونی ژمارەی ڕاستەقینەی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە بەهۆی لاوازی لە ئاگادارکردنەوەی ڕێکخراوە فەرمییەکانەوەیە.

لەنێو ڕاپۆرتی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ دا، منداڵان بەو چینە دانراون کە زۆرترین جار ڕوبەڕوی قۆستنەوە بۆ بازرگانیکردن دەبنەوە، داواشکراوە هەردوو پرسی کۆچی نایاسایی و بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە، وەك یەک تەماشا بکرێن و وڵاتان بیکەنە کاری لەپێشینەیان بۆ ڕوبەڕوبونەوەی.

منداڵان، قوربانییە نەبینراوەکەی ڕێگەی کۆچ

بەگوێرەی داتاکانی ڕێکخراوی کۆچ، لە کۆی چوار کەس کە دەبنە قوربانیی کۆچی نایاسایی، یەکێکیان منداڵە. ئامی بۆب، سەرۆکی ڕێکخراوەکە دەڵێت: ملیۆنان منداڵی کۆچبەر لە جیهاندا، ڕوبەڕوی مەترسییەکانی خراپ بەکارهێنان و بازرگانیکردن بوونەتەوە، بەڵام هێشتا نەبوونەتە جێگەی سەرنجی کارکردنی ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان.

Back to top button