ئیسرائیل ئامادەکاریی دەکات بۆ ئەگەری شکستهێنانی گفتوگۆکانی نێوان واشنتۆن و تاران

 

دەستەی پەخشی ئیسرائیلی ئاشکرایکرد، سوپای ئیسرائیل خۆی ئامادە دەکات بۆ ئەگەری شکستهێنانی گفتوگۆکانی نێوان واشنتۆن و تاران و دەستپێکردنەوەی هێرشەکان بۆسەر ئێران.

دەستەی پەخشی ئیسرائیل ڕوونی نەکردووەتەوە، کە ئایا دەستپێکردنەوەی هێرشەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنی ئەمریکی دەبێت یان نا.

هاوکات سوپای ئیسرائیل ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند، کە ئەو هێرشە ئاسمانییە توندانەی ڕۆژی چوارشەممە کردیانە سەر بەیرووت و چەند ناوچەیەکی لوبنان، بووەتە هۆی کوژرانی “زیاتر لە 180 چەکداری حزبوڵڵای لوبنانی”.

سوپا لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت”لە کاتی هێرشەکەدا زیاتر لە 180 ئەندامی حزبوڵای لەناو بردووە و ئامارەکەش کۆتایی نییە”.

بەیاننامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە سوپا “نزیکەی 100 ئامانجی لە سێ ناوچە لە یەک کاتدا پێکاوە، بەتایبەت لە بەیرووت و باشوور، و پشتی بە زانیاری هەواڵگری ورد و جۆری بەستووە، ئەمەش ڕێگەی داوە چەندین ناوچە لە یەک کاتدا بکرێنە ئامانج”.

پێشتر وەزارەتی تەندروستی لوبنان ڕایگەیاندبوو کە هێرشەکان، بووەتە هۆی کوژرانی 357 کەس و برینداربوونی زیاتر لە 1200 کەسی دیکە.

 

Back to top button