
لە دوای دیاریکردنی موجتەبا خامنەیی وەک ڕێبەری باڵای لە ئێران لە شوێنی باوکی (کە لە هێرشێکی ئەمریکی-ئیسرائیلیدا لە 28ی شوبات کوژرا)، تا ئێستا بە ئاشکرا دەرنەکەوتووە، بەڵام ڕژێمی ئێران ڕوبەڕووی کۆمەڵێک پرسیاری گەورە بووەتەوە:کێ بڕیاردەری ئەم جەنگەیە؟ کێیە وایکردووە ئێران هێشتا بەپێوە بمێنێتەوە؟
مانەوەی ڕژێمی ئێران لە ئێستادا پشت بە چەند کەسایەتییەکی سەرەکی دەبەستێت، کە بریتین لە فەرماندەی سوپای پاسداران، لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی و سەرۆکی پەرلەمان، کە ئەو دوانەی کۆتایی لە پاسدارانەوە چوونەتە پێگەکانی ئێستایان.
یەکەم: جەنەڕاڵ محەمەد باقر زولقەدر، پیاوە تەمومژاوییەکە
محەمەد باقر زولقەدر نوێنەرایەتی دیوە تەمومژاوییەکەی ڕژێمی ئێران و ژووری کۆنترۆڵی ڕاستەقینەی دۆخی وڵاتەکەی دەکات. وەک ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی، سەرپەرشتی هەماهەنگی نێوان سوپا، سوپای پاسداران، دەزگا هەواڵگرییەکان و سیاسەتی دەرەوە دەکات. ئەمە ئەو شوێنەیە کە بڕیارە گەورەکانی لێ دەردەچێت: جەنگ، بەرنامەی ئەتۆمی و ئیدارەی قەیرانەکان.
دەستنیشانکردنی زولقەدر لە ئاداری 2026دا، تەنها گۆڕانکارییەکی کارگێڕی نەبوو، بەڵکو ئاماژەیەک بوو بۆ ئەوەی ڕژێم پێی باشە پیاوانی خاوەن باکگراوندی ئەمنی قۆناغەکە بەڕێوە ببەن. زولقەدر لە سیاسەتەوە نەهاتووە، بەڵکو لە قووڵایی پێکهاتە ئەمنییەکانەوە هاتووە، واتە سوپای پاسداران، بەسیج و دەستەی ئەرکان.
دامەزراوەی بەرگریکردن لە دیموکراسییەت دەڵێت ئەو یەکێکە لە ئەندازیارانی تۆڕی بریکارە هەرێمییەکانی ئێران کە لە دوورەوە سەرپەرشتی حزبوڵڵای لوبنانی و باڵەکانی تری ئێران لە ناوچەکەدا دەکەن. ڕاپۆرتە ڕۆژئاواییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەهۆی ڕۆڵی لە بەرنامەی ئەتۆمی و سەرکوتکردنی نەیاران لە ناوخۆدا، خراوەتە لیستی سزاکانەوە.
دەوترێت ئەو بڕیاردەرێکی تاکڕەو نییە، بەڵکو هەماهەنگیکارە لە نێوان چەندین ناوەندی جیاوازی بڕیاردان دا، کە ئەمە ڕۆڵێکی گرنگترە لە کاتی نەبوونی ڕێبەری باڵادا.
دووەم: جەنەڕاڵ ئەحمەد وەحیدی، بەرپرسی سیستمی ئەمنی
جەنەڕاڵ ئەحمەد وەحیدی گوزارشت لە جەوهەری سیستمی ئەمنیی ڕژێم دەکات: بەرگریکردن لە ڕێگەی هێزەوە، چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوە. ناوی ئەو لە مێژوودا بە فەیلەقی قودسی پاسداران بەستراوەتەوە کە قاسم سولەیمانی وەک باسکی دەرەکی سوپای پاسداران دروستیکرد. هەروەها ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان ئاماژە بە پەیوەندی ئەو بە ئۆپەراسیۆنە دەرەکییەکانەوە دەکەن لە نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا، لەوانە دۆسیەی تەقینەوەکەی “AMIA” کە بەهۆیەوە ناوی لە لیستی سووری ئینتەرپوڵدا ماوەتەوە.
ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا سزایان بەسەردا سەپاندەوە بەهۆی ڕۆڵی لە سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی 2022ی ئێران و هەماهەنگیەکانی بۆ بڕینی ئینتەرنێت و بەکارهێنانی هێز دژی خۆپیشاندەران.
بە بڕوای لێکۆڵەران، وەحیدی بەشێکە لە گۆڕانکارییەکی فراوانتر، پێشڕەویی دامەزراوەی سەربازی-ئەمنی بۆ گەیشتن بە چەق و ناوەندی دەسەڵاتی ڕاستەقینە، بەتایبەت لە کاتی هەڕەشە وجودییەکانی سەر ئێران دا. جەنەڕاڵ وەحیدی تەنها فەرماندەیەکی سەربازی نییە، بەڵکو بەرجەستەکردنی ئەو بیرۆکەیەیە کە مانەوەی ڕژێم تەنها لە ڕێگەی کۆنترۆڵی تەواوەتی دەزگا ئەمنیەکانەوە دەبێت، نەک لە ڕێگەی حەوزەی ئاینی، کە پێشتر بەهێز بوو.
سێیەم: محەمەد باقر قالیباف، پیاوی ئەمنی و سیاسی
لە ئێران، محەمەد باقر قالیباف نوێنەرایەتی دۆخێکی جیاواز دەکات. ئەو هەڵقەی پەیوەندی نێوان ئەمنیەت و سیاسەتە. ئەو لەناکاو دوای کوژرانی عەلی لاریجانی، سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران لە سەرەتای ئەم جەنگەدا، ناوبانگی دەرکرد؛ لاریجانی پەرلەمانتار، پێشتر لە ناو پاسداران بوە.
محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هەمان ئەو پیاوەیە بە جلی سوپای پاسدارانەوە، سەرپەرشتی دانیشتنێکی پەرلەمانی کرد لە 1ی شوباتی 2026.
قالیباف کاروانی پیشەیی خۆی لە سوپای پاسداران و فەرماندەیی هێزی ئاسمانی دەستپێکرد، پاشان چوە فەرماندەیی پۆلیس، دواتر بوو بە سەرۆکی شارەوانی تاران و لە کۆتاییدا بوو بە سەرۆکی پەرلەمان. ئەم کاروانە تەنها هەمەجۆرییەکی وەزیفی نییە، بەڵکو دەربڕینی شێوازێکی ڕوونی ئێرانییە: خولانەوەی نوخبەی ئەمنی لە ناو دامەزراوە مەدەنییەکاندا.





