
پارتی گەلی کۆماری کە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی تورکیایە، پێشنیازێکی خستە ڕوو بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی شارەوانییەکان پێش وادەی یاسایی خۆی لە ساڵی 2029، ئەمەش دەرفەت دەداتە پارتی داد و گەشەپێدانی فەرمانڕەوا بۆ وەرگرتنەوەی ئەو شارەوانییانەی لە ساڵی 2024دا دۆڕاندی، دیارترینیان شارەوانییەکانی و ئەنقەرەیە.
بەڵام ئەم دەسپێشخەرییە سیاسییە بەرچاوەی گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆن، مەرجی ئەوەی داناوە کە هاوکات هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆکایەتی و پەرلەمانیش ئەنجام بدرێت لە جیاتی وادەی بڕیارلێدراو لە ساڵی 2028، ئەمەش ڕێگە بۆ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری ئێستا خۆش دەکات بۆ خولی سێیەم خۆی کاندید بکاتەوە، چونکە خولی دووەمی ئێستای تەواو نەکردووە.
ئۆزگور ئۆزێل، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری، لە چوارچێوەی سەردانەکانیدا بۆ لای پارتە سیاسییەکانی وڵات بە مەبەستی کۆکردنەوەی پشتگیری بۆ پێشنیازی هەڵبژاردنی پێشوەختە کە بەنیازە لە پەرلەمان بیخاتە ڕوو، ڕەزامەندیی نیشاندا لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان.
ئۆزێل لە کاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ موساوات دەروێش ئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئی نەتەوەیی، ڕایگەیاند کە تورکیا پێویستی بە هەڵبژاردنێکە کە تێیدا دەنگی گەل ببیسترێت، ئۆپۆزسیۆن ئامادەیە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان ئەنجام بدرێت لە بەرامبەر ڕەزامەندی پارتی دەسەڵاتدار بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی.
ئۆزێل تا ئێستا سەرکەوتوو بووە لە بەدەستهێنانی پشتگیری پارتی “ئیی” بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە، هەروەها پشتگیریی هاوشێوەی لەلایەن پارتی ئایندە بە سەرۆکایەتی ئەحمەد داود ئۆغڵو، و چەند پارتێکی تر وەک پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن و پارتی ڕەفاهی نوێ بەدەست هێناوە.
پارتی گەلی کۆماری لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ساڵی 2024دا زۆرینەی شارەوانییە گەورەکانی بردەوە، ئەمەش یەکەم شکستی پارتی داد و گەشەپێدان بوو لە دوای دامەزراندنی لە ساڵی 2002ەوە، کە ڕەنگدانەوەی زیادبوونی جەماوەری پارتی ئۆپۆزسیۆنی سەرەکی بوو.
پارتی گەلی کۆماری دەیەوێت ئەو جەماوەریبوونە لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆکایەتی و پەرلەمانیدا بەکاربهێنێت، بەڵام ڕووبەڕووی ڕەتکردنەوەی پارتی داد و گەشەپێدان و هاوپەیمانەکەی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی – مەهەپە دەبێتەوە، کە دەیانەوێت سەرنج بخەنە سەر دۆخی ئابووری و سەرخستنی پڕۆسەی ئاشتی لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان پێش ئەوەی بچنە ناو هەر تاقیکردنەوەیەکی هەڵبژاردنەوە.
پێشنیازەکەی پارتی گەلی کۆماری بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی شارەوانییەکان کە دەتوانێت لە ڕێگەی دەستلەکارکێشانەوەی بەکۆمەڵی ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانییەکانەوە بیسەپێنێت، دەبێتە دەرفەتێک بۆ پارتی دەسەڵاتدار بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی 2024.
سەرچاوەیەک لە پارتی داد و گەشەپێدان ڕایگەیاند کە پرسی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە ناو پارتەکەدا تاووتوێ کراوە و گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە دەرفەتێک هەیە بۆ پێشکەوتن بەسەر ئۆپۆزسیۆندا، بەتایبەت بەهۆی هەبوونی ناکۆکی ناوخۆیی لەناو پارتی گەلی کۆماری و تێوەگلانی هەندێک لە سەرۆک شارەوانییەکانیان لە دۆسیەی گەندەڵی و ئابڕووچووندا.
بڕیاری ئێستای پارتی دەسەڵاتداری تورکیا بریتییە لە خۆدوورخستنەوە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانیی لەژێر هەر بارودۆخێکدا، تەنها سەرنج دەخەنە سەر لەیەنی ئابووریی و دابەزاندنی ڕێژەی هەڵاوسان کە ئێستا لە دەوروبەری 30%یە بۆ خوار 10%.
سەرچاوەکە ڕوونیکردەوە کە دابەزاندنی هەڵاوسان، کە کاریگەری لەسەر مەزاجی دەنگدەران هەیە، ڕووبەڕووی تەحەدیاتی جەنگەکانی ناوچەکە دەبێتەوە، بەتایبەت بەرزبوونەوەی نرخی وزە، بۆیە پارتی دەسەڵاتدار لە هەڵبژاردن دوور دەکەوێتەوە.
لەسەر ئاستی فەرمی، ئەردۆغان و بەرپرسانی حکومەت لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا جەختیان لە ڕەتکردنەوەی هەڵبژاردنی پێشوەختە کردەوە و ڕایانگەیاند کە سەرنجیان لەسەر پڕۆسەی ئاشتی لەگەڵ کورد و پاراستنی تورکیایە لە لێکەوتەکانی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران.
بەڵام موحەرەم ساریکایا، ڕۆژنامەنووسی تورک، ڕایگەیاند کە ڕەتکردنەوەی هەڵبژاردنی پێشوەختە لەلایەن پارتی دەسەڵاتدارەوە تەنها بۆ ئەمساڵە، پارتەکە خۆی بیر لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەکاتەوە لە ساڵی داهاتوودا بە شێوەیەک ڕێگە بە ئەردۆغان بدات دووبارە خۆی کاندید بکاتەوە.
ساریکایا لە وتارێکدا ئاماژەی بەوە کرد، باشتربوونی ئابووری تورکیا ڕەنگە وادەی هەڵبژاردنەکە بۆ حوزەیرانی 2027 پێش بخات لە جیاتی تشرینی دووەمی هەمان ساڵ، بەڵام بە هیچ شێوەیەک پێش ئەو مێژووە ئەنجام نادرێت.
پارتی دەسەڵاتدار خاوەنی 275 کورسییە لە کۆی 600 کورسی پەرلەمان، جگە لە هاوپەیمانی لەگەڵ پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی کە 46 کورسی هەیە، ئەمەش زۆرینەیەکی پەرلەمانی پێکدەهێنێت کە ڕێگری دەکات لە تێپەڕبوونی پێشنیازی هەڵبژاردنی پێشوەختە بەبێ ڕەزامەندی ئەوان.





