
پێگەی برایتبارت نیوز، چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە و تاڵەبانی لە چاوپێکەوتنەکەیدا دەڵێت: سەرۆک دۆناڵد ترەمپ دەتوانێت ڕێککەوتنێکی گەورە لەگەڵ ئێراندا بکات، کە ببێتە هۆی گەشەسەندنی ئابووری لە سەرتاسەری جیهاندا و لە بەرژەوەندی هەردوو وڵاتی ئەمریکا و ئێرانیشدا بێت لە دوای ئەو شەڕەی لە نێوانیاندا ڕوویدا.
لە چاوپێکەوتنەکەدا باس لەوەکراوە، تاڵەبانی کە یەکێکە لە سەرکردەکانی ناوچە نیمچە ئۆتۆنۆمەکەی کوردانی عێراق لەسەر سنووری ئێران، کوڕی جەلال تاڵەبانی سەرۆک کۆماری پێشووی عێراقە. باوکی تاڵەبانی لە دوای ڕووخانی سەدام حوسێن لە 2005 تا 2014 سەرۆک بوو، ئێستاش کوڕەکەی یەکێکە لە دەنگە دیارەکانی عێراق و بەتایبەت کوردستان بۆ چەسپاندنی ئاشتی و خۆشگوزەرانی ئابووری لە ناوچەکەدا.
تاڵەبانی بە برایتبارت نیوزی ڕاگەیاند: “ڕێککەوتنەکە دەبێت لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا بێت، نابێت ترەمپ ڕێگە بە لایەنی سێیەم بدات ڕێککەوتنەکەی تێکبدەن.” وتیشی: “پێموایە ئەگەر سەرۆک ترەمپ پشت بە تواناکانی خۆی و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا ببەستێت و ئەجێندای ‘سەرەتا ئەمریکا’ جێبەجێ بکات، دەتوانێت بگاتە ڕێککەوتنێکی باش لەگەڵ ئێران، کە بۆ ئێرانیش باش بێت.”
تاڵەبانی هیوای خواست ترەمپ بتوانێت ڕێککەوتنێکی سەرسوڕهێنەر لەگەڵ ئێراندا بکات، کە جگە لە کۆتاییهێنان بە چەک و تەماحە ئەتۆمییەکانی ئێران، ڕەهەندی گرنگی ئابووریشی هەبێت. وتیشی: “پێموایە سەرۆک ترەمپ ماستەری ڕێککەوتنە، ئەو دەزانێت ڕێککەوتن بۆ ئەوەی بمێنێتەوە پێویستی بەوەیە هەردوولا تێیدا براوە بن. ئەگەر ڕێککەوتنێک لەلایەن لایەنێکەوە بەسەر ئەوی تردا بسەپێنرێت، زۆر ناخایەنێت.”
تاڵەبانی لە کۆتایی مانگی نیسان و لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئابووری دیلفی لە یۆنان ئەم چاوپێکەوتنەی ئەنجامدا، کە هاوکات بوو لەگەڵ سەرەتاکانی ئاگربەستە درێژخایەنەکەی نێوان ئەمریکا و ئێران. ئەو وتی: “ئێمە پشتیوانی ڕێککەوتن دەکەین و بە هەموو لایەکمان وتووە ئامادەی هەر هاوکارییەکین، چ لە ڕێگەی کەناڵە نهێنییەکانەوە بێت یان بەکارهێنانی پێگەی ستراتیژی کوردستان بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە. کاریگەری ئەم شەڕە لەسەر عێراق و کوردستان، بەتایبەت لە ڕووی ئابوورییەوە، زۆر گەورە بوو.”
سەبارەت بە گەرووی هورمز، تاڵەبانی وتی: “پێموایە دەبێت ڕێککەوتنی کۆنکرێتی لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا هەبێت پێش ئەوەی گەرووەکە بکرێتەوە. ئێرانییەکان دانوستانکاری زۆر باشن و ئامادە نین ئەم کارتە بەهێزەی دەستیان بەبێ بەرامبەر بدەن بەدەستەوە.”
تاڵەبانی پێشنیاری ئەوە دەکات کە ئەمریکا لە دوای شەڕەکە، کۆمپانیاکانی وزەی خۆی بباتە ناو ئێران بۆ پەرەپێدانی کێڵگە نەوتی و غازییەکانی ئەو وڵاتە کە بەهۆی سزاکانەوە پەکیانکەوتووە. ئەو دەڵێت: “ئەگەر تەنها لە پەنجەرەی دۆسیەی ئەتۆمی و مووشەکییەوە سەیری بابەتەکە بکەین، بوارێکی زۆر بۆ ڕێککەوتن نابینم، بەڵام ئەگەر ئاسۆکە فراوان بکەین بۆ بەرژەوەندی ئابووری جیهانی و ئابووری ئەمریکا و ئێران، دەرفەتەکان زۆرن.”
تاڵەبانی هۆشداری دەدات کە جیاوازی ئێران لەگەڵ عێراق و سووریا ئەوەیە کە ئێران دەوڵەتی دامەزراوەییە. وتی: “لە عێراق کاتێک سەدام کەوت، دەوڵەت کەوت. لە سووریاش کاتێک ئەسەد کەوت، دەوڵەت دەکەوێت. بەڵام ئێران وڵاتێک نییە هەموو شتێکی بە تەنها بە ئایەتوڵڵا خامنەییەوە بەسترابێتەوە، بەڵکو خاوەنی دامەزراوەی سەربازی، مەدەنی، نیمچە سەربازی و ئاینییە. ئەوانەی پێیان وابوو بە لادانی سەرە گەورەکان دەوڵەتەکە دەڕووخێت، هەڵەیان کرد.”
تاڵەبانی ئاماژەی بەوەش کرد کە زیانی ئابووری کوردستان زۆر بووە چونکە بە داخستنی گەرووی هورمز نەوت نافرۆشرێت و داهات نامێنێت. هەروەها دەستخۆشی لە ترەمپ کرد کە کوردانی ئێرانی وەک ئامرازێک بۆ گۆڕینی ڕژێمی ئێران بەکارنەهێنا، چونکە بە وتەی ئەو: “ئەگەر کوردانی ئێران بکرانایە بە سەری ڕم لەو شەڕەدا، کۆمەڵکوژ دەکران. ترەمپ توانی دۆخەکە لێکبداتەوە و تێبگات کە ئەمە ستراتیژییەکی سەرکەوتوو نابێت.”
لە کۆتاییدا تاڵەبانی جەختی کردەوە کە دەبێت هەردوولا لەم ڕێککەوتنەدا بە هەستی “سەرکەوتنەوە” بێنە دەرەوە، سەرکەوتن بۆ ترەمپ ئەوەیە کە ئامانجەکانی شەڕەکەی پێکاوە، و بۆ ئێرانیش ئەوەیە کە سەلماندی وڵاتێکی خۆڕاگرە و ئێستا ئامادەیە وەک یاریزانێکی جیهانی بگەڕێتەوە ناو بازاڕەکان.





