سەرچاوەیەک بۆ کورد مۆنیتەر: ڕەنگە پارتی مامەڵە لەگەڵ نزار ئامێدی نەکات

 

بە دەنگی (227) پەرلەمانتار و دوای دوو گەڕی دەنگدان، نزار ئامێدی بووە پێنجەم سەرۆک کۆماری عێراق لە دوای ڕووخانی رژێمی بەعس، سەرکەوتنی ئامێدی دوای چەندین مانگ لە چەقبەستووی سیاسیی نێوان پارتی و یەکێتی و لایەنە عێراقیەکاندا بوو، بەڵام ئەو دۆخە بە لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتنی نێوان پارتی و یەکێتی لەلایەک و هێزە شیعەکان لەلایەکی دیکە نەهاتە پێشەوە، بەڵکو سووربونی پارتی لەسەر کاندیدکردنی فوئاد حوسێن و دروستبوونی پەرلەمانتارانی عێراق و شەقامی عێراقیی لەو چەقبەستووییە، وایکرد هاوکێشەکە بە سودی نزار ئامێدی و یەکێتی یەکلایی ببێتەوە.

کورد مۆنیتەر قسەی لەگەڵ سەرچاوەیەکی باڵای نێو پارتی دیموکراتی کوردستان کرد دەربارەی هەڵوێستی حزبەکەی لە سەرکەوتنی نزار ئامێدی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، ئەو سەرچاوەیە گوتی کە هێشتا زووە پارتی بە ڕوونی هەڵوێستی خۆی نیشان بدات، بەڵام باسی لەوەکرد “پارتی زیاتر لە دوو هەفتەیە دەیزانی دۆخەکە وەك ئەمڕۆی لێدێت، چونکە یەکێتی بریاریدابوو بەبێ ڕێکەوتن لەگەڵ پارتی پۆستی سەرۆک کۆمار بباتەوە، بەشێکی زۆریش لەلایەنە شیعە و سوننەکان هاوکاری یەکێتی بوون”.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی: وەک گوتم هێشتا زووە پارتی کاردانەوەی خۆی نیشان بدات، بەڵام بە دڵنیاییەوە لەم قۆناغەدا پارتی لەگەڵ نزار ئامێدی مامەڵە ناکات، پێشموایە ئەو ڕووداوەی ئەمڕۆ ڕەنگدانەوەی لەسەر چۆنیەتی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان دەبێت”.

دوای ئەوەی بەرهەم ساڵح لە کێبڕکێی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار لەساڵی 2018 لە فوئاد حوسێنی بردەوە، پارتی ئەو سەرکەوتنەی وەک “شکاندنی نەریتی سیاسی” و “پەراوێزخستنی ئیستحقاقی زۆرینەی کورد” بینی. بۆ ماوەیەکی درێژ، مەسعود بارزانی و سەرکردایەتی پارتی بە فەرمی پیرۆزباییان لێ نەکرد و وەک سەرۆک کۆماری کورد مامەڵەیان لەگەڵ نەکرد.

پارتی هەوڵیدا ڕۆڵی سەرۆک کۆمار لە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا نادیدە بگرێت. لە جیاتی ئەوەی سەرۆک کۆمار وەک نێوەندگیر ببینرێت، پارتی ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێم و وەزیرە کوردەکانی ناو حکومەتی فیدراڵ (بەتایبەت فوئاد حوسێن وەک وەزیری دارایی و دواتر وەزیری دەرەوە) مامەڵەی لەگەڵ بەغدا دەکرد، بەمەش بەرهەم ساڵح لە زۆرێک لە دۆسیە هەستیارەکاندا پەراوێز خرا.

Back to top button