شکستی ڤیکتۆر ئۆربان؛ لە پاڵ جەنگی ئێران دا ترەمپ گورزێکی گەورەی لە ئەوروپا بەرکەوت

 

شکستی ڤیکتۆر ئۆربان، سەرۆک وەزیرانی پێشووی هەنگاریا لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا، لێکەوتەی چاوەڕوانکراوی بۆ سەر وڵاتەکەی و دەوروبەری ئەوروپی دەبێت، بەتایبەت لە سایەی جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیادا.

دوای جیاکردنەوەی نزیکەی تەواوی دەنگەکان، پارتی “تیسا” کە پارتێکی ڕاستی ناوەندە و لایەنگری یەکێتی ئەوروپایە بە سەرۆکایەتی پیتەر ماغیار، بەرەو بەدەستهێنانی 138 کورسی هەنگاو دەنێت، ئەمەش دەبێتە زۆرینەیەکی یەکلاکەرەوە (دوو لەسەر سێی کورسییەکان) لە پەرلەمانێکدا کە لە 199 کورسی پێکدێت، بەمەش پێش پارتی هاوپەیمانی دیموکراتە گەنجەکان (فیدیس) کەوت کە ئۆربان سەرۆکایەتی دەکات.

ئۆربان (تەمەن 62 ساڵ) ڕایگەیاند: “تا ئێستا ئەنجامە کۆتاییەکانی هەڵبژاردن ڕانەگەیەندراون، بەڵام دۆخەکە ڕوونە”. لەگەڵ گوتارەکەیدا، فرمێسک بە چاوی هەندێک لە لایەنگرانیدا هاتە خوارەوە کە لە دەرەوە کۆببوونەوە و لە ڕێگەی شاشەی تەلەفزیۆنەکانەوە سەیری دیمەنەکەیان دەکرد.

جەنگ لەگەڵ ڕووسیا

ماغیار (تەمەن 45 ساڵ) دەنگدانەکەی وەک هەڵبژاردن لە نێوان “ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا” وەسف کرد و هۆشداری دایە دەنگدەران کە ئۆربان و هەڵوێستە نەیارەکانی بەرامبەر بە برۆکسل، وڵاتەکە زیاتر لە ڕەوتی باوی ئەوروپا دوور دەخەنەوە.

لەلایەکی ترەوە، ئۆربان بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە پارتی تیسا هەنگاریا پەلکێشی جەنگێکی نەخوازراو لەگەڵ ڕووسیا دەکات، بەڵام ماغیار ئەمەی ڕەت کردەوە.

شکستی ئۆربان دوای 16 ساڵ لە مانەوەی لە دەسەڵات، دەبێتە هۆی لێکەوتەی گەورە نەک تەنها بۆ سەر هەنگاریا، بەڵکو بۆ سەر یەکێتی ئەوروپا، ئۆکرانیا و دەرەوەی ئەوانیش. پێشبینی دەکرێت ئەم شکستە کۆتایی بە ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆنبوونی هەنگاریا لەناو یەکێتی ئەوروپادا بهێنێت، ئەمەش ڕێگە خۆش دەکات بۆ پێدانی قەرزێکی یەکێتی ئەوروپا بە بڕی 90 ملیار یۆرۆ (105 ملیار دۆلار) بە ئۆکرانیا، کە پێشتر سەرۆک وەزیران ڕێگری لێ دەکرد.

هەروەها ڕەنگە ببێتە هۆی ئازادکردنی ئەو پارانەی یەکێتی ئەوروپا کە بۆ هەنگاریا تەرخان کرابوون و لەلایەن یەکێتییەکەوە ڕاگیرابوون، بەهۆی ئەوەی برۆکسل وەک “نەبوونی پێوەرە دیموکراسییەکان” لای ئۆربان وەسفی کردبوو. ئۆرسۆلا فۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا دوای دەرچوونی ئەنجامە بەراییەکان گوتی: “هەنگاریا ئەوروپای هەڵبژارد”.

ئەم ئەنجامە ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا لە هاوپەیمانە سەرەکییەکەی لەناو یەکێتی ئەوروپا بێبەش دەکات و شۆکێکی گەورەشە بۆ ناوەندە ڕاستڕەوەکانی سەرانسەری ڕۆژئاوا، لەوانەش کۆشکی سپی. پارتی تیسا ڕەنگە ڕێگە خۆش بکات بۆ چاکسازییەکی زۆر کە ئامانج لێیان بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و گەڕانەوەی سەربەخۆیی بۆ دەسەڵاتی دادوەری و دامەزراوەکانی تر بێت.

شکست بۆ ترەمپ

ئەم شکستە وەک لەدەستدانێکی گەورە بۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەژمار دەکرێت، کە ئۆربانی وەک هاوپەیمانێکی خۆی دەبینی.

ئۆربان، مۆدێلێکی داڕشتبوو کە بە”دیموکراسی نالیبڕاڵ” ناسرابوو، ئەوەش وەک سەرچاوەیەک دەبینرا بۆ بزووتنەوەی “ئەمریکا جارێکی تر مەزن بکەینەوە” (MAGA)ی سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ و هەوادارانی لە ئەوروپا.

ئۆربان بە ئاشکرا لەلایەن ئیدارەکەی ترەمپەوە پشتگیریی لێدەکرا، هەفتەی ڕابردوو بە سەردانەکەی جی دی فانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا بۆ بوداپێست پشتگیرییەکە گەیشتە لوتکە، سەرەڕای پاڵپشتییەکانی کرێملین و سەرکردە ڕاستڕەوە توندڕەوەکانی ئەوروپا.

ترەمپ پاڵپشتی هاوپەیمانەکەی دەکرد کە خۆی وەک “دڕکێک” لە چاوی یەکێتی ئەوروپا و بەرگریکار لە “دیموکراسی نالیبڕاڵ” وەسف دەکرد. ڕۆژی هەینی، ترەمپ بەڵێنی دا کە “تەواوی هێزی ئابووری” ویلایەتە یەکگرتووەکان بەکاربهێنێت بۆ یارمەتیدانی هەنگاریا ئەگەر دەنگدەران پشتگیری ئۆربان بکەن لە هەڵبژاردنەکەی ڕۆژی یەکشەممەدا.

ترەمپ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕایگەیاندبوو: “ئێمە پەرۆشین بۆ وەبەرهێنان لەو گەشەسەندنەی داهاتوو کە بەهۆی بەردەوامیی سەرکردایەتی ئۆربانەوە بەدی دێت”. ئۆربان لە ساڵی 2010وە سەرکردایەتی ئەو دەوڵەتەی ناوەڕاستی ئەوروپا دەکات.

 

 

Back to top button