
واشنتۆن دژی ئەوەیە محەمەد شیاع سودانی، ویلایەتی دووەمی سەرۆکایەتی وەزیران وەربگرێتەوە. باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق دەڵێت، حکومەتەکەی سودانی شکستی هێناوە لە ڕێگریکردن لە هێرشی میلیشیاکان کە لە ڕێگەی خاکی عێراقەوە ئەنجام دەدرێن. هەندێک لەو چەکدارانەی هێرشەکان دەکەن، ناسنامەی فەرمیی دەوڵەتیان هەیە و لەسەر میلاکی حکومەت مووچەیان هەیە.
ئەم زمانە ڕەق و ڕاستەوخۆیە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ڕەنگە دواجار واشنتۆن ئەو وانەیە فێربووبێت کە ساڵانێکی زۆر خۆی لێ لادەدا. دوای زیانە گیانی و ماددییە بەردەوامەکان، و دوای زیانگەیشتن بە ناوبانگی دامەزراوە سەربازی و دیپلۆماسییەکانی، ڕەنگە ئێستا ویلایەتە یەکگرتووەکان درک بەوە بکات کە قەیرانی عێراق تەنها کێشەی گروپە چەکدارەکان نییە، بەڵکو کێشەی ئەو سیستەمە سیاسییەشە کە ئەو گروپانەی پاراستووە و هێشتوویەتییەوە.
پێدەچێت ئەمڕۆ ئەم هاوکێشەیە بگۆڕێت. ئەوەی لە داهاتوودا لە عێراق ڕوودەدات ڕەنگە تەنها هێرشی ناوخۆیی و تۆڵەسەندنەوە نەبێت لە فەرماندەیەکی دیاریکراو، بەڵکو درککردن بێت بەوەی کە پێویستە تەواوی ئەو سیستەمەی ئەوان پەروەردە دەکات بگۆڕێت—بەتایبەت ئەگەر مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوە، بگاتە ئەو ئەنجامەی کە بەردەوامبوونی ئەم دۆخە مەترسیدارترە بۆ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا وەک لە تێچووی تێکدانی سیستەمەکە.
گۆڕانکارییەکی ڕاستەقینە پێویستی بە سەرلەنوێ بیرکردنەوە هەیە لە پەیوەندییەکانی واشنتۆن لەگەڵ ئەو حزبانەی دەوڵەتیان قۆرغ کردووە، ئەوان پارێزەری گروپە چەکدارەکان بوون و عێراقیان قووڵتر بە ئێرانەوە بەستووەتەوە. بۆیە ڕێچکە نوێیەکە بە سەپاندنی بەدیلێکی ئامادەکراو لە دەرەوە دەست پێناکات، بەڵکو بە لابردنی چەتری پاراستن لەسەر ئەو هێزانەی دەوڵەتیان قۆرغ کردووە دەست پێدەکات.
ئەمە دەکرێت لە شێوەی پشتگیریکردنی کارەکتەرە نوێیەکان و فەرماندە ئەمنییە نیشتمانییەکاندا بێت کە توانای کاراکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەتیان هەیە، بەمەش مەودایەکی فراوانتر بۆ لێپرسینەوە دژی تۆڕەکانی گەندەڵی، قاچاخچێتی و کە پایەی حزبەکانی لەسەر وەستاوە دەکرێتەوە.
ڕەنگە وەزارەتی دەرەوە و پنتاگۆن، بۆ ماوەیەکی سنووردار، لەگەڵ هێز و کەسایەتیگەلێک کار بکەن کە پەیوەندییان بە میلیشیاکان یان سیستەمی پشکپشکێنەی سیاسییەوە نییە. هەرچەندە سیاسییەکانی ئێستا—وەک مالیکی، بارزانی و حەلبوسی—ڕەنگە ناڕەزایەتی دەربڕن، بەڵام پێویستە بەرپرسانی ئەمریکا بزانن کە ئەم جۆرە گۆڕانکارییانە پشتگیرییەکی جەماوەریی فراوان لە هەموو پێکهاتەکانەوە بەدەست دەهێنێت.
گەورەترین مەترسی، بێگومان، ئەوەیە کە هەندێک لایەن بە پاڵپشتی ئێران پەنا بۆ هێز ببەن و هەوڵ بدەن عێراق بەرەو جەنگی ناوخۆیی پاڵ پێوەبنێن.
عێراق هەرگیز سەرکەوتوو نابێت و هەمیشە لەژێر ڕکێفی ئێراندا دەمێنێتەوە مادام بێدەنگیی ئەمریکا ڕێگەی بە میلیشیا و مافیاکان داوە ئەو کەشەیان بۆ بڕەخسێت کە توندوتیژی تێیدا کاریگەر بێت. تەنانەت ئەگەر ڕووبەڕووبوونەوەیەکی لەو شێوەیەش ڕووبدات، پێناچێت زۆر بخایەنێت، چونکە مەرجەعیەت و سەرکردە باڵاکانی شیعە لە نەجەف گەندەڵی ڕەتدەکەنەوە و پشتگیری لە بژاردە نوێیەکان دەکەن کە بە دڵی خەڵکی عێراقە.





