سەرچاوەیەکی باڵا بۆ کورد مۆنیتەر: ئەگەری هەیە نوری مالکی ببێتە جێگری نزار ئامێدی

 

  • هەوڵدەدرێت جێگرانی سەرۆک کۆمار لەم خولەدا زیندوو بکرێتەوە
  • پێشنیازکراوە نوری مالکی ببێتە جێگری یەکەمی سەرۆک کۆمار

سەرچاوەیەکی باڵای سیاسی لە بەغداوە بە کورد مۆنیتەر-ی راگەیاند، لایەنە شیعەکان لەگەڵ لایەنە سوننەکان گفتوگۆیان کردووە بۆ تێپەڕاندنی چەقبەستووی سیاسیی لە عێراق و لەو چوارچێوەیەدا ژمارەیەک پێشنیاز ئامادەکراوە، کە بە گوتەی ئەو سەرچاوەیەی کورد مۆنیتەر “یەکێک لە بژاردەکان ئەوەیە هەردوو جێگرانی سەرۆک کۆمار لەم خولەدا زیاد بکرێنەوە، نوری مالکی ببێتە جێگری یەکەمی سەرۆک کۆمار، جێگری دووەمیش بدرێتە حەلبووسی”.

بەگوتەی ئەو سەرچاوەیە، ئەو پێشنیازە لەچوارچێوەی ڕاگرتنی هاوسەنگی سیاسیدایە، هەردوو سەرکردەکەش بیرۆکەکەیان ڕەتنەکردوەتەوە، بەڵام هێشتا هەڵوێستی کۆتاییان دەرنەبڕیوە.

بەپێی دەستووری عێراق و یاسا کارپێکراوەکان، سەرۆک کۆماری عێراق خاوەنی دوو جێگرە (Vice Presidents) کە ئەرک و دەسەڵاتی جیاوازیان هەیە. لە دوای ساڵی 2003وە، دانانی ئەم جێگرانە زیاتر لەسەر بنەمای “تەوافوقی سیاسی” و دابەشکاریی پێکهاتەکان (شیعە و سوننە) بووە.

بەپێی ماددەی 69/دووەم لە دەستووری عێراق، یاسایەک کارەکانی سەرۆک کۆمار و جێگرەکانی ڕێکدەخات. جێگرەکان لەلایەن پەرلەمانەوە دەنگیان لەسەر دەدرێت دوای ئەوەی سەرۆک کۆمار کاندیدیان دەکات. بەپێی ئەو عورفە سیاسییەی لە عێراقدا هەیە (سەرۆک کۆمار کوردە)، دوو جێگرەکەی بەم شێوەیە دابەش دەکرێن: جێگرێک لە پێکهاتەی شیعە و جێگرێک لە پێکهاتەی سوننە.

ئەرکی سەرەکی جێگرەکان یارمەتیدانی سەرۆک کۆمارە لە ڕاپەڕاندنی کارەکانیدا، هاوکات لە کاتی گەشتکردنی سەرۆک کۆمار بۆ دەرەوەی وڵات، یەکێک لە جێگرەکان دەبێتە “سەرۆک کۆمار بە وەکالەت” و تەواوی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی دەبێت.

سەرۆک کۆمار دەتوانێت بەشێک لە دەسەڵاتە فەرمییەکانی خۆیان پێ بدات، وەک سەرپەرشتیکردنی هەندێک لیژنە یان نوێنەرایەتیکردنی سەرۆکایەتی کۆمار لە کۆڕ و کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکاندا.

ئەگەر پۆستی سەرۆک کۆمار بەهۆی (دەستلەکارکێشانەوە، مردن، یان لادان) چۆڵ بێت، جێگری یەکەم جێگەی دەگرێتەوە تا ئەو کاتەی پەرلەمان لە ماوەی 30 ڕۆژدا سەرۆکێکی نوێ هەڵدەبژێرێت.

Back to top button