سەرچاوەیەکی باڵا بۆ کورد مۆنیتەر: پارتی نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی هەرێم دیاریدەکات

  • پارتی دەیەوێت نێچیرڤان بارزانی ببێتە سەرۆک وەزیرانی داهاتووی هەرێمی کوردستان
  • دوو بژاردە هەیە و پارتی بڕیار لە یەکێکیان دەدات

دوای ساڵێک و شەش مانگ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، تا ئێستا کابینەی 10ی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکنەهێنراوە، سەرچاوەیەکی باڵا باسی لە جموجوڵەکانی نێو پارتی دیموکراتی کوردستان کرد بۆ تێپەڕاندنی چەقبەستوویی سیاسیی لە هەرێمی کوردستان و گوتی: بۆچوونێک لەنێو پارتی دروستبووە کە پارتی کاندیدی سەرۆک وەزیرانی هەرێم بگۆڕێت و نێچیرڤان بارزانی ببێتە کاندیدی فەرمی ئەو حزبە بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران”.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی: هێشتا کۆدەنگیی لەنێو پارتیدا بۆ ئەو پێشنیازە دروست نەبووە بەڵام ڕەتیش نەکراوەتەوە، بەڵکو باس لە دوو سیناریۆ دەکرێت لە حاڵەتی کاندیدکردنی نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران.

لەبارەی سیناریۆکان ئەو سەرچاوە باڵایە بە کورد مۆنیتەری گوت: یەکەمیان ئەوەیە نێچیرڤان بارزانی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان هەڵوەشێنێتەوە، لەماوەی شەش مانگی داهاتوودا هەڵبژاردن دووبارە بکرێتەوە، دوای هەڵبژاردن پارتی بە فەرمی نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران کاندید بکات.

لەبارەی سیناریۆی دووەمیش گوتی: ڕاستەوخۆ دیاریکردنی نێچیرڤان بارزانی وەك کاندیدی سەرۆک وەزیران و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم، بەڵام لەم کاتەدا مەسرور بارزانی دەبێتە کاندیدی پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و دوای ئەوەی زۆرینەی دەنگی بەدەستهێنا و بووە سەرۆکی هەرێم، نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران رادەسپێرێت.

هەر بە گوێرەی وتەی ئەو سەرچاوە باڵایەی قسەی بۆ کورد مۆنیتەر کرد، یەکێتی ئامادەیی نیشانداوە لە حاڵەتی گۆڕینی کاندیدی سەرۆک وەزیران، مەرج و داواکارییەکانی بۆ پێکهێنانی حکومەت کەمبکاتەوە.

Back to top button