برایەکی ئۆجەلان: ئەگەر ئامانجی دەم پارتی کوردستان بوایە بە کوردیی قسەیان دەکرد

برا بچووکەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان ڕەخنەی توند لە بەرپرسانی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) دەگرێت و دەڵێت: ئەوان ئێمەیان نەکردە کورد، بەڵکو ئێمەیان کردە تورک”.

محەمەد ئۆجەلان، کە نزیکەی دوو ساڵ لە براکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بچووکترە، بەتووندی رەخنە لە بەرپرسانی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) دەگرێت کە زمان و کاری سیاسییان هەمووی بە کوردی نییە و دەڵێ: بە کوردی قسەکردنی ئەوان تەنیا بە “سێ وشە” یە “«مەرحەبا، سەرسەران، سەرچاڤان» و پاشان دەست بە زمانێکی دیکە دەکەن. زمانی کوردییان قەدەغەکردووە.

محەمەد ئۆجەلان لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا باسی لەوەشکردووە ئەو راستەوخۆ رەخنەی لە بەڕێوەبەرانی دەم پارتی گرتووە و پێیگوتوون “ئێوە ئێمەتان نەکردە کورد، ئێوە ئێمەتان کردە تورک ئەوانیش گوتیان ئەوە قسەیەکی زۆر قورسە پێماندەڵێی، منیش پێمگوتن، ئەوە راستییەکەیە”. هەروەها محەمەد ئۆجەلان لە تووڕەبوونێکی زۆر لە پشتگوێخستنی قسە و کارکردن بە کوردی لەلایەن دەم پارتییەوە دەڵێ ” خەمی ئەوان کوردستان نییە، ئەگەر خەمی ئەوان کوردستان بووایە بە کوردی قسەیان دەکرد”.

برا بچوکەکەی ئۆجەلان بەردەوام بوو لە ڕەخنەکانی لە دەم پارتی و گوتی: “ئەوانەی دەم پارتی سوێندیان خواردووە هەموو شتێکیان بە تورکی بکەن،کاری 24 سەعاتەیان ئەوەیە . تورک هەندێک جار دەیانگرن، بەڵام لەخۆڕایی ئەوان دەگرن، چونکە هەر خزمەتی ئەوان دەکەن”.

Back to top button