
- لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، پارتی دەخەنە بەردەم دوو بژاردە
- یان پێکهێنانی حکومەت، یان پەرلەمان هەڵدەوەشێنینەوە
- دادگای فیدراڵیی عێراق قسەی یەکلاکەرەوە لە چەقبەستووی دۆخی هەرێم دەکات
پارتی دیموکراتی کوردستان دوای هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق لەسەر باڵاترین ئاستی حزبەکە کە مەکتەبی سیاسی پارتیە، پەیامی خۆی بە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق گەیاند، کە ئەوان ئامادە نین مامەڵە لەگەڵ سەرۆک کۆماری نوێدا بکەن، کورد مۆنیتەر لەگەڵ بەشێک لە بەرپرسانی باڵای پارتی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان قسەیکردووە و ئەوان باسیان لە چارەنوسی پڕۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان کرد.
ساڵێک و شەش مانگی تەواو بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تێپەڕ دەبێت، هێشتا نە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، نە سەرۆکی هەرێم و نە کابینەی 10ی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکنەهێنراوە، سەرچاوەیەکی باڵای نێو یەکێتی بە کورد مۆنیتەر-ی ڕاگەیاند، هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار جوڵەیەک بوو کەوتە نێو چەقبەستوویی سیاسیی لە عێراق و تەنانەت لە هەرێمی کوردستانیش، وەک ئەو سەرچاوە باڵایە گوتی: ئێستا پارتی لە هەرێمی کوردستان لەنێوان دوو بژاردەدایە، یان پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم، یان ئەو لایەنانەی ناڕازین لە دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان و پەکخستنی پەرلەمان، لە دادگای فیدراڵیی عێراق سکاڵا لەسەر ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان تۆمار دەکەن.
وەك ئەو سەرچاوەیە گوتی: پارتی سوربێت لەسەر عینادی سیاسیی، ئەوا دادگای ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان هەڵدەوەشێنێتەوە و بەرەو هەڵبژاردنی پێشوەختە دەچین”.
دادگای فیدراڵیی عێراق بەپێی ماددەی 93ی دەستوور، بەرپرسە لە چاودێریکردنی دەستووریبوونی یاساکان و یەکلاکردنەوەی ئەو کێشانەی لە ئەنجامی جێبەجێکردنی یاسا فیدراڵییەکان دروست دەبن، دەکرێت سکاڵاکار (کە دەبێت لایەنێکی نێو کێشەکە، وەک پەرلەمانتارێک یان قەوارەیەکی سیاسی) بێت، پشت بە چەمکی “پەکخستنی دامەزراوە دەستوورییەکان” ببەستێت.
سکاڵاکار دەتوانێت “دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت” بکاتە بنەمای سکاڵاکەی و باس لەوە بکات زیان بە بەرژەوەندیی گشتی و مافی هاوڵاتیان دەگەیەنێت، ئەمەش پێشێلکردنی تێپەڕاندنی “ماوە دەستوورییەکان”ە.
بەڵام سەرچاوەیەکی باڵای نێو پارتی دیموکراتی کوردستان بە دووریزانی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان پەنا بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستان ببەن، ئەو گوتی: هەندێک لەو لایەنانە باش دەزانن ئەو دەنگانەی لە هەڵبژاردنی ڕابردوودا بەدەستیانهێنا، ئەمجارە ئەستەمە نیوەی ئەوەش بەدەستبهێنن” ئەو سەرچاوەیەی پارتی ناوی هیچ لایەنێکی دیاریکراوی نەهێنا.
سەرچاوە باڵاکەی پارتی باسی لەوەشکرد، ئەگەر گریمانەی ئەوە دابنرێت لە هەرێمی کوردستانەوە سکاڵا لەسەر پەرلەمانی کوردستان تۆمار دەکرێت، دادگای فیدراڵیی هیچ بڕیارێک لەدژی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان نادات، چونکە لە سەروو بەندی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقدا، بەغدا نایەوێت کێشەیەکی دیکە بۆ خۆی دروست بکات، وەک ڕوونیشە دادگا لەژێر هەژموونی لایەنە سیاسییەکاندایە و دۆخی سیاسیش لەمکاتەدا بۆ دژایەتیکردنی هەرێمی کوردستان لەبار نییە.
ئەگەر لە دادگای فیدراڵیی عێراق سکاڵا لەسەر پەرلەمانی کوردستان تۆمار بکرێت، سێ سیناریۆ چاوەڕێی پەرلەمان دەکات:
یەکەم: دادگا بڕیار بدات کە پەرلەمانی کوردستان پابەندە بە کۆبوونەوە و هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی هەرێم و ڕاسپاردنی کاندید بۆ پێکهێنانی حکومەت لە ماوەیەکی دیاریکراودا.
دووەم: ڕەنگە دادگای فیدراڵیی بڕیار بدات کە حکومەتی ئێستای هەرێم تەنها دەسەڵاتی “کاربەڕێکردنی ڕۆژانە”ی هەیە و بۆی نییە بڕیاری ستراتیژی بدات، ئەمەش فشارێکی زۆر لەسەر لایەنەکان دروست دەکات بۆ ڕێککەوتن.
سێیەم: لە خراپترین حاڵەتدا، ئەگەر دادگا بگاتە ئەو بڕوایەی کە پەرلەمان شکستیهێناوە لە جێبەجێکردنی ئەرکە دەستوورییەکانی، ڕەنگە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان یان دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن بدات (هاوشێوەی ئەوەی لە ساڵی 2022 بۆ خولی پێنجەم ڕوویدا).





