
- داوا لە سیستانی دەکرێت لەسەر پرسی سەرۆک وەزیران هەڵوێستی خۆی ڕابگەیەنێت
- هێشتا شیعەکان لەسەر کاندیدێک کە هەموان لەسەری کۆک بن نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن
گفتوگۆی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە بۆ دیاریکردنی کاندیدێک لەجیاتی نوری مالکی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق چڕبووەتەوە، لەکاتژمێرەکانی داهاتوودا چوارچێوەکە دوا بڕیاری خۆی دەدات، بەڵام بەر لەو بڕیارە داوای هاوکاریی لە عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق کردووە.
بەگوێرەی بەشێک لە میدیای عێراقیی، سەرکردە شیعەکان داوایان لە عەلی سیستانی کردووە لە پرسی کاندیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق دا هەڵوێستی خۆی ڕابگەیەنێت، بەڵام سەرچاوەیەکی نزیک لە سیستانی گوتویەتی: مەرجەعی باڵا ڕەتیکردووەتەوە دەستوەردان لەو پرسەدا بکات.
هاوکات ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشداوە، سیستانی لە ئێستادا دەرگای بە ڕووی سیاسییەکانی عێراق دا داخستووە و نایەوێت هیچ کامیان ببینێت.
ئەمڕۆ دووشەممە چوارچێوەی هەماهەنگی کۆدەبێتەوە بۆ بڕیاردان لە کاندیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق، چونکە بەگوێرەی دەستوور، دوای سوێندخواردنی سەرۆک کۆمار، گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمان 15 ڕۆژی لەبەردەمدایە بۆ پێشکەشکردنی ناوی کاندیدی سەرۆک وەزیران و ڕاسپاردنی لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە.
ڕۆژی 24ی کانونی دووەم چوارچێوەی هەماهەنگی بە زۆرینەی دەنگ نوری مالکی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران کاندید کرد، بەڵام ڤیتۆی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەسەر مالکی، بابەتەکەی گۆڕی و ئێستا شیعەکان بیر لە جێگرەوەی مالکی دەکەنەوە.





