
جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، هەرگیز هیچ پلانێک لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە نەبووە بۆ ناردنی گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئێران بۆ ناو خاکی ئەو وڵاتە، ئەو بابەتەشیان بە ئێرانییەکان گەیاندووە.
لە چاوپێکەوتنێکدا کە ئەم هەفتەیە لە ئەبوزەبی لەگەڵ پێگەی “زە ناشناڵ” ئەنجامیدا، قوباد تاڵەبانیم، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، نازانێت ترەمپ مەبەستی کام چەکانە بووە کە داویەتیە کورد و گوتی: ئەو چەکە تەمومژاوییانەی سەرۆک ترەمپ باسی دەکردن، هیچ زانیارییەکم لەبارەیانەوە نییە؛ نازانم چ جۆرە چەکێک بوون، لە کوێ بوون و دراونەتە کێ”.
هەروەها گوتی: ئەوەندە دەزانم کە نەدراون بە من و نەدراون بە ئێمە. پێموایە هەر کەسێک ئەو چەکانەی دابێت، خۆی دەزانێت بە کێی داون.
بەرپرسانی کورد هەوڵیان داوە خۆیان لە تێوەگلان لە ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێران بەدوور بگرن، بەو پێیەی نیگەرانی هەبوو کە بڵاوبوونەوەی ئەو ڕاپۆرتانە ببێتە هۆی هاندانی ئێران بۆ ئەنجامدانی هێرشی زیاتر بۆ سەر هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی لەوبارەیەوە گوتویەتی: هەرێمی کوردستان ئەو هەڵوێستەی بە هەردوو لایەنی تاران و واشنتن گەیاندووە، هاوکات هۆشداریشی داوەتە گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکان لە هەر جۆرە تێوەگلانێک و زۆر بە ڕوونی بە گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئێرانمان ڕاگەیاندووە کە نابێت بە هیچ شێوەیەک خاکی هەرێمی کوردستان وەک سەکۆیەک بۆ هێرشکردنە سەر خاکی ئێران بەکاربهێنن، خۆشبەختانە ئەوانیش کاری وایان نەکرد.
هەفتەی ڕابردوو، باڵیۆزی ئێران لە بەغدا ڕایگەیاند کە حکومەتی عێراق ڕەزامەندیی دەربڕیوە لەسەر دەرکردنی گرووپە ئۆپۆزیسیۆنە کوردییەکانی ئێران کە لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن، یاخود ڕادەستکردنەوەیان بە تاران؛ بەڵام ئەو گرووپانە ڕەتیان کردەوە هیچ ئاگادارکردنەوەیەکیان لەبارەی بڕیارێکی لەو شێوەیەوە پێ گەیشتبێت.
تاڵەبانی وەڵامی ئەوەی نەدایەوە کە ئایا پلانێکی وا لەئارادایە یان نا، بەڵام جەختی کردەوە کە هەوڵە دیپلۆماسییەکان ڕێگەچارەی گونجاو دەخەنە بەردەم، و پرۆسەی ئاشتیی نێوان تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ی وەک مۆدێلێکی گونجاو بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکانی نێوان تاران و ئەو گرووپانە هێنایەوە.
لەو بارەیەوە گوتی: پێموایە لە کاتێکدا هەوڵ بۆ بنیاتنانی ئاشتی دەدەین، چ لەنێوان ئەمریکا و ئێران بێت یان لەنێوان ئێران و وڵاتانی کەنداو، لێرەشدا دەرفەتێک هەیە بۆ هێنانەدیی ئاشتییەکی بەردەوام لەنێوان دەسەڵاتدارانی ئێران و گرووپە ئۆپۆزیسیۆنە ئێرانییەکاندا.
قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەش کرد کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پشتیوانیی لە پرۆسەی ئاشتیی نێوان تورکیا و پەکەکە کردووە و هاندان و کارئاسانیی لۆجستیی پێشکەش کردوون، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت پرۆسەکە لەلایەن خودی لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە ڕابەرایەتی بکرێت.
ناوبراو باسی لەوەش کرد کە بەرپرسانی کورد هانی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)شیان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا داوە تاوەکو لەبری پشتبەستن بە چارەسەری سەربازی، ڕێگەی دانوستان و تێکەڵبوونی سیاسی لەگەڵ دیمەشق بگرنەبەر، و گوتی: کێشەی کورد لە سووریا هیچ چارەسەرێکی سەربازیی نییە.
ئەو، دۆخەکەی بە ئەزموونی کوردانی عێراق لە دوای ساڵی 2003 بەراورد کرد و ئاماژەی بەوە دا کە دەستەبەرکردنی مافە دەستوورییەکان و سیستەمی فیدراڵی لە ڕێگەی دانوستان و کارکردن لەگەڵ حکومەتی ناوەندی لە بەغدا بەدەست هاتوون، هەروەک گوتی: ئێمە فیدراڵی و مافەکانمان لە دەستووردا بە مانەوە لە کوردستان بەدەست نەهێنا، بەڵکو بە چوون بۆ بەغدا بەدەستمان هێنا.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، تاڵەبانی ڕەخنەی لەو هێرشانە گرت کە لە ماوەی جەنگی ئێراندا لە خاکی عێراقەوە دەکرانە سەر وڵاتانی دراوسێ، و داوای کرد ئەو گرووپە چەکدارانەی لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن بخرێنە ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتەوە، ناوبراو گوتی: ئێمە تووشی شۆک و نیگەرانیی قووڵ بووین بەو هێرشانەی کە لە عێراقەوە دەکرانە سەر دراوسێکانی عێراق، بەتایبەتیش ئیمارات؛ نابێت عێراق زیان بە دراوسێکانی بگەیەنێت.
تاڵەبانی ئاشکرای کرد کە حکومەتی نوێی عێراق فشاری خستووەتە سەر گرووپە چەکدارەکان بۆ هەڵوەشاندنەوەیان، و دڵنیایی خۆی نیشان دا کە پابەندبوونی هەندێک لە گرووپە گەورەکان، ئەوانی دیکەش هان دەدات هەمان هەنگاو بنێن و گوتی: «پرۆسەی چەکداماڵین دەستی پێکردووە.»
جەختیشی کردەوە کە پێویستە سەرکردە کوردەکان بەشداریی کارایان لە ناوەندی بڕیاری سیاسی لە بەغدا هەبێت، تاوەکو کاریگەری لەسەر سیاسەتی ئەمنیی وڵات دابنێن و ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەو هێرشانە بکەن، و گوتی: ناکرێت سوپامان لەناو سوپادا هەبێت کە هێرش بکاتە سەر هاوپەیمانەکانمان لە کەنداو.
ئەم مانگە دوو ساڵ بەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا تێدەپەڕێت، بەڵام بەهۆی نەبوونی لێکتێگەیشتن لەنێوان دوو پارتە دەسەڵاتدارەکە — پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان — تا ئێستا حکومەتی نوێ پێکنەهێنراوە.
لەبارەی دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەتەوە تاڵەبانی گوتی: ئەم دۆخە شەرمەزارکەرە. دەزانم ڕەنگە زۆرێک لە دۆستەکانمان لە سەرتاسەری جیهان نائومێد کردبێت کە دەیانویست زۆر زووتر حکومەت پێکبهێنین، شتێکی خۆش نییە بۆ ماوەی دوو ساڵ جێگری سەرۆک وەزیرانی حکومەتێکی کاربەڕێکەر و دەسەڵات سنووردار بیت، هیواشی خواست کە حکومەتی داهاتوو لە هەموو حکومەتەکانی پێشوو باشتر بێت.





