
لە چاوپێکەتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کورد مۆنیتۆر، کامەران عوسمان، بەرپرسی دیسکی مافی مرۆڤ لە رێکخراوی CPTـى ئەمریکی دەڵێت: هیچ رێککەوتنێک لەنێوان ئەمریکا و حزبەکوردییەکاندا نییە، بەهیچ شێوازێک لە ئێستادا دەرفەت بۆ کورد نەرەخساوە ناوچەیەکی ئۆتۆنۆمی لە ئێران بۆخۆیان داببڕن
کامەران عوسمان، زانیاری ورد لەسەر چوونەناوەوەی سوپای تورکیا ئاشکرا دەکات بۆناو ئێران و دەستگرتن بەسەر ئورمێدا و دەشڵێت: تورکیا ئاڵنگاری گەورەیە لەبەردەم کورددا بۆ دروستکردنی ناوچەیەکی ئۆتۆنۆمی لە رۆژهەڵاتی کوردستان
کورد مۆنیتەر: سەرەتا با لە دۆخی ئێرانەوە دەستپێبکەین، پێتان وایە ئەمریکا هێرشەکانی بەردەوام دەبێت تا گۆڕینی دەسەڵاتی ئێران؟
کامەران عوسمان: دواکارییەکانی ئەمریکا لە ئێران خۆی لە بابەتی چەکی ئەتۆمی، ئابوری، ئاسایشی ئیسرائیل و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەبینییەوە، ئەوان پێیانوابوو ئێران مامەڵە بە کاتەوە دەکات بۆیە هێرشیان دەستپێکرد، بۆیە جەنگەکەیش درێژە دەکێشێت و گۆڕینی رژێمی ئێران ئەگەرێکی کراوەیە، بەڵام تائیستا سراتیژیەتی ئەمریکا دیارنییە.
کورد مۆنیتەر: لە ئەگەری کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی ئێستای ئێران، ئەو وڵاتە و بەتایبەت رۆژهەڵاتی کوردستان رووبەڕووی چی دۆخێک دەبێتەوە؟
کامەران عوسمان: چەندین ئەگەر هەیە، یەکەمیان ئەنجامدانی کودەتای سەربازییە، کە یەکێک لە فەرماندە باڵاکان ئەنجامی بدات و دەسەڵات بگرێتەدەست، ئەمریکاییش چاوڕوانی ئەوەی هەیە، ئەگەری دووەم ئەوەیە، ئەگەر رژێم لاواز نەکرێت، ئەمریکا و ئیسرائیل رژێمەکە لەناوببەن، لەم ئەگەرەیاندا هیچ هێزێک نییە بتوانێت دەسەڵات بگرێتەدەست و ئێران رووبەڕووی پارچەپارچەبوون دەبێتەوە، هەروەها سەرهەڵدانی شەڕ لەنێوان فارس و فارس، فارس و ئازەر، کورد و ئازار، لەناو خودی کوردیشدا، بەڵام یەکێک لە ئەگەرە بەهێزەکان پارچەپارچەبوونی ئێرانە.
لەبارەی رۆژهەڵاتی کوردستانە دەرفەتێک هاتووەتەپێشەوە، بەڵام وەک چۆن دەرفەتە بەهەمان شێوە تەڵەیە، دەکرێت ئەمریکا و ئیسرائیل، کورد بخەنە ناو شەڕی دژ بەئێرانەوە و دواتر خۆیان بکەونە گفتوگۆوە، ئەمەش دەگای کۆمەڵکوژی لەسەر کورد دەکاتەوە.
کورد مۆنیتەر: ئەوەندەی ئاگاداربیت، حزبەکانی رۆژهەڵات ئامادەکارییان کردووە بۆ چوونە رۆژهەڵات لە یەگەری هەر گۆڕانکارییەک و ئامادەکارییەکان لەچی ئاستێکدایە؟
کامەران عوسمان: دروستکردنی هاوپەیمانێتی لە نێوان حزبەکانی رۆژهەڵاتدا ئەوە ئامادەکارییە، دوو حزبی ناو هاوپەیمانێتییەکە زۆر ئامادەن، ئامادەکاری تەواویان کردووە، بەشێوەیەک لە ئەگەری رووخانی رژێمدا دەتوانن کۆنترۆڵی ناوچە کوردییەکان بکەن.
کورد مۆنیتەر: لەم قۆناغەدا ئەمریکا پشتیوانی حزبەکانی رۆژهەڵات دەکات؟
کامەران عوسمان: تائێستا هیچ رێککەوتنێک لەنێوان ئەمریکا و حزبەکوردییەکاندا نییە، تەنها پەیوەندییەکی تەلوفونی لەنێوان ترەمپ و مستەفا هیجری هەبووە، لەئێستادا هیچ پشتیوانییەکی فەرمی نییە.
کورد مۆنیتەر: ئایا حکومەتی هەرێم رێگەدەدات، حزبە کوردییەکان بچەنەوە ئێران و دژ بە دەسەڵاتی ئێران هێرش بکەن؟
کامەران عوسمان: هەرێمی کوردستان رووبەڕووی دوو بژرادەی زۆر نادادپەروەرانە کراوەتەوە، لەلایەک ترەمپ بە بەرپرسانی هەرێمی وتووە دەبێت یان ئەمریکا یان ئێران هەڵبژێرن، لەلایەکی ترەوە ئێران بە هەرێمی راگەیاندووە، هەرهاوکاری هێزە کوردییەکان رووبەڕووی هێرش دەبنەوە، بۆیە لەهەر ئەگەرێکیاندا هەرێم رووبەڕووی مەترسی دەبێتەوە.
کورد مۆنیتەر: پێتان وایە بە هەمانشێوەی رۆژئاوای کوردستان، کورد لە رۆژهەڵات بتوانێت دەسەڵاتی ناوچە کوردییەکان وەربگرێت؟
کامەران عوسمان: بەهیچ شێوازێک لە ئێستادا دەرفەت بۆ کورد نەرەخساوە ناوچەیەکی ئۆتۆنۆمی بۆخۆیان داببڕن، بەڵام لە ئەگەری رووخانی رژێمەکەدا دەرفەتی گەورە هەیە، بەڵام تا بەم دۆخەی ئێستاوە شەڕ لە ئێران بەردەوامبێتک کورد ناتوانێت رۆژهەڵات لە ئێران داببڕێت، رەنگە بتوانێ چەند گوندێک یان ناوچەیەک “رزگار” بکات، وە سیاسەتی ترەمپ لەگەڵ پارچەپارچەبوونی ئێراندا نییە، هەرچەندە حزبەکان یەکگرتووبن دەتوانن رووبەڕووی هەموو ئاڵنگارییەکن ببنەوە.
کورد مۆنیتەر: بابێینەوە سەر تورکیا، وەک چۆن تورکیا دەستێوەردانی لە سوریا کرد و تا داگیرکردنی عەفرینیش رۆشت، پێتان وایە هەمان سیناریۆ لە ئێران دووبارەبکاتەوە؟
کامەران عوسمان: توکیا دووجار دەستی سوتاوە، جارێک لە 2003 نەتوانی ڕێگری لە دروستبوونی هەرێم بکات، هەروەها دوای نەمانی داعش لە سوریا نەیتوانی رێگری لە دەسەڵاتی کورد بکات لە رۆژئاوای کوردستان، بەڵام ئێستا نایەوێت ئەزموونی رابردوو دووبارەبکاتەوە، پێش شەڕی ئێران کۆمەڵێک هەنگاوی ناوە، دیوارێکی لەسەر سنور دروستکردووە، جگەلەوەش هێزێکی زۆری کۆکردووەتوە، دەیەوێت لەرێگەی ماکۆ و ئورمێوە دەیەوێت بچێتە ناو خاکی ئێران و رێگری لە خۆبەڕێوەبەری کورد بکات، بۆیە ئاڵنگاری گەورە لەبەردەم کورددا تورکیایە.
کورد مۆنیتەر: لە چەند رۆژی رابردوودا، راپۆرتێکتان لەسەر جموجوڵی نوێی تورکیا لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو، دەمانەوێت ڕوونتر پێمان بڵێیت، جموجوڵەکانی تورکیا لە چی ئاستێکدایە لەڕووی زیادکردنی سەرباز و لێدانی تونێل و دورستکردنی رێگا و دانانی بنکە و خاڵی سەربازی نوێ؟
کامەران عوسمان: تورکیا لە ساڵی رابردووەوە، بارەگاکانی لە تورەکەی لمییەوە کردووە بە کۆنکرێت و هەموویانی بەیەکەوە بەستووەتەوە، لەناو هەموو بارەگاکاندا خاڵی نیشتنەوە هێلیکۆپتەری دروستکردووە، ئێستا لەبری گواستنەوەی سەرباز بە ئۆتۆمبێل بە هێلیکۆپتەر سەرباز دەگوازێتەوە، هەروەها لە ساڵی روبردووەوە سێ کامپی سەربازی دروستکردووە، کە بکەی مەشق و نەخۆشخانە و خاڵی نیشتنەوەی هێلیکۆپتەر و مەشقی هێلیکۆپتەری تێدایە.
تورکیا 139 بنکە و بارەگای سەربازی لە هەرێمی کوردستان هەیە، کە 11 بنکەیان لە ساڵی رابردووەوە زیاد کراوە.
کورد مۆنیتەر: تورکیا پرۆسەی ئاشتی”بێ تیرۆری” راگەیاندوو، بەڵام لەهەمانکاتدا نەک سوپاکەی نەکشاندووەتەوە لە سنورەکانی هەرێم بەڵکو رێکاری توندوتۆڵرتی گرتتوەتەبەر، ئەمە بۆ؟
کامەران عوسمان: پرۆسەی ئاشتی بۆ تورکیا پرۆسەیەکی ستراتیژی نییە بەڵکو تاکتیکییە بۆ خۆدەربازکردن لەو گۆڕانکارییانەی لە ناوچەکە روودەدات، ئەوەی ئێمە تێبینیمان کردووە، تورکیا بە تەواوەتی خۆی ئامادەکردووە بۆ شەڕێکی تر، ئەو بێدەنگییەی ئێستا خۆ ئامادەکردنە بۆ جەنگێکی تر.
کورد مۆنیتەر: وەک چۆن تورکیا وا دەردەکەوێ کە بڕوای بە پرۆسەی ئاشتی نەبێت، ئایا پەکەکە هیچ ئامادەکارییەکی کردووە بۆ ئەگەری سەرنەگرتنی پرۆسەکە؟
کامەران عوسمان: وەک چۆن تورکیا خۆی بۆ شەڕێکی تر ئامادەدەکات، پەکەکە لە ساڵی رابردووەوە دەستیکردووە بە دروستکردنی تونێلی گەورە لە هەرێمی کوردستان، هەروەها پێشخستنی توانای تەکنەلۆجیای سەربازی خۆی.
کورد مۆنیتەر: با ئەمە کۆتا پرسیاربێت، کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی ئێستای ئێران یان مانەوەی چی کاریگەرییەکی لەسەر پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەبێت؟
کامەران عوسمان: ئەگەر رژێمی ئێران بمێنێتەوە، دەکرێت تۆڵە لە پژاک بکاتەوە، لەکاتێکدا هێرش بۆسەر پژاک هێرشە بۆسەر قەندیل، هەروەها هێرش بۆسەر حزبەکانی تری هەرێم، دەشکرێت ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لە نێوان ئێران و تورکیا دژی پژاک و پەکەکە بەڕێوەبچێت، لەلایەکی ترەوە، ئەگەر رژێم بڕوخێت و پژاک بچێتە شارە کوردییەکان دیسان شەڕ لە نێوان پژاک و تورکیا هەڵدەگیرسێت و رەنگە بەوەش کۆتایی بە پرۆسەی ئاشتی بێت.





