ئەڵمانیا خۆی بۆ قۆناغێکی توندی بڕیاردان لەبارەی پەنابەران ئامادە دەکات

حکومەتی ئەڵمانیا دەڵیت، لەساڵی ڕابردوەوە 8 هەزار و 232 مۆڵەتی مانەوەی پەنابەرانی هەڵوەشاندووەتەوە، کە بەراورد بە ساڵی پێشتر ژمارەکە کەمیکردووە. لەلایەکی دیکەوە، ژمارەی داواکارییەکانی پەنابەری لەو وڵاتە بۆ نزمترین ئاستی 10 ساڵی رابردوو دابەزیوە.

بەگوێرەی ئامارێکی حکومەتی ئەڵمانیا کە پشتی بە داتاکانی ساڵی 2025 بەستووە؛ لە کۆی ئەوانەی مۆڵەتی مانەوەیان هەڵوەشاوەتەوە و دیپۆرتکراونەتەوە، 671 کەسیان خەڵکی جۆرجیا، 661 کەس خەڵکی ئەلبانیا و 618 کەسیشیان خەڵکی تورکیان. ئەم سێ وڵاتە لە ئامارەکانی ساڵی 2024ـیشدا پلەکانی یەکەم تاوەکو سێیەمیان گرتبوو.

کەمترین ئاستی داواکارییەکانی پەنابەری

بەپێی ئەو ئامارانەی وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵیی ئەڵمانیا بڵاویکردوونەتەوە، لە ساڵی 2025ـدا نزیکەی 113 هەزار و 236 داواکاریی پەنابەری بۆ یەکەمجار تۆمارکراون. ئەمەش لە کاتێکدایە لە ساڵی 2024ـدا، 229 هەزار و 751 داوا و لە ساڵی 2023ـیشدا 329 هەزار داواکاریی پەنابەری تۆمارکرابوون.

داتاکانی وەزارەتی ناوخۆ پیشانی دەدەن، ئەم دابەزینە بە درێژایی ساڵەکە بەردەوام بووە، بە جۆرێک داواکارییە مانگانەکان هاوکات لەگەڵ فراوانکردنی رێوشوێنەکانی چاودێریی سنوورەکان کەمیان کردووە. ئەم ئامارانە تەنیا ئاماژە بەو داواکارییانە دەکەن کە بۆ یەکەمجار پێشکێشکراون و داواکارییە دووبارەبووەکان ناگرێتەوە.

فرێدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا کە لە نێوەڕاستی ساڵی 2025ـدا دەستبەکاربوو، لە کاتێکدا پۆستەکەی وەرگرت کە سیاسەتی کۆچبەری ببووە پرسێکی سیاسیی سەرەکی لە وڵاتەکەیدا. دوای دەستبەکاربوونیشی، حکومەتەکەی هەنگاوی تووندی نا بۆ تووندکردنەوەی پشکنینی سنوورەکان و هەموارکردنەوەی رێکارەکانی پەیوەست بە پەنابەری.

ئەڵمانیا یاساکانی گەشتکردن تووند دەکاتەوە

ئەم دۆخەی ئەڵمانیا لە کاتێکدایە کە یەکێتیی ئەورووپا خۆی ئامادە دەکات بۆ جێبەجێکردنی مەرجە نوێیەکانی هاتنەژوورەوە بۆ ئەو کەسانەی بۆ ماوەیەکی کورت سەردانی وڵاتانی یەکێتییەکە دەکەن.

بڕیارە لە کۆتاییەکانی ساڵی 2025ـەوە، گەشتیارانی ئەو وڵاتانەی کە پێویستیان بە ڤیزا نییە، پێش چوونە ناو وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا (لەوانەش ئەڵمانیا)، پێویستە رەزامەندی لەڕێگەی “سیستەمی زانیاری و مۆڵەتی گەشتی ئەورووپی”ـیەوە بەدەستبهێنن.

بەرپرسانی وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا پێشبینی دەکەن کە لە سەرەتای ساڵی 2026ـیشدا رەوتی دابەزینی ژمارەی پەنابەران بەردەوام بێت و پۆلیسی فیدراڵیش لە مانگەکانی داهاتوودا بەردەوام دەبێت لە پشکنینە فراوانکراوەکانی سەر سنوورەکان.

 

Back to top button