
- یەکێتی و نەوەی نوێ بەنیازی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانن
- نێچیرڤان بارزانی خۆی بریاری هەڵوەشاندنەوە دەدات و کارتەکە لەدەستی حزبەکان دەردەهێنێت
هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق لەدەرەوەی ڕێککەوتنی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دەرگای ململانێیەکی نوێ لە هەرێمی کوردستان دەکات، ئەویش پرسی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان، هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم، ڕاسپاردنی سەرۆک وەزیران-ە. کە سەرجەمیان یەک پاکێجن.
کورد مۆنیتەر لەگەڵ سەرچاوەیەکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان قسەیکرد، باسی لە تاوتوێکردنی کۆمەڵێک سیناریۆ لەلایەن حزبەکەیەوە کرد و گوتی: دەزانین لایەنەکانی دەرەوەی پارتی بەنیازن لە دادگای فیدراڵیی عێراق سکاڵا لەسەر ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان تۆماربکەن، بۆیە پارتی بیر لەوە دەکاتەوە ئەو کارتە لەدەستی لایەنەکان دەربهێنێت”.
لەبارەی سیناریۆکەی پارتی بۆ ڕێگریکردن لەو هەوڵەی لایەنەکان ئەو سەرچاوەیە بۆ کورد مۆنیتەر گوتی: ئێمە دەمانەوێت بەگوێرەی بەرکەوتەی هەڵبژاردن حکومەتی نوێ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان پێکبهێنین، بەڵام ئەوان سوربن لەسەر مەرجەکانیان و بیانەوێت پەنا بۆ دادگای فیدراڵیی عێراق ببەن، ئەوکاتە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە مەرسومێک بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان دەدات”.
لەئەگەری جێبەجێکردنی ئەو پلانەدا، پارتی مەبەستیەتی کارتی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستان وەك دەستکەوت بۆ یەکێتی، یان نەوەی نوێ یاخود ڕەوتی هەڵوێست هەژمار نەکرێت.
بەپێی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان (یاسای ژمارە 1ی ساڵی 2005) و هەموارەکانی، سەرۆکی هەرێم خاوەنی کۆمەڵێک دەسەڵاتی سیادییە. ماددەی دەیەمی ئەم یاسایە ئاماژە بەوە دەکات کە سەرۆکی هەرێم دەسەڵاتی هەیە بڕیار بدات بە:
هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، بەڵام ئەمە دەسەڵاتێکی ڕەها نییە و دەبێت بەپێی چەند مەرجێکی یاسایی بێت کە لە یاساکەدا دیاریکراون.
بانگەواز بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە، لە هەمان ئەو بڕیارەی کە پەرلەمانی تێدا هەڵدەوەشێنێتەوە، دەبێت وادەی هەڵبژاردنی نوێش دیاری بکات.
کەی نێچیرڤان بارزانی دەتوانێت پەرلەمانی کوردستان هەڵوەشێنێتەوە؟
سەرۆکی هەرێم دەتوانێت لە چەند بارودۆخێکی دیاریکراودا پەنا بۆ ئەم بڕیارە ببات:
ئەگەر پەرلەمان نەتوانێت لەو ماوە یاساییەی بۆی دیاریکراوە متمانە بدات بە کابینەی نوێی حکومەت، سەرۆکی هەرێم دەتوانێت پەرلەمان هەڵوەشێنێتەوە.
ئەگەر پەرلەمان پەکیکەوت و نەیتوانی کۆبوونەوەکانی ئەنجام بدات بەهۆی کشانەوەی فراکسیۆنەکان و دەستلەکارکێشانەوەی پەرلەمانتاران.
کاتێک بنبەستێکی سیاسی دروست دەبێت کە ڕێگر بێت لە بەڕێوەچوونی کارەکانی دەوڵەت
چۆن پەرلەمانی کوردستان هەڵدەوەشێتەوە؟
نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکی هەرێم ناتوانێت بە تەنها و بێ گەڕانەوە بۆ لایەنەکان بڕیارەکە بدات، بەڵکو ڕێکارەکان بەم شێوەیەن:
دەبێت سەرۆکی هەرێم ڕاوێژ لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکی فراکسیۆنەکان بکات.
بڕیارەکە بە شێوەی “مەرسوومی هەرێمیی” دەردەچێت و لە ڕۆژنامەی فەرمی “وەقایعی کوردستان” بڵاودەکرێتەوە.
بەپێی یاسا، دەبێت هەڵبژاردن لە ماوەی 60 ڕۆژ تێپەڕ نەکات لە دوای ڕۆژی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان.





