دوای مالیکی ئەمریکا ڤیتۆ دەخاتەسەر سودانی

 

دوای ڤیتۆی ئەمریکا لەسەر نوری مالیکی کاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەمریکا دووەم ڤیتۆ لەسەر سەرکردەیەکی عێراقیی دادەنێت کە ئەویش محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی ئێستای عێراقە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەبەغداوە بە کورد مۆنیتەر-ی ڕاگەیاند، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا ڕاپۆرتێکی لەبارەی جەنگی ئێران و ڕۆڵی عێراق لەو جەنگەدا ئامادەکردووە و ڕاپۆرتەکەی ئاڕاستەی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی کردووە، بەگوێرەی وتەی ئەو سەرچاوەیە، لەنێو ڕاپۆرتەکەدا باس لەوەکراوە “سودانی بۆ قۆناغی داهاتووی سەرۆکایەتیکردنی حکومەتی عێراق شیاو نییە، بەو پێیەی نەیتوانی ڕێگریی لە میلیشیا شیعەکان بکات هێرش نەکەنەسەر دامەزراوە دیبلۆماتیەکان لە عێراق”.

ئەو سەرچاوەیەی کورد مۆنیتەر گوتیشی: کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق کە تیایدا سودانی فەرمانی دابووە حەشدی شەعبی وەڵامی ئەو هێرشانە بداتەوە کە دەکرێنەسەری، وێنەیەکی نەرێنی سودانی لەلای ئەمریکییەکان دروستکردووە و پێیانوایە ئەو هەڵوێستەی بۆ ڕازیکردنی دڵی گروپە چەکدارەکان بووە”.

جەنگی ئێران بۆ سودانی ئاڵنگارییەکی گەورەی تەمەنی سیاسی ئەو بوو، دەبوو لە یەک کاتدا هاوسەنگیی ناوخۆیی و نێردە دیبلۆماسیەکانیش بپارێزێت، بەڵام لەماوەی جەنگەکەدا نەک هەر لەناوخۆی عێراقدا هێرشکرایەسەر نێردە دیبلۆماسیەکان، بەڵکو لە عێراقەوە هێرشکرایەسەر کوەیت، سوریا و ئوردن، ئەوە جگە لە هێرشە ڕۆژانەیی و بەردەوامەکانی میلیشیا شیعەکان بۆسەر هەرێمی کوردستان.

 

Back to top button