
دیاردەی سەرانە وەرگرتنی لایەنگرانی حکومەتی ئێران لە بازرگانان و هاووڵاتییان لە سەرتاسەری وڵاتدا ڕووی لە زیادبوون کردووە، تاوەکو پێداویستی و خۆراکیان بۆ دابین بکەن. ئەمەش ڕێک دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست دێت، پیاوانی ڕژێمی ئێران لە هەڕەشەی داخستنی دوکانەکان و دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵ لە خەڵکی دەکەن، ئەگەر پارە و خواردنیان نەدەنێ.
“سیاوەش” کە خاوەنی کێڵگەیەکی بچووکی مەڕوماڵاتە لە تاران دەڵێت، لایەنگرانی حکومەت لە دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستەوە بە ژمارەیەکی زۆر لە شارەکەدا بڵاو بوونەتەوە. ئەو تەئکید دەکاتەوە کە پێشتر بەهۆی بۆردومانەکانەوە تەنها لە کاتی دیاریکراو و بە ژمارەیەکی کەم دەردەکەوتن، بەڵام ئێستا بە شێوەیەکی فراوان بڵاو دەبنەوە، لە ئێوارەوە تا سپێدەی بەیانی”.
سیاوەش دەشڵێت: “پێیان وتم کە دەبێت 100 کیلۆگرام شیریان بۆ دابین بکەم، داوا لە قەسابەکانیش دەکەن گۆشتیان پێ بدەن، هەروەها داوا لە چێشتخانە و کافێکان دەکەن خواردن و قاوە و چایان بۆ دابین بکەن. ئەگەر هەر کەسێک ناڕەزایەتی دەربڕێت، هەڕەشەی داخستنی دوکانەکەی و دەستبەسەرداگرتنی سامانەکەی لێ دەکەن، بیانووشیان ئەوەیە کە ئەگەر ئێمەی شەقام هاوکار نەبین، ئەوا دەبینە دژە شۆڕش و لایەنگری شەڕ”.
سیاوەش ئاماژەی بەوەش کرد کە تەنها ئەو نییە کە دەستی کردووە بە پێدانی بەرتیل بە لایەنگرانی حکومەت، بەڵکو ئەوان وەک “مشەخۆر” خەڵک دەچەوسێننەوە، گوتیشی: “ئێمە گروپێکین هاوکاری هەژارانی شارەکە دەکەین، ئەوانەی لە سەرەتای شەڕەوە کارەکانیان لەدەست داوە یان ماڵەکانیان وێران بووە. ئێمە کاری چاکە دەکەین، بەڵام ئەوان بە زۆر سەرانە لە خاوەن دوکانەکان وەردەگرن و بچووکترین ناڕەزایەتی بە هەڕەشە وەڵام دەدرێتەوە”.
بێکاری هەڕەشە لە هەمووان دەکات
“فەرشاد” لە کۆمپانیای پترۆکیمیای “کارون” کار دەکات و جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەیان هەزار کرێکار کارەکانیان لەدەست داوە دوای ئەوەی دوو کۆمەڵگا کە کارەبا و پێداویستییەکانی تری پیشەسازی پترۆکیمیایان دابین دەکرد کرانە ئامانج. لە هەمان کاتدا سەدان کرێکاری تر چاوەڕێی دەرکردن دەکەن و خێزانەکان بە تەنها ڕووبەڕووی چارەنووسی خۆیان بوونەتەوە. واش دەرناکەوێت گەڕانەوەی ژیانی ئاسایی و ئاوەدانکردنەوە بەم نزیکانە دەست پێ بکات.
بە گوتەی فەرشاد، تەنانەت ئەوانەشی بە فەرمی و بە گرێبەستی کاتیی کار دەکەن، نیگەرانی مووچەکانیانن: “پێش چەند ڕۆژێک بەرپرسان هاتن بۆ پشکنینی ژێرخانە وێرانبووەکان. خەڵکیی کۆبوونەوە و پرسیاری گەڕانەوە بۆ سەر کار و مووچەیان کرد. بەرپرسەکە گوتی لە ئێستادا هیچ هەواڵێک نییە بۆ گەڕانەوە، بەڵام دواتر لە تەلەفزیۆن دەردەکەون و چاوپێکەوتن دەکەن و دەڵێن هەموو شتێک لە ماوەی شەش مانگدا دەگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی”.
بانکەکان ڕاومان دەنێن
“عەلی” کە خاوەنی دوکانێکی بچووکە لە ناوچەی لالحەزار، دەڵێت پلانی هەیە دوکانەکەی بفرۆشێت و دوکانێکی سەوزە و میوە بکاتەوە: “هیوای زۆرم بەفرۆشی جەژنی ڕەمەزان هەبوو. هەزاران چەکی بێ پارەم لایە. لە جەژندا خەڵک چەکی نوێیان دەکڕی، بەڵام ئەمساڵ هیچیان نەکڕی. تەنانەت ئێستا کە نرخەکانم زیاتر لە 60% دابەزاندووە، کەس هیچ ناکڕێت. سوپەرمارکێت هەمیشە قازانج دەکات، چونکە ناتوانیت لە کڕینی خواردن بوەستیت”.
ئەو دەشڵێت خراپتر لەوە، ئەوەیە کە بانکەکان گوێ بەوە نادەن هیچ پلانێکی لێخۆشبوون یان مۆڵەت بدەن بە خاوەن کارەکان لەم بارودۆخەدا، بەڵکو لە ڕێگەی نامەی مۆبایلەوە ڕاویان دەنێن و بەردەوام هەڕەشەیان لێ دەکەن.
عەلی ڕوونی دەکاتەوە: “قەرزێکی زۆر و کرێی دواکەوتووم لەسەرە. بانکەکە بێ گوێدانە بارودۆخەکە، ڕۆژانە نامەی هەڕەشەئامێزم بۆ دەنێرێت کە ڕێکاری یاساییم لە دژ دەگرێتە بەر”.
ئێرانییەکان ئەمڕۆ زیاتر لە هەر کاتێکی تر نیگەرانی دابینکردنی بژێوی ژیانن. زۆرێکیان پەنایان بردووەتە بەر ئەو پاشەکەوتەی کە بە درێژایی ساڵان بە ڕەنجێکی زۆر کۆیان کردبووەوە تاوەکو خەرجییەکانی ژیانی پێ دابین بکەن.
مامۆستا حوسێن دەڵێت: “تەنانەت ئەگەر بازاڕیش نەبێت، سامانی قاروونیش بێت کۆتایی دێت. تا چەند دەتوانیت لە گیرفانی خۆت خەرج بکەیت؟ دوعامان بۆ بکەن، ئێمە گەلی ئێرانین”.





