ڕاوێژکارێکی مەسرور بارزانی: تاران بۆردومانمان دەکات و بەغدادیش تەماشاکەرە

 

ڕاوێژکاری ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت: بێدەنگیی بەغداد بەرامبەر دەستدرێژییەکانی ئێران دەچێتە چوارچێوەی هاوکارییەوە.

“تاران بۆردومانمان دەکات و بەغدادیش تەماشاکەرە” بەم شێوەیە نوردین وەیسی، ڕاوێژکاری ڕاگەیاندنی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەسفی دۆخەی بۆردومانەکانی سەر هەرێم دەکات و لە گفتوگۆیەکیدا لەگەڵ “ئارم نیوز” ڕایدەگەیەنێت: هەولێر بە شێوەیەکی ڕوون و توند کاری کردووە بۆ سنووردارکردنی چالاکییەکانی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. هاوکات گوتیشی: هەرێمی کوردستان بوونی ئەوانی تەنها لەناو کەمپەکانی پەنابەراندا هێشتووەتەوە، بێ ئەوەی ڕێگەیان پێ بدات هیچ چالاکییەکی چەکداری لە ناو خاکی هەرێمدا ئەنجام بدەن”.

نوردەین وەیسی باسی لەوەشکردووە “بەغداد تەنها لەم جەنگەدا پشتی لە هەرێمی کوردستان نەکردووە، بەڵکو پێش ئەمەش چەندین ساڵ پشتگوێخستنی بە ئەنقەست هەبووە لەلایەن بەغداوە. هەرێم بە بەردەوامی ڕووبەڕووی هێرشی ئێران و دەستدرێژیی میلیشیاکانی سەر بە ئێران بووەتەوە، لەبەر چاوی حکومەتی بەغداد هەموو ئەمانە ڕوودەدەن و هیچ هەڵوێستێکی نەبووە، بەڵکو ئەم پێشێلکارییانەی بە بێدەنگییەکی شەرمەزارانە وەڵام داوەتەوە کە دەگاتە ئاستی هاوکاری و تێوەگلان، ئەم بێدەنگییە لە بێدەسەڵاتیەوە نییە، بەڵکو پلانێکی سیاسییە و ڕەنگدانەوەی ئارەزوویەکی ڕوونە بۆ لاوازکردنی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی سیاسی، ئەمنی و ئابووری. بەڵام ئەم سیاسەتانە لە شکاندنی ئیرادەی هەرێم سەرکەوتوو نابن، چونکە سەرکردایەتییەکەی بەردەوامە لە ڕووبەڕووبوونەوەی فشار و ئاڵنگارییەکان و ڕادەستئ هەوڵەکانی بندەستکردن یان سەپاندنی ئەمری واقع نابێت”.

ڕاوێژکاری ڕاگەیاندنی مەسرور بارزانی لەبارەی کاریگەریی جەنگەکە لەسەر هەرێمی کوردستان گوتی: “ئێران وڵاتێکی دراوسێیە و زۆربەی سەرکردایەتی و لایەنەکانی هەرێمی کوردستان پەیوەندی هەمەجۆریان لەگەڵیدا هەیە، کە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی، مێژوو و جوگرافیا دامەزراوە. بەڵام بەداخەوە، تاران بە دوژمنایەتییەکی ڕوونەوە مامەڵە لەگەڵ هەرێم دەکات کە ناتوانرێت پاساوی بۆ بهێنرێتەوە، سەرەڕای ئەوەی هەرێمی کوردستان لەم جەنگەدا بێلایەن بووە و نەچووەتە ناو هیچ بەرەیەکەوە. سەرباری ئەم هەڵوێستە هاوسەنگە، ئێران و میلیشیا عێراقییەکانی سەر بەو وڵاتە شەو و ڕۆژ بەردەوامن لە بۆردومانکردنی ناوچەکانی هەرێم، ئەمەش پێشێلکارییەکی زەقە بۆ هەموو عورف و یاسا نێودەوڵەتییەکان. ئەم ڕەفتارە بە ڕوونی دەریدەخات کە ئێران هیچ بایەخێک بە پرەنسیپی دراوسێیەتی باش نادات”.

هاوکات جەختی لەوەشکردەوە “هەرێم ڕێگە نادات هیچ لایەنێک خاکەکەی وەک خاڵی دەسپێک بۆ هەڕەشەکردن لە وڵاتانی دراوسێ یان هەر وڵاتێکی تر بەکاربهێنێت. دووبارەی دەکەینەوە: هەرێمی کوردستان چەندین جار ڕایگەیاندووە کە نابێتە لایەنێک لەم جەنگەدا و ناچێتە ناو هیچ ململانێیەکی هەرێمییەوە، بەڵکو وەک فاکتەری سەقامگیری و ئاشتی دەمێنێتەوە”.

ئایا ئێران بە فەرمی داوای لە هەولێر کردووە سەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆنی کوردی ڕادەست بکات؟ هەڵوێستی هەرێم چی دەبێت ئەگەر داوایەکی لەو شێوەیە هەبێت؟ نوردەین وەیسی لەو ڕووەوە دەڵێت “زۆربەی سەرکردەکانی ڕۆژهەڵات لە بنەڕەتدا لەژێر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستاندا ناژین، بۆیە داواکردن لە حکومەتی هەرێم بۆ گرتنەبەری ڕێکار بەرامبەر لایەنانێک کە لەژێر کۆنترۆڵی ئەودا نین، داواکارییەکی ناواقیعییە. کەواتە داواکاری لەو شێوەیە پێشوەختە ڕەتکراوەیە”.

لەبارەی ڕاگرتنی هێرشی سەر هەرێمی کوردستان لەلایەن میلیشیا شیعەکانەوە نورەدین وەیسی گوتی “ڕاگرتنی هێرشی میلیشیا عێراقییەکان دژی هەرێمی کوردستان هاوکاتە لەگەڵ ئاگربەستی نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکان، ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ سروشتی پەیوەندییە دەرەکییەکانیان و ملکەچبوونیان بۆ ئیرادەی تاران. ئەم هاوکاتییە بە ڕوونی دەریدەخات کە ئەم میلیشیایانە لە چوارچێوەی سیستمێکی ئاڕاستەکراوی دەرەکیدا دەجووڵێنەوە، کاتێک پێویست بێت وەک ئامرازی جێبەجێکردن بەکاردەهێنرێن و کاتێکیش تێگەیشتنە هەرێمییەکان دەگۆڕێن، ڕۆڵەکانیان سڕ دەکرێت. بەمشێوەیە، ئەوان زیاتر لە ئامرازێکی بەکرێگیراوی جێبەجێکردن دەچن، کە بەپێی داواکاری کارا دەکرێن”.

سەربارەت بە بوونی نزار ئامێدی بە سەرۆک کۆماری عێراق ڕاوێژکارەکەی مەسرور بارزانی گوتی: بردنەوەکەی چاوەڕوانکراو بوو لە سایەی ئەو ئاماژە سیاسییانەی کە هەبوون، چونکە کاریگەریی ئەجێندای ئێرانی هێشتا بە بەهێزی لە ناو پەرلەمانی عێراق و لە کۆی پرۆسەی سیاسی وڵاتدا ئامادەیە. بە پشتبەستن بەم واقیعە، ئاسایی بوو کە پرۆسەی دەنگدان بۆ سەرۆک کۆمار بەرەو ئەو ئاڕاستەیە بڕوات.

 

Back to top button